کێشەی کچانی دەرچوی میکانیک، لە پێنەدانی کاردا

3_31

کچانی دەرچوی کۆلێژی ئەندازیاریی میکانیکی نیگەرانن لەوەی لەدوای تەواو کردنی خوێندن لە کەرتی گشتی و تایبەتدا کارو پیشەی ئەندازیاریان پێنادرێت و لە بوارێکی تردا کاریان پیدەکەن.

لە٢٠٠٣ کاتێک بۆ یەکەمجار بەشی میکانیک لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دامەزرا، لەسلێمانی و دەروبەری ئەندازیاری میکانیک نەبوو، ناوچەکە پێویستییەکی زۆری بەو بەشە هەبوو.

د.سەرکەوت ڕۆستەم پڕۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی میکانیک لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت” لە٢٠٠٣ چەند کارگەیەک لە سلێمانی هەبوون، یەکەم خولی میکانیک لە ٢٠٠٧ دەرچو بە کوڕو کچ هەموویان دامەزران، بەڵام دواتر ڕێژەی دەرچوان زۆربوون و ئەو شوێنانەی میکانیک دەتوانێت تێیاندا کاربکات چەند شوێنێکی کەمن.”

هەروەها وتی” ئێمە ٢٠١٤ لە سەرۆکایەتی زانکۆ کۆبونەوەیەکمان کرد لەژێر ناونیشانی (زانکۆ و بازاڕی کار) بۆ ئەوەی زوو ئەم بابەتە بگەیەنین بە حکومەت و کەرتی تایبەت و بەڕێوبەری کارگەکان لە سلێمانی بە حکومی و ناحکومی، تاکو لینکێک دروست بکەین لەگەڵ ئەواندا، دواتر تێگەیشتین توانای وەرگرتنیان سنوردارە.”

د. سەرکەوت لەبارەی بەڕێژەی خوێندکاری کچ و کوڕ لە کۆلێژ، وتی” هەندێک ساڵ ئەگەر ڕێژەی خوێنکاری کچان و کوڕان دابەشبکەین  ٪٥٥ بەر کچان دەکەوێت، بەڵام ئەم دوو ساڵەی کۆتایی ژمارەی ڕەگەزی مێ کەمیکردووە.”

لە بارەی چارەسەری کێشەکەوە وتی “بیرۆکەیەکمان بە چەند سیمینارێک باس کرد بە ناوی کارگەی بچوک و مامناوەند کە دەیتوانی ٥ بۆ ٢٥ کەس لەخۆبگرێت. کەرتی تایبەت برەوی بەخۆی دا بەڵام کەرتی گشتی هیچ شتێکی نەکرد. کێشە لەکەمی شوێنی کاردا هەیە نەک بە ڕەگەزەوە.”

هەروەها وتی “تەنانەت هەموو ساڵێک لە سێ یەکەمەکە دوانیان کچ بوون، هەروەها تا ئێستا سێ کەس بڕوانامەی ماستەری بەدەست هێناوە لەم بەشە هەر سێکیان کچ بوون.”

خوێندکارێکی کچ لەم بەشە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوی درووست کردبوو تەنانەت لیژنەیەک بۆ گفتوگۆی ئەم پڕۆژەیە لە هەولێرە و هاتبوون و زۆر سەرسام بون کاتێک بینیان کچێک بتوانێت ئەو مەکینەیە بەکار بهێنێت و ئەو ئەنجامە باشە بەدەست بهێنێت.

لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە گشتی ڕێژەی ڕەگەزی مێ هەم لە ناو خوێندکاران و هەم فەرمانبەرانیشدا لە ڕەگەزی نێر زیاترن.

پ.ی. د.عەتا شێخ کەریم، ڕاگری کۆلێژی ئەندازیاری دەڵێت ” ئەم دۆخە تایبەت نییە بە بەشی میکانیک، هۆکارەکەی ئەوەیە ژمارەی زانکۆکان لە کوردستاندا  زۆربوون و ڕێژەی گەنجمان لە کوردستناندا زۆرە بەڕێژەی لە ٣٨%، ئەمەش ساڵانە ڕێژەی دەرچووانی زیاتر کردووە.

هەروەها وتی” لە بەشەکانی تری ئەندازیاریشدا کەسانێک هەن لە پسۆپرییەکەی خۆیاندا کاریان دەست ناکەوێت، وتەیەک هەیە لە کوردەواریدا دەڵێت “لە  بەردی ڕەق پارە پەیدا دەکات” واتا ئەو کەسە بچێتە هەر شوێنێکەوە دەتوانێت بیرۆکە ئەندازیارییەکەی خۆی تێیدا جێبەجی بکات.

لە بارەی ئارەزووی فێرخوازەکانەوە بۆ بوارەکەیان وتی “خوێندکاری کچمان هەیە کە خۆی حەزی لە ئەندازیایی نییە لەوانەکاندا گوێم لێبووە وتویەتی: ئەو کاتەی لە پۆلی ١٢ بووم چەندین جار سەدەریەی سپیم لەبەر دەکرد، چونکە حەزم لە پزیشکی بوو.

د. عەتا باسی لە پەیوەندییەکانی کۆلێژ بە شوێنکارەکانەوە کرد ” کۆمەڵێ ڕێکەوتنمان هەیە لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن بۆ بەشی ئەندازیاری، ئەمە دەرفەتێکی کارە بۆ خوێندکارانی میکانیک، لەگەڵ کۆمپانیای پایۆنێر کە تایبەتە بە دروستکردنی دەرمان بەڵێننامەمان واژۆ کردووە، ئەوان دەڵێن گەر خوێندکارەکە بەتوانا بێت وەریدەگرین، گرنگ نییە کوڕ بێت یان کچ.

بۆ ئەم کێشەیە دەبێت یەکەمجار باسی کۆمەڵگە بکەین، بزانین تێڕوانیان بۆ پسپۆڕییەکان چۆنە، بۆ نمونە کۆمەڵگەی ئێمە گرنگی دەدات بە هەندێک پسپۆڕی وە هەندێکی تریان فەرامۆش دەکات، ئەم ڕۆشنبیرییە دەبێت وەزارەت و حکومەت دروستی بکات.

نور موحسین دەرچوی کۆلێژی ئەندازیاری میکانیک دەڵێت” کاتێک ٢٠١٧ کۆلێژم تەواو کرد لە کۆمپانیایەکی ئەندازیاری کارم کرد، بەڵام ئەو بەشەی کارم تێدادەکرد تایبەت نەبوو بە ئەندازیاری و لەگەڵ بڕوانامەکەمدا نەدەبوو لەبەر ئەوەی پێیان وابوو کاری میکانیکی  بۆ کچان نابێت. وازم لە کار هێنا لە کۆمپانیاکە.”

نور دەڵێت” لە ئێستادا لەماڵەوە خەریکی کاری وێنە کێشانم و توانیم ببم بە خاوەنی کاری سەربەخۆی خۆم و بەشێکی داهاتی کارەکەم بۆ سەوزکردنی کوردستان تەرخان کردووە.”

سەردەمانێک وڵاتانی پێشکەوتو ئەو بۆچونە هەڵەیەیان هەبوو کە ڕەگەزی نێر باشتر دەتوانێت لە بواری میکانیکدا کاربکات، بەڵام ئەوان ئەو قۆناغەیان تێپەڕاند، لەبەر ئەوەی ئەو ئەندازیارە ژنانەی بەشی میکانیکیان تەواو کردووە سووربون لەسەر کارکردن لە بوارەکەی خۆیاندا، ئەگەر هاتوو دوو بۆ سێجاریش داواکارییەکانیان قبوڵ نەکرایە دووبارە داوایان پێشکەش دەکردەوە.

فەتحی محەمەد عەلی، ڕاوێژکار لە وەزارەتی بازرگانی پیشەسازی دەڵێت” ئێمە لە وەزارەتی بازرگانی چەند نمونەیەکمان لایە، چەند کارگەیەک خاوەنەکانیان ئەندازیاری ژنن وسەرکەوتنیان بەدەستهێناوە، ئەمەش دەکەوێتەوە سەر ئەوەی توانیویانە سەرمایەیەک بەکار بهێنن بۆ کارێکی سەربەخۆ.

هەروەها وتی “لەوڵاتانی پێشکەوتوو بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە چارەسەربکەن ڕێگەیەکیان گرتۆتە بەر، چەند ئەندازیارێک گروپێک پێکدەهێنن وەکو نوسینگەیەکی ئەندازیاری یان وەکو کۆمپانیایەکی لێدێت، چونکە کارکردن بەگروپ دەتوانێت زیاتر زاڵێت بەسەر ئەو ڕێگری و بیروبۆچونانەی لە کۆمەڵگەدا هەیە.”

بەڕای فەتحی محەمەد ئەگەر هات و لە کوردستانیش بەو شێوازە کاربکرێت، دەرچوان بە تاکە کەسی کارنەکەن و بەتەنیا ناچنە ژیانی پڕاکتیکی، چونکە جۆرێک لە نا تێگەیشتن هەیە لەسەر میکانیک لە ناو کۆمەڵگە کە تەنیا بۆ کوڕی بە گونجاو دەزانن، بەڵام بە پێچەوانەوە لە وڵاتە پێشکەوتوەکان ژنان سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە.

ڕاوێژکاری وەزارەتی بازرگانی پیشەسازی دەڵێت “چەند پێشنیارێکمان پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران کردوە، یەکێک لەوانە پڕۆژەی بەکار خستنی تیمی دەرچوانی کۆلێژەکان وەک ئەندازیاری و زانست لە چەندین کۆمپانیای مامناوەند و کۆمپانیای گەورە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئەوان هەڵبستن بە دراسەکردنی ئەو پڕۆژەیە. هەروەها بەگەڕ خستنی ئەزمونە نوێیەکان کە خاوەنی چەند زانستی نوێن لە بوارەکانی خۆیاندا.”

لەسەرەتای کارکردنمدا  تووشی سەختی زۆر هاتم و ڕەخەیان لێدەگرتم، بەڵام بە هاوکاری و پشتگیری خێزانەکەم بەسەر هەموو ئەو سەختییانەدا زاڵ بووم.

چاوان هیوا، ژنێکی تەمەن ٢٦ ساڵە لە سلێمانی، کلتورە باوەکان دەشکێنێت و وەک میکانیکی ئوتومبێل کاردەکات، بەیانی هەموو ڕۆژێک دەچێتە وەرشەی چاککردنی ئتومبێلەکان،لە ڕۆژێکدا ٧ کاتژمێر زیاتر کاردەکات لەگەل ١٥ پیاودا بەێ بوونی هیچ دوودڵییە.

چاوان دەڵێت” لەسەرەتای کارکردنمدا  تووشی سەختی زۆر هاتم و ڕەخەیان لێدەگرتم، بەڵام بە هاوکاری و پشتگیری خێزانەکەم بەسەر هەموو ئەو سەختییانەدا زاڵ بووم.

چاوان بووە هۆی شکاندنی هەموو ئەو باوانەی کە ئەم جۆرە کارانەیان تەنها بۆ پیاوان بە شیاو دەزانی. هۆکارێکش بوو بۆ دەرخسستنی وێنەیەکی جوان و باڵا بۆ ژنان، هەروەها ڕەخساندنی پانتاییەکی زیاتر بۆ کارکردن و داهێنان شان بەشانی پیاوان بۆ کارکردن.

چاوان دەڵێت” بانگی هەموو ژنان دەکەم بۆ هەموو جۆرە پیشەیەک، بەبێ گوێدانە دابونەریەتەکانی کۆمەڵگا، چونکە پێویستە پشت بە خۆت ببەستیت بۆ ئەوەی ژیان نرخێکی گەورەتری هەبێت، لەکاتێکدا کە هەرێمی کوردستان بە بارودۆخێکی ئابوری قورسدا تێدەپەڕێت.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment