گوڵاڵە پشدەری باخەوانی چاندنی مەمک بۆ ژنە بێ مەمکەکان

201658342_322562909339259_5992144359984203705_n

گوڵ چەندین ساڵە ئەرکی پەیداکردن، کۆکردنەوە و ناردنەوەی مەمکی دەستکردە بۆ ژنانی توشبووی شێرپەنجە لە کوردستان. لەساڵی ٢٠١٠وە زیاتر لە پێنج هەزار مەمکی دەستکردی ناردووەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و دڵی ژنانی تووشبوی شێرپەنجەی پێ خۆشکردووە.

گوڵ ئیبراهیم عبدالرحمن ناسراو بە (گوڵاڵە پشدەری لە بەهاری ١٩٦٧ لە سەنگەسەر لە دایک بووە،  ئێستا وەک پەرستیار و ڕاوێژکاری شێرپەنجەی مەمکە لە نەخۆشخانەیەکی ئەمستردام کاردەکات.

لە٢٠١١ وەک باشترین چالاکوانی تەندروستی لەسەر شیرپەنجەی مەمک لەلایەن دانیشتوانی ئەمستردام و ڕۆژنامەی پارۆڵ کاندید کراوە بۆ کۆچبەران و لە ٢٠١٩دا دیسان لەلایەن کۆمەڵەی شێرپەنجەی مەمکی هۆڵەندا ڕێزلێنانی کردنەوەی بۆرسەی ئەمستردام بۆ دووهەمجار پێ بەخشرا.

گوڵ بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک)ی وت” مەمکی دەستکرد چەندین جۆری هەیە و بۆ چەندین قۆناغ بەکار دەهێنرێت، واتە دوای نەشتەرگەری و بڕینەوەی گرێ یان تەواوی مەمک بۆناو مەمکدان، هەرەوها  (ئیمپلانتات) هەیە کەئەوانیش لە سلیکۆن دروستکراوە بەڕێگەی نەشتەرگەری دەخرێتە ژێر پێست و ماسولکەکەوە، بەڵام  ئەوەی من دەینێرمەوە لەڕێگەی ڕێکخراوەکەم تەنها جۆری ناو مەمکدان بووە چونکە لەکوردستان تائێستا نەشتەرگەری دانانی سلیکۆن بۆ توشبوانی شێرپەنجە نەکراوە.”

بیرۆکەی دامەزراندنی یەکەم ڕێکخراوی تایبەت بە شێرپەنجە بۆ پشتیوانی لە تووشبووانی کوردستان لە بەهاری ٢٠١١ بەبڕیاری وزارەتی ناوخۆ بەفەرمی مۆڵەتی وەرگرت بە ناوی (سەنتەری پەنا).

لە”سەرەتاوە لەسەر ئەرکی خۆم مەمکە دەستکردەکانم دەناردەوە، تەنیا جارێک نەبێت لەلایەن فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانەوە و خێرخوازێک ئەرکی ناردنەوەیانی گرتەئەستۆ، دواتر کتێبێکم نوسییەوە بەناوی( ٢١ تیشک)کە باسی ژیانی کولتوری و سیاسی خۆم دەکەم کە چیان بەسەر هێناوم و چۆن توانیومە بەرپەرچیان بدەمەوە، داهاتەکەیم تا دوای دووساڵ لەدەرچونی کتێبەکەش بۆ ناردنەوەی مەمکەکان بەکار هێنا.

بۆ ناردنەوەی مەمکەکان  گوڵ گرفت و بەربەستی زۆری هاتووەتە پێش، چونکە کار و تێچو و کاتێکی زۆری دەوێت، لە هۆڵەندا هەمو ئەو کارانە لەسە ئەرکی خۆی ئەنجامی دەدات.

گوڵ بەتەندروستییەکی ناجێگر و دنیایەک خەمەوە وتی” ناردنەوەی مەمکە دەستکردەکان ڕێساو یاسای تایبەت بە خۆی هەیە لە هۆڵەنداو هەم لە کوردستانیش، لە ناو حکومەتی هەرێمیشدا دەبێت بە داواکاری فەرمی بێت و بەچەند دامو دەزگایەک وەک وەزارەتی تەندروستی، بەشی کوالیتی کۆنتڕۆڵ، وەزارەتی دارایی، وەزارەتی بازرگانی و ئاسایشدا تێپەڕێت، چونکە ئەوەش وەک دەرمان ئەژمار دەکرێت.”

بەپێی وتەکانی گوڵ هەمیشە لە نێو حکومەتی هەرێمدا کارەکان لەشوێنيکدا گیردەخوات، زۆر جار توشی دڵەڕاوکێ و زیان دەبن، ئێستا وا دووساڵە بارەگای ڕێکخراوەکەیان لێسەندراوەتەوەکە لەنێو سەنتەری میدیای پزیشکی هەولێر جێگیرببون و لەوێ نەخۆشەکانیان دەبینی، لەبەر ئەو بارو دۆخە تاڕادەیەک لە ناردنەوە وەستاون، ئەوەشی بۆیان نەگوازرێتەوە بۆ کوردستان دەیان نێرن بۆژنانی توشبوی شێرپەنجە لە ئەفریقا.

گوڵ دەڵێت” ئەوەی منی دڵخۆش کردووە و زیاتر هانی داوم، فرمێسکی خۆشی ژنان بووە کە مەمکەکەیان بەخۆیانەوە بەستووە و جارێکیتر هەستی ژنانەیان بۆ گەڕاوەتەوە و منیان لە باوەش کردووە، بە گریان و خەم هاتون بۆ بردنی مەمکەکە دوای تاقی کردنەوەیان گریانەکەیان گۆڕاوە بۆ خۆشی. بۆیە منیش تا خودا تەمەنم پێبدات ئەم کارە دەکەم، چونکە من وەک ژنێک و توشبوییەکی شێرپەنجەی مەمک بیر لە هەمو ژنێکی دونیا دەکەمەوە بەتایبەت ژنانی وڵاتی هەژار.”

گوڵ لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستی بە نوسین لە بواری تەندروستی کرووە و لەوکاتەدا یەکێک بووە لەژنە نوسەرەکان، لە ئێستاداخاوەنی پەرتوکێک و نۆ نامیلکەیە لە بواری تەندروستیدا، گوڵ ژنێکە تەواوی ژیان و کارەکانی هەم خۆبەخشین هەم بۆنی خۆبەشی و هاوکاری لێدێت ئەویش بە سیمینارو دەرکردنی پەرتوک و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری تەندروستی وسازدانی گردبونەوە و کاری ڕێکخراوەیی خۆبەشی.

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment