هاجەر ئیسماعیل؛ کۆڵنەدانم بۆ خوێندن گەیاندنمی بە هەموو ئاواتەکانم

photo_2020-11-01_14-11-42

هاجەر ئیسماعیل وەیس، لە ١٩٧٤ لە کەرکوک لە دایک بووە، لە ژینگەیەکدا تەمەنی منداڵی بەسەر بردووە کەخێزانەکەی ئاستی خوێندەواری کەم بووە. ئەمانە هۆکار بوون بۆ ئەوەی ژیانی منداڵی هاجەر بەسەختی تێپەڕ بێت.

لە تەمەنی سێ ساڵیدا تووشی ئیفلیجی ‌قاچەکانی دەبێت، ئەمەش هۆکار بوو بۆئەوەی بەردەوام سوکایەتی و قسەی ڕەقی لە خوێندنگە پێبوترێت، تەنانەت لە خێزانەکەی خۆی جیاوازی دەکرا لەگەڵ خوشک و براکانی تری.

لەدوای تەواو کردنی ٦ی سەرەتایی باوکی هاجەر لە خوێندن دەردەکات، وتی ” باوکم بۆ من و خوشکەکانی ترم یاسای وابوو لە دوای ٦ی سەرەتایی دەبێت لە خوێندن دەرمان بێنێت، چونکە باوەڕی بەوە نەبوو کچ لەماڵ بچێتە دەرەوە و کاری هەبێت.”

 

 

هاجەر باسی قورسترین قۆناغەکانی منداڵی کردو وتی” لە کاتی خوێندن هەموو ڕۆژێک کۆمەڵێک منداڵ لەسەر ڕێگەی خوێندنگە گاڵتەیان پێدەکردم، لە ئەنجامی ئەو شڵەژانەی تووشم دە‌هات زۆربەی ڕۆژەکان دەکەوتم و قاچەکانم خوێنی لێدەهات.”

هەروەها وتی “هەرگیز نەمدەتوانی بەو بارودۆخەوە بچمەوە ماڵەوە و باسی کێشەکەم بکەم چونکە گەر باسم بکردایە لە خوێندن دەریان دە‌هێنام، بەڵام تەحەدای ئەمانەم هەمووی کرد لە پێناو خوێندن بۆ ئەوەی ببم بە کەسێکی ڕۆشنبیر، لەبەرئەوەی دەمزانی ئەو ئازارەی من دەیچێژم  هۆکارەکەی نەخوێندەواری دایک و باوکم بووە.”

ئارەزوو و کۆڵنەدانی هاجەر بۆ خوێندن بەردەوام بوو، بەردەوام کتێبی دەخوێندەوە، دوای دووساڵ لە هەوڵەکانی هاجەر بۆخوێندن برایەکی هەوڵیدا تاقیکردنەوەی دەرەکی قۆناغی سێیی ناوەندی پێبکات، بەڵام بەهۆی ڕاپەڕینی ١٩٩١ بەرەو ئێران رادەکەن و دوای گەرانەوەیان ڕوبەڕوی بێ ماڵ و حاڵی دەبنەوە، بۆیە گەڕانەوەی هاجەر بۆ خوێندن زۆر قورس بوو.

دوای ١٤ ساڵ وازهێنان لە خوێندن و خراپی باری ئابووری ماڵیان، هاجەر توانی لە ڕێگەی پزیشکێکەوە کە باوکی بۆ ئازاری قاچەکانی دەچووە لای هەوڵیدا دەست بە خوێندن بکاتەوە.

هاجەر وتی”هەر قسەیەک هی پزیشک بوایە باوکم جێبەجێی دەکرد. منیش ١٤ساڵ بوو لەماڵەوە بووم، بیرم لەو کردەوە چۆن ڕێگەیەک بدۆزەوە بۆ هەستانەوەم، چوم نامەیەکم نوسی بۆ پزیشکەکە و هەموو بارودۆخی خۆمم بۆ  باس کرد، داوام لێکرد وەکو کەسێکی تێگەیشتوو باوکم ڕازی بکات من بخوێنم، بێجگە لەوە جەستەم ئازاری هەبوو چونکە جوڵەم کەم بوو ڕۆژ بە ڕۆژ خراپ تر دەبووم.”

پزیشکەکە توانی باوکی ڕازی بکات، هاجەر نەخوێندەوارییەکەی باوکی کرد بە چەکێک بۆ ئەوەی بخوێنت، بەڵام باوکی ڕازینەبوو هیچ خەرجییەکی خوێندنەکەی بکات، هاجەر توانی لەڕێگەی کاری دروومانی خەرجی خۆی دابین بکات و لە خوێندنەکەشی سەرکەوتوبێت.

هاجەر بۆ گەڕاندنەوەی ساڵە لەدەست چووەکانی، قۆناغی (٤و٥) ی ئامادەیی نەخوێندو یەکسەر تاقی کردنەوەی شەشی کرد. هەرچەندە لەگەڵ ناخۆشی بارو دۆخی ماڵیان لەو کاتەدا لە کێشەدا بوون توانی نمرەی ٧٥ بەدەست بهێنێت.

دواتر هاجەر لە کۆڵێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان وەردەگیرێت، و هاجەر دەڵێت”لەکۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەشی دراسات ئیسلامی وەرگیرام، بەلامەوە گرنگ نەبوو لە لە کوێ وەردەگیرم، بەڵکو ئەوەگرنگ بوو لەو بەشەی وەرگیراوم سەرکەوتن بەدەست بهێنم.”

 

 

کاتێک هاجەر بینای کۆلێژی بینی زانی تووشی سەختی زۆردەبێت و وتی” کاتێک چومە بینای کۆلێژ بینیم ٦نهۆمە و بەشەکەی منیش لە کۆتا نهۆمە، هەموو رۆژێک هەمیشە بۆ سەرکەوتن و هاتنە خوارەوە نزیکەی نیو کاتژمێرم پێ دەچوو، دەبوو لە نێوان نهۆمەکان پشوو بدەم  و چاوەرێ بکەم تا بەتەواوی چۆڵ دەبێت.

لە کۆتایی چوار ساڵەکە هاجەر بەپلەی یەکەم بڕوانامەی بەدەست هێنا، بە (موعید) لە کۆلێژەکە دامەزرا، دوای ٦مانگ لە بەرنامەی تواناسازی بەشداری کرد و توانی لە وڵاتی میسڕ بڕوانامەی ماستەر بەدەست بهێنێت.

لە میسڕ مامۆستا هاجەر قورسایی زۆری بینی، کەس نەیدەویست لەگەڵیدا شوقە بگرێت وایان دەزانی بەهۆی کەم ئەندامییەکەی دەبێت بە ئەرک بەسەریانەوە، بەڵام دواتر کە ناسرا لەناو کوردەکان و تواناکانیان بینی خۆیان هەوڵیان بۆ دەدا، چونکە زۆر هاوکاری دەکردن بەهۆی ئەوەی زمانی ئەو وڵاتەی زۆر بەباشی دەزانی و خۆشی هەموو کارێکی خۆی دەکرد.

مامۆستا هاجەر تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا” توانیم بە پلەی( ئیمتیاز) بڕوانامەی ماستەر بەدەست بهێنم و بگەڕێمەوە، ئیستا مامۆستام لە زانکۆی سلێمانی.”

دوای تەواو کردنی خوێندن و گەڕانەوەی مامۆستا هاجەر بڕیاریدا کار بۆ کەسانی تر بکات، چونکە بەلایەوە  ئەرکەکانی ئەو لێرەوە دەست پێدەکات.

مامۆستا هاجەر دەڵێت” بەردەوام کاری ڕێکخراوەیی دەکەم، ئەندامی کۆمەڵەی ڕۆژم، پاشان لە میسڕ  بڕوانامەی دبلۆمی(مسەغەر)م بەدەست هێنا لە بواری مافەکانی ژنان، لە بواری مافەکانی خاوەن پێداویستی تایبەت ئەزمونم هەیە و لە ڕێکخراوێکی خاوەن پێداویستی تایبەت کار دەکەم، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ناوخۆ و دەرەوەش پەیوەندیم هەبووە.”

 

 

لە ئێستادا مامۆستا هاجەر ئەندامی تۆڕی گەشەپێدانی پەیڕەوە، هەروەها ئەندامی یەکەمین ژووری قەیرانەکانە ، کە ژوورێکە ١٣١ کەسی ئەکادیمی لە هەرێم و عێراق ئەندامن تێیدا و تایبەتە بە پرسی مافەکانی ژنانی کەم ئەندام لەسەردەمی قەیرانەکاندا.

بەتایبەت لەسەردەمی کۆڤید ١٩ کە زۆرتین ژن تووشی کوشتن و توندو تیژی بونەوە، لەڕێگەی ئەم ژوورەوە چارەسەر ی کێشەکان دەکەن. جیا لەمانەش چەندین بابەتی بڵاو کراوەی هەیە، خاوەنی دوو کاری شانۆییە، لە هەمان کاتدا کاری دەرهێنانیشی بۆ کردووە،کە هەردووکی لە بواری هۆشیارکردنەوە بووە لە زانکۆی سلێمانی و کەرتی پەروەردە.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

Leave a comment