نیگار حەسیب قەرەداخی لە ژێر عەباکەی دایکییەوە بۆ سەر تەختەی شانۆ جیهانییەکان

WhatsApp Image 2021-06-13 at 15.49.18

بیرم دێت جارێک لەگەڵ دایک و باوکم چووین بۆ سەیری شانۆگەری (پیسکەی تەڕپیر) کە لەڕیزدا وەستاین وتیان مناڵ بۆی نیە بێتە ژوورێ، ئێمەش لە سەرچنارەوە هاتبووین نەیان ئەتوانی من بەرنەوە، ئەوەبوو دایکم لە ژێر عەباکەیەوە بردمیە ژوورێ، لە ڕیزی پێشەوە دانیشتبووین، چومە ژێر کورسیەکە و هەموو شانۆگەریەکەم لە درزی عەباکەی دایکمەوە سەیرکرد، بۆ من وەکو سیحر وا بوو، ئەکتەرەکان تا بڵێی گەورە و سەیروسەمەرە ئەهاتنە بەرچاوم، ڕووناکی و سێبەرەکانیان، دەنگی قاقای بینەرەکە، گەرمای ژێر عەباکەی دایکم، پێکەنینی بێ دەنگی خۆم، ئەمانە هەمووی وەکو خەونێک یا سیحرێک تا ئەمڕۆش لەبەرچاومن.

نیگار حەسیب قەرەداخی لە دایکبووی شاری سلێمانییە و چەندین ساڵە لە بواری شانۆدا کاردەکات، بەشداریی لە چەندەها فیستیڤاڵ و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی کردووە، چەندین پێرفۆرمانس و ۆرکشۆپ و لابۆری بەڕێوەبردووە. یەکێک لەو فیستیڤاڵە گەورانە فیستیڤاڵی ساڵی گرۆتۆڤسکی بوو لە پۆلۆنیا کە لابۆری شانۆی لالش لەتەک پیتەر بروک و ئیجینۆ بەربا و ڕیچارد شێخنە و تاداشی سوزوکی و پینا باوش. پڕۆژەی خۆیان بە سەرکەوتوویی نوومایشت کرد.

کە مناڵ بووم لەسەرچنار لە قوتابخانە و لەگەڵ مناڵانی گەڕەک جار جارە نومایشتێکمان ئەکرد، لە ماڵان کورسیمان کۆئەکردەوە بۆ بینەران، جارێک برای کارەکتەرە سەرەکیەکە چوو بە قینا و سەعاتێک پێش نوومایش ووتی خوشکەکەم بۆی نیە تەمسیل بکات، من زۆر حەزم ئەکرد من بچنە جێی، هەموو دیالۆگ و جوولەکانیم لە بەربوو، بەڵام زۆر منال بووم بۆم نەبوو.

١٩٨٨ دەرچووی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری بەغداد، ١٩٨٨١٩٩١ مامۆستای شانۆ لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی بەشی شانۆ،  سالی 2000 بڕوانامەی ماستەر و لە سالی 2006 بڕوانامەی دکتۆرا لە کۆلێژی زانستی شانۆ و کۆلێژی سۆسیۆکولتورئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی ڤییەنا.

لە کۆتایی 1991 وە گەیشتمە نەمسا، پێش ئەوەی بڕیاری پەناهاندەیی وەربگرم، هەر لە کەمپ دەستمان کرد بە پرۆڤە و خۆمان ئامادە کرد بۆ نوومایشتێک، واتە دوای سێ مانگ لە ڤییەنا ئێمە یەکەم نوومایشتمان پێشکەش کرد، بێگومان هەروا ئاسان نەبوو، بەلام زۆر گرنگ بوو کە ئەو هەنگاوە بنێین و نەوەستین.

تەنها دوو مانگ کۆرسی زمانم پێدرا، خۆم لە مالەوە کۆڵم نەدا و خۆم فێری زمانی ئەلمانی کرد و بەردەوام بووم لە مەشق، دەنگی و جەستەیی و چەند نوومایشتیێکیترمان پێشکەش کرد، دوای سێ ساڵ دەستمکرد بە خوێندنی زانستی شانۆ و کولتوور و ئەنترۆپۆلۆژی لە زانکۆی ڤییەنا و ماستەر و دکتۆرام بە دەرەجەی ئیمتیاز وەرگرت.

نیگار دەربارەی ڕێگرییەکان دەدوێت: “زۆر ئاساییە کە ڕێگری و بەربەست لەبەر دەم بەجێهێنانی کاری هونەریماندا هەبێت، بەڵام پێویستمان بە پلانێکی لۆژیک هەیە بۆ ژیانی ڕۆژانە و ژیانی هونەریمان. زۆرجار بەربەستەکان سنوورەکانیان تێدەپەڕێنن و هێند قورس دەبن کە هەندێک جار وا لە هونەرمەندی ژن دەکەن کە دەستبەرداری کاری هونەری ببێت، هۆکارەکانیش پەیوەستن بە کۆمەڵگا و کلتور و باوەڕی دینی و تەنانەت هەندێک جاریش بە سیاسەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ئیرادەمان بەهێز بێت و زوو تەسلیم نەبین و ڕێ نەدەیی کێشەی ژیان و بیر تەسکی کەسانێک بەو شێوەیە بڕیاری ژیانمان بۆ بدەن.

نیگار لە ژیانی هونەریدا بەشداری زیاد لە شەست نوومایشتی شانۆیی و پێرفۆرمانسی کردووە و یەک کاری تەلەفیزیۆنی، (زنجیرە درامای ژاڵە) و سەدان ۆرکشۆپی دەنگی و جەستەیی لە کوردستان، وولاتانی عەرەبی، ئەوروپا و یابان، کردووە.

بە هاوپیشەکانی دەڵێت: “ئەکتیڤ بن، دوور بکەونەوە لە سستی، فێر بن کە خۆیان دەستبەکار بن و تەنها چاوەڕێی کەسێک نەبن کە بێتە بن باڵیان، خۆیان هەولی فڕین بدەن، دەستەوسان نەبن، زوو تەسلیم نەبن، نەترسن لە ئیشی نوێخواز، تۆزێک موغامیر بن، بگەڕێن بە دوای شێوازی نوێ، پرسیار بکەن، هەردەم تینوی زانیاری تازە بن.”

“لە هەموو کولتور و کۆمەلگەیەکدا، ئێرە بێت یا ئەوێ، هەردەم دەستەلاتێک هەیە کە کۆمەلێ جیهانبینی دەخاتە مێشکی تاکەکەسەکانەوە، ئەوەش، کە تۆ ناتوانیت ئەوە بکەیت، ناتوانیت وا بیکەیت، بۆت نیە ئەوە بکەیت و هەزار نەخێر و نا و نەگەتیڤیەت و تابوو هەر لە منداڵییەوە دەخرێتە مێشکمانەوە، بە تایبەتی مێشکی خانمان.” نیگار وتی.

نیگار دەڵێت یەک ساڵ کەمتریش لە شانۆ دابڕاوم: “کە دووگیان بووم بە کوڕەکەم تا حەوت مانگیش من هەر شانۆم دەکرد، ئەوەش دوا نومایشتم بوو لە کوردستان، نوومایشتی (ئەوەڵ سەحەرە) لە ڕۆژی سیانزەیەم لەسەر شانۆ و لە ساتی نومایشتدا ژانم بۆ هات، ئازارێکی تا بلێی زۆر، لەسەر شانۆکە دانیشتم و تێر گریام تا ژانەکە وەستایەوە، ئەو ڕۆژە باوکم، بۆ جاری دووەم هاتبوو بۆ سەیر کردنی نوومایشتەکە، دوایی کە بۆی باس کردم، ووتی سەیرم لێ هات کە گریایت چونکە ئەو گریانەی تیا نەبوو، شەماڵی هاوسەریشم کە  لە کۆنترۆلی ڕووناکی بوو، سەیری لێهاتبوو بەلام تێگەیشتوو کە شتێک تەواو نیە و وویستبوی نومایشتەکە بوەستێنێت، لەو ساتەدا من ئازارم کەمتر ببوەوە، هەستام و نوومایشتەکەم تەواو کرد، بەلام نەمتوانی بێمەوە سەر شانۆ بۆ بینەران، بردیانمە نەخۆشخانە.

دامەزراندنی لابۆری شانۆی لالش لەتەک شەماڵ عومەری هاوسەریدا لە ساڵی 1998 و کردنەوە و بەڕێوەبردنی هۆلی تایبەت بە کاری خۆیان لە سالی 2000وە لە شاری ڤییەنا.  ئەمڕۆ دوای زیاتر لە بیست ساڵ هۆڵی لابۆری شانۆی لالش یەکێکە لە گرنگترین هۆڵە شانۆییەکان لە شاری ڤییەنا، کە نیگار حەسیب قەرەداخی و شەمال عومەری کورد دایانمەزراندوە و دەیبەن بەڕێوە.

Leave a comment