نامەی کچە ڕۆژنامەنووسێکی ئەفغانی بۆ ئەو پیاوەی لەبازاڕی کابوڵدا دەستی بۆ بردووه‌.

website-noorjahan-akbar-2017portait-photo-credit

بۆ زۆر بەڕێز …

من ناوی تۆ نازانم، بەڵام ئێمە لەدوای جەژنی ڕەمەزان لە بازاڕی کابوڵدا بەیەک گەیشتنمان ھەبوو. لەوانەیە بێته‌وه‌ بیرت من کێم! لە دوکانی سەوزە فرۆشێکدا ئه‌و کاتەی هەڵسەنگاندنی نرخی نەعنای تازە و تەڕم دەکرد، تۆ بەلامدا تێپەڕیتو هەر ئاوا بەهەوەس دەستێکت بە دواوەی مندا هێنا!

من سوربوومەوە, خاوەن دوکانه‌كه‌ كه‌ پیاوێكی پیربوو، ئاگای لەو ڕەوشتەت بوو، بەڵام هیچی نەوت. دیارە ئەو دوکاندارە ڕۆژانە ئەو جۆرە کردەوانە زۆر دەبینێت، تا ئێستا زیاتریش لە جارێک من ئەوەم بەسەرهاتووە، بەڵام ئەم جارە لە هەموو جارەکانیتر زیاترم پێناخۆشبوو. من ڕامکرد بەدواتداو پڕمکرد بەقۆڵتداو ڕامگرتیت، زۆر دەترسام و ئارەقم دەردەدا، من دەستم کرد بەهاوارکردن و دەمقیژاند بۆچی ئەوەت کرد؟ چۆن ئه‌وه‌ت به‌خۆ ڕەوا بینی و توانیت ئەوە بکەیت؟ ئەوكات تۆش دەستت کرد بە قیژاندن بەسەرمنداو زۆر بەدەنگێکی بەرزتر پێت دەگوتم: تۆ ژنێکی شێتی! من هیچم لە تۆ نەکردووە تۆ بایی ئەوەنیت من شتێک لەتۆ بکەم. ‌

من شەرمم دەکرد لە بەر چاوی ئەو هەموو خەڵکەی لەو کاتەدا کۆببوونەوە و سەیریان دەکردین، پێت بڵێم:

كە تۆ چیت کردووە! ئەو ژنانەی لەوکاتەدا لەوێ بوون ئامۆژگاری ئارامی و بێدەنگبوونیان دەکردم و ده‌یانگووت: کە گوایە بەو هاوارکرنەم هەر ئابڕوی خۆم دەچێت. بەخۆمم دەگوت: ئەگەر هاوارکردن لەسەر نایەکسانی و ماف پێشێلكردنم واتای ئابڕوچوونبێت، ڕێزی ژنێک بەسترابێتەوە بە خۆكپکردن و زۆرلێکردنەوە ئەوا ئەو ڕێزەش کە دەیبێت زۆرلێکراوە و هه‌ر كپیش دەکرێت. ‌من دەستمکردەوە بە قیژە قیژ، هێندەی پێنەچوو پۆلیس هاتو ئێمه‌یان برد بۆ بنکەی ئێشکگر. من لەترساندا گۆج ببوم، چونکە لەم وڵاتەی ئێمەدا مامەڵەی پۆلیس لەگەڵ ژناندا ناوبانگێکی هێندە باشی نییە. لەخۆمم دەپرسی چی ڕودەدا گەر لەپڕێکدا تاوانبار بکرێم؟ من چی بکەم گەر ئێستا بدرێمه‌ بەرشەق؟ چی دەبێت ئەگەر، ئەگەر، ئەگەر…….؟

پیاوە کەڵەگەتەکە بە بەرگێکی سەربازییەوە پرسیاری لێکردم چی ڕویداوە؟ منیش وه‌ك خۆی بۆم گێڕایەوە. لەوکاتەدا تۆ دەتوویست شتێک بڵێیت، بەڵام ئەو بەسەرتۆدا هاواریکرد، تۆ بێدەنگ بوویت، ئەوەی دواتر بینیم پۆلیسەکە دەستیکرد بە لێدانت و تۆ كه‌وتیتە سەر زەوی، بە پێڵاوە گەورەکانی کەوتە گیانت، دیاربوو ئەویش بە ئەندازەی تووڕەیی من لێتان توڕەبوو. من لەو ساتەوە تۆم نەبینیەوە بەڵام ئەو هاوڕێیەی لەگەڵتدابوو تاوەکو بەردەمی ماڵەوە بەدوامەوەبوو، ئەو پێی گووتم: ئەو هەموو هەرایە بۆ؟ خۆ هاوڕێکەم نەی گایت گەیاندته‌ ئەو ئاستە؟! لەڕاستیدا من توانای شەڕێکی ترم نه‌مابوو. لەهەمان كاتدا ‌تۆ و هاوڕێکەت پێتان وایە موسوڵمانن، دڵنیام هەمو ڕۆژانی هەینی و زۆر جاریتریش لە مزگەوتن، هه‌ر ئێوه‌شن بە ژنەکانتان ده‌ڵێن لەماڵەوە نەچنە دەرەوە چونکە دونیای دەرەوە پڕیەتی لە خەڵکی خراپ ئەو خەڵکانەی ئابڕو دەبەن. ‌دووریش نییە پێتان وابووه‌ چونکە من بەتەنیام ئەو مافەتان هەیە دەست بۆ سمتی من بەرن، چونکە تۆ پێتوایە ژنێکی باش بەهیچ شێوەیەک بەبێ پیاو نایەتە سەر شەقامەکان، تۆ پێتوایە ئەگەر من ژنێکی باشبومایە به‌ته‌نها نه‌ده‌هاتمه‌ ده‌ره‌وە، چونکە ئەو شەقامانە تەنها بۆ پیاوانن. ‌

من ئەم نامەیەت بۆ دەنوسم تا پێت بڵێم بەهیچ شێوەیەک لە ویستی مندا نەبووە تۆ لێتبدرێت و ڕەزیل بکرێیت، بەڵام پەشیمانیش نیم لە قیژە و دەنگ بەرزکردنەوەکەم به‌سه‌رتدا. من بۆت دەنووسم تاپێت بڵێم کە دەزانم تۆ بەتەمای چیت، تۆ دەتەوێت هەڕەشە لەمن بکەیت، دەتەوێت من بترسێنیت، دەتەوێت من لە ماڵەوە بمێنمەوە تا له‌وشوێنەی کە لێوەی فێردەبم چۆن خەمی منداڵگەلێک بخۆم و بۆ پیاوێکی وەک تۆ خواردن دروستبکەم وە هاوسەرگیریی لەگەڵ پیاوێکدابکەم کە پێشێلم بکات. تۆ دەتەوێت من بترسم لە دونیای دەرەوە و لام وابێت کە لەوێ من شوێن و ڕێگای خۆمنادۆزمەوە، دەتەوێت ئەو باوەڕە لای من دروستبکەیت کە تەنها ئارامترین و باشترین شوێن چێشتلێنان و ژووری نوستنە بۆ من. ‌

بەڵام من دەزانم کە شوێنە ڕاستەکە بۆ من و هەموو ژنێکی تر شەقامەکانی شارەکەمانن، خوێندنگاکانی ئەم وڵاتەن، کۆلێژەکانی پۆلیسن، پەڕلەمانە، حکومەتە، ڕێکخراوەکانن، وە هەرشوێنێکی تر کە ئێمە خەوی پێوە دەبینین. ‌

من بۆ تۆ دەنووسم تا پێت بڵێم، هەرگیز بۆچونێکی لەو شێوەیەتان لێناکڕم وە هیچ کەسێکیش ناتوانێت ئەو باوەڕە لەلام دروست بکات کە من بەهام کەمترە لە پیاوێک و باشترین و ئارامترین ژیان بۆ من ژووری چێشتلێنانە و ئەو شوێنەیە کە پیاوەکەم یان خەسوم چاودێری هەر هەنگاوێکم بکات. ‌

من بەهیچ شێوەیەک ئەو ئامۆژگاریەت لێوەرناگرم، نا بەهیچ شێوەیەک. ‌

لەمە بەدوا هەمو ڕۆژێک بەسەرێکی بەرزەوە بەسەر شەقامەکانی ئەمشارەدا هاتوچۆدەکەم، نەک لەبەرئەوەی من دەبێت وابکەم نەخێر، بەڵکە لەبەرئەوەی کەدەتوانم. نە سەرکردنە سەرێکی تۆ وەنە هەر سەرکردنە سەرێکی سێکسی و تەنانەت چەوسانەوەی ئەم حکومەتەش ناتوانن من لەو هاتنە دەرەوەیە ڕابگرن.

“بێ گوێڕایه‌ڵ”

(ئه‌و ژنەی تۆ سەرت كرده‌ سه‌ری)

نوورجاهان ئەکبەر ڕۆژنامەنوسی ئازاد و چالاکوان لەڕێکخراوێکی مافی ژنانی جیهانی ‌

سه‌رچاوه‌: ڕۆژنامەی هەفتانەی دی تسایتی ئەڵمانی

 

 

لەئەڵمانییەوه‌: نه‌ریمان ئاغالی

Leave a comment