نائومێدی چییە؟

origin

گەشتوویت بەو بارەی گرنگی بەهیچ شتێک نەدەیت و چاوەڕوانی هیچ شتێک نەبیت؟ کەواتە گەشتویت بە باری نائومێدبوون.
ئامادەکردنی: د.لاڤە دارا علی/ پسپۆری دەروونی

نائومێدی هەستێکە بونەوەرەکان هەستی پێ دەکەن پاش بەرکەوتنیان لەگەڵ ڕووداوە ناخۆشە یەک لەدوایەکەکان کەلەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی خۆیانە. لەسەرەتادا وابیردەکرایەوە هۆکارەکەی قبوڵکردنی بێدەسەڵاتی بێت بەڵام لە توێژینەوەکانی ساڵانی دوایدا دۆزرایەوە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فێربوونی بونەوەرەکان لەچەمکی نەبوونی یارمەتی learned helplessness کاتێک بە بارودۆخێکی ناهەموار گرفتاردەبن.

لەمرۆڤدا نائومێدی پەیوەندی بە چەمکی (کاریگەری خود و متمانە بەخۆبوون بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان)وە هەیە. لەڕوانگەی تیۆری نائومێدی یەوە هۆکاری خەمۆکی بریتی یە لەهەست کردن بەلەدەستدانی کۆنتڕۆڵ ونەبوونی یارمەتی کاتێک بەبارودۆخێکی ناخۆش تێپەڕدەبین.

نائومێدی لەزۆربەی کێشەکانی ژیانی ڕۆژانەماندا بەرجەستەدەبێت؛
٭لەژیانی هاوژینی کاتێک یەکێک لەهاوژینەکان خراپ مامەڵەی جەستەیی و دەروونی کەسی بەرامبەردەکەن بەتێپەڕبوونی کات قوربانییەکە بێ دەسەڵاتی قبوڵدەکات و هیچ کاردانەوە و جوڵەیەک نانوێنێت و بارودۆخەکە قبووڵ دەکات، چونکە ئەو بیرکردنەوەی لادروست دەبێت کەهیچ یارمەتییەک نییە کەسی بەرامبەرچاک نابێت، خودی قوربانییەکە بێ توانایە،هەربۆیە چەندەها ساڵ بەردەوام دەبێت و جیانابێتەوە.
٭کەسانی بەساڵاچوو لەوانەیە جۆرێک لەنائومێدی یان فەرامۆشکردن بنوێنن کاتێک هەواڵی مردنی کەسێک، تووشبون بەنەخۆشی یەک ببیستن تەنانەت لەوانەیە لەوەرگرتنی چارەسەرو گوێدانە تەندروستی خۆشیان ڕەنگ بداتەوە.
٭دان پیانان لەدەزگاکانی هەواڵگری، پۆلیس…..هتد ،هەمان تیۆری دەیگرێتەوە کەبەندکراوەکان بۆماوەیەکی دورودرێژ لەژێر ئەشکەنجە دەبن و دەگەنە حاڵەتی نائومێدی ئیتر هیچ شتێکیان بەلاوەگرنگ نابێت و هیچ کاردانەوەیەکیان نامێنێت.
٭ئەو وڵاتانەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری دەیانبات بەڕێوە کە سەرکوت کردن و ئەشکەنجەدانی فەراهەمکردوە دەبینین هاوڵاتیانی سەڕەڕای زوڵم و زۆرداری هیچ ناڕەزایی یەک دەرنابڕن و بارودۆخەکەیان قبوڵکردووە.
هەموو مرۆڤێک تووشی نائومێدی دەبێت؟
بێگومان نەخێر ، ئەمەش بەستراوەتەوە بەشێوازی بیرکردنەوەی کەسەکان. ئەوکەسانەی ڕەشبینن بارودۆخە ناخۆشەکان بەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی مرۆڤ، نەگۆڕو بەردەوام لێکدەدەنەوە هەربۆیە ئەگەری تووشبونیان بەنائومێدی و خەمۆکی زۆرە. هەربۆیە واباشترە بەشێوەیەکی واقیعیانەتر بیربکەینەوە و هیوالەدەست نەدەین.

Leave a comment