حەپسەخانی نەقیب

20180417-cc23a82ad03beba800cbad4d60-image

حەپسەخان، كچی مەعروف بەرزنجی نەوەی كاك ئەحمەدی شێخ ‌و ئامۆزای شێخ مەحمودی مەلیكی كوردستان‌ و ھاوسەری شێخ قادری حەفیدە، لە ساڵی ١٨٩١دا لە شاری سلێمانی لەدایک بووە، یەکێکە لەو ژنە ئیشکەرو تێکۆشەرانەی سلێمانی کە بەردەوام ناوی دەهێنرێت و لە کوردستاندا جێگەی شانازییە.

مەعرووف بەرزنجی باوکی پلەی (نەقیب)ی هەبووە، ئەو پلەیەش لەلایەن حکومەتی عوسمانییەکانەوە پێیبەخشراوە، بەو ھۆیەی کە نوێنەری سادات و شێخان بووە.

حەپسەخان لە خێزانێکی ئاینیدا گەورەبووە، خاوەنی ١٢براو دوو خوشک بووە، ١١ برای لەتەمەنی منداڵیدا کۆچی دوایی دەکەن و تەنیا یەک برای لەتەمەنی لاوێتیدا دەمرێت.

بۆهۆکاری ئەوەی برای نەبووە بەردەوام لەگەڵ باوکیدا لە دانیشتنەکاندا ئامادە دەبێت، لە هەمانکاتدا خۆشی کەسێکی زیرک و وریا بووە.

لە ساڵی ١٩٢٣ حەپسەخان لەگەڵ شێخ قادری ئامۆزای هاوسەرگیری دەکات و منداڵێکی کوڕیان دەبێت، بەڵام هەرزوو کوڕەکەیان کۆچی دوایی دەکات و جارێکی تر حەپسەخان منداڵی نابێتەوە.

هەمیشە خاوەنی بڕیاری ڕاست و دروست بووە، چونکە حەپسەخان بەردەوام بڕواو متمانەیەکی بەهێزی بەخۆی هەبووە.

نزیك سەدەیەك لەمەوبەر حەپسەخان ژنانی کوردی پەروەردەکرد لە ڕێگەی دامەرزراندنی یەكەم خوێندنگەی کوردی، کە یەکەم خوێندنگەی تایبەت بوو بەژنان لە مێژووی کوردیدا، بۆ ئەو مەبەستەش خانوییەکی خۆی کرد بە خوێندنگە و لەسەر پەروەردە تاپۆکرا، ئەو خەمخۆری ڕاستەقینەی ژنانی کوردبوو، هەوڵی نەهێشتنی نەخوێندەواریدا، هەر بۆیە خۆشی لەوخوێندنگەیە  بوو بە خوێندکار.

لە ٢٨/٦/١٩٣٠ یەكەمین كۆمەڵەی ژنان بەناوی (كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد) بە ‌سەرۆكایەتی خۆی دامەزرا، کە حەپسەخانی عیرفانە فەنی دەکاتە خێزانی جەمیل سائیب سكرتێری بووە و بارەگای تایبەتیشیان ھەبووە.

کۆمەڵەی ئافرەتانی کورد كۆمەڵەیەك بووە لەلایەن حەپسەخانەوە بۆ داكۆكیكردن لە ماف‌ و داواكانی ژنان دامەزرا کە نموونەیەكی كەم وێنە بووە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا.

حەپسەخان نەک هەر لای ژنان بەڵکو لای هەموو خەڵکی کوردستان پلەیەکی تایبەتی هەبووە و لەهەمان کاتدا ژنان وەکو قوتابخانەیەک سەیریان کردووە و شتی لێوە فێربوون، هەر بۆیە دیوەخانەکەی بەردەوام پڕبوون لە ژنانی سلێمانی و دەوروبەر، هەرکاتێکیش ژنێک تووشی هەر کێشەیەک بوایە هانای بۆ حەپسەخان بردووە، چونکە زانیویانە ئەو هەمیشە چارەسەر بۆ کێشەکان دەدۆزێتەوە و بە وردی لێیان دەکۆڵێتەوە.

حەپسەخانی نەقیب لەژیانیدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری کردوە کە دواتر ژنانیش چاویان لێکردووە، وەک ئەوەی چووە بۆ سینەماودواتر ژنانی لەگەڵ خۆیدا کۆکۆردۆتەوە تا بەکۆمەڵ سەدانی سینەما بکەن، جگە لەوەش لەکاتی گۆڕانی وەرزەکاندا حەپسەخان گۆڕانکاری لە شێواز و پێکهاتەی جلەکاندا کردووە و گونجادیەتی لەگەڵ وەرزەکەدا کە دواتر لای ژنانی دیکەش ئەو جۆرە دووبارە کراوەتەوە.

پاش خزمەتێکی زۆری حەپسەخان بۆ ژنانی کورد لە ١٢ی نیسانی ١٩٥٣ بەهۆ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی دەکات و لە گردی سەیوان لە سلێمانی بەخاک دەسپێردرێت.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment