لەیاسادا سزای تاوانی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ و مێرد منداڵ چییە؟

122169213_1270177346654663_2847619371589517028_n

تاوانی دەستدرێژی کردنە سەر منداڵ و مێرد منداڵ لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ی ساڵی (١٩٦٩)ی هەموار کراو بەرکار لەعێراق و هەرێمی کوردستان.

نوسین و ئامادەکردنی پارێزەر / ساکار عطا محمد

بێگومان یاسادانەری عێراقی بە بیرێکی فراوان و بەرچاو ڕوونیەکی تەواو لە ناسینی تاکەکانی کۆمەڵگەو بونیادی مرۆڤایەتی بەگشتی و بەهەند وەرگرتنی ڕابردوی کۆمەڵگە و سەرنجدان لە ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی و ئاڕاستەی بیرکردنەوەیان بڕیاری داڕشتنی بڕگەو بابەتەکانی یاسای سزادانیداوە بە شێوەیەک کە بگونجێت لە گەڵ بەها دینیەکان و لایەنی کۆمەڵایەتی و ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکان، بەوەی چەند مادەیەکی لە دەروازەی نۆیەم بە چەند بەشێک و لە چەند مادەیەکدا تەرخانی کردووە بۆ تاوانەکانی لاسەنگ کاری ڕەوشت و ئاکارە گشتیەکان.

بەشی یەکەمی ئەم دەروازەیەش بریتیە لە تاوانەکانی لاقە کردن و کۆمبازی و ئابڕوو بردن، ئەوەی مەبەستمانە لێرەدا باسی بکەین دەستدرێژی کردنی جەستەییە بۆ سەر منداڵ و مێرد منداڵ واتە بەگشتی ئەوانەی لە خوار تەمەنی (١٨)ساڵیەوەن، بەوەی کە تاوان کردن لەسەر ئەم کۆمەڵەیە کە خوار تەمەنی (١٨)ساڵە بە بارودۆخی توند کردنی سزا لەسەر تاوانباران بڕیاری لەسەر دەدرێت بەم شێوەی خوارەوە:

بڕگەی یەکەم لە مادەی( ٣٩٣) ی یاسای سزادان/ سزا دەدرێت بە بەند کردنی هەتا هەتای یان کاتی هەر کەسێک لە گەڵ مێیینەیەک جوت بوبێ ……….. تا کۆتای.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە لەسەری بدوێین بڕگەی دووەمی هەمان مادەیە کە ئاماژە دەدات بە توندکردنی سزا لە کاتی دەست درێژی بۆ سەر منداڵ بەم شێوەی خوارەوە:

بڕگەی دووەم لە مادەی(٣٩٣) ی  یاسای ئاماژە بۆ کراو سەبارەت بە دەستدرێژی جەستەی و کۆمبازی دەڵێت:

بە بارودۆخی توندکردن (ظرف مشدد)دادەنرێت ئەگەر کردەوەکە ڕویدا لە یەکێک لەم حاڵەتانەی خوارەوە:
١- ئەگەر هاتوو تاوان لێکراو (ئەو کەسەی دەستدرێژی جەستەی لەسەر کراوە، جا جووت بون بێت یان کۆمبازی)نەگەشتبێتە هەژدەساڵی تەواو.
٢- ئەگەر هاتوو تۆمەتبار لە خزمانی تاوان لێکراو بێت تاکو پلەی سێیەم یان لەوانە بێت، پەروەردە کردن یان چاودێری کردنی پێ سپێردرا بێت، یان لەوانە بێت کە دەسەڵاتی لەسەری هەیە یان لەلای خزمەتکار بێت یان لە لای یەکیک لەوانە بێت کە لە پێشەوە ئاماژەی بۆ کراوە،کە بەداخەوە لە ڕۆژگاری ئێستادا بۆتە تاوانێکی باو لە نێو کۆمەڵگەی کوردیدا، لێرەو لەوێ ڕۆژانە ئەم تاوانانە دوبارە دەکرێنەوە لەلایەن کەسانێک کە زۆر کات متمانەی تەواویان پێ دەدرێ لە لایەن دایکان و باوکان بە هێشتنەوەی بەردەوامی یان کاتی منداڵەکانیان لایان، یاخود بەداخەوە دایکان و باوکان لە هەندێک حاڵەتدا خۆیان ڕێگە خۆشکەرن بۆئەنجام دانی ئەم جۆرە تاوانانە بەرامبەر بە منداڵەکانیان.
٣- ئەگەر کەسی بکەر فەرمانبەر یان ڕاسپێردرا بێ بە ڕاژەی گشتی یان لە پیاوانی ئاینی یان پزیشکان بێت، پێگەو پیشەکەی بۆ متمانە پێکردن بەکار هێنا بێت.
٤- ئەگەر دوو کەس یان زیاتر بەشداریان کردبێ لە ئەنجام دانی کردەوەکە و  هاوکاری یەکتریان کردبێ بۆ زاڵبون بەسەر ڕوبەڕو بونەوەی تاوان لێکراو ،یان یەک لە دواییەک کردەوەکەیان ئەنجام دابێت.
٥- ئەگەر تاوان لێ کراو توشی نەخۆشیەکی زاوزێی بێ لە ئەنجامی ئەنجام دانی کردەوەکە.
٦- ئەگەر تاوانلێکراو دوو گیان بێت یان پەردەی کچێنی نەمینێ لە دەرئەنجامی کردەوەکە.

بڕگەی سێیەم لە هەمان مادە دەڵێت/ ئەگەر کردەوەکە ببێتە هۆی مردنی تاوان لێکراو سزاکەی دەبێتە بەند کردنی هەتا هەتایی.

بڕگەی چوارەم/ ئەگەر هاتوو تاوان لێکراو کچ بێت لە سەر دادگایە کە دادگەری بۆ بکات بە قەرەبوو کردنەوەیەکی گونجاو ، مەبەست لەم خاڵە ئەوەیە کەسی تاوان لەسەر کراو کچ بێت و هاوسەر گیری نەکردبێت.
سەبارەت بەو کەیسانەی کە تاوان لەسەر کراو تەمەنی هەژدە ساڵی تەواو نەکردوە و لە پانزە ساڵیدایە و ڕەزامەندە بەو کردەوەی لەگەڵی ئەنجام دەدرێ، جا جووت بون لە ڕێگەی ئەندامی زاوزێ یان کۆمبازی بێت، یاسادانەر بەم شێوەیەی خوارەوە سزای تاوانبارانی دیاری کردووە:
مادەی (٣٩٤)لە یاسای سزادان
۱- سزا دەدرێت بە بەند کرن بۆ ماوەیەک لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت یان بە حەپسکردن هەر کەسێک بە بێ هاوسەر گیری کردن بە ڕەزامەندی لە گەڵ مێیینەیەک جووت بوبێ یان کۆمبازی بکات لەگەڵ نێر یان مێیینەیەک بە ڕەزامەندیان، ئەگەر هاتوو ئەوەی تاوانەکەی لە سەر کراوە پانزە ساڵی تەواو کردبێت بەڵام تەمەنی هەژدەساڵی تەواو نەکردبێت.
هەروەها سزاکەی دەبێتە بەند کردن بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە دە ساڵ ئەگەر هاتوو ئەوەی تاوانەکەی کراوەتە سەر لە خوار تەمەنی پانزە ساڵی تەواو بێت.
٢-بە بارودۆخی توند دادەنرێت ئەگەر کردەوەکە ڕویدا لە یەکێک لەو حاڵەتانەی بڕگەی دوو لە مادەی( ٣٩٣) بە دەق هاتوون.
٣- ئەگەر هاتو تاوان لێ کراو کچێنی مابێت لە سەر دادگایە دادگەری بۆ بکات بە قەرەبوو کردنەوەیەکی گونجاو.
هەروەها مادەی (٣٩٦) لە بڕگەی دووەمدا ئاماژە دەدات بەوەی کە بە بەند کردن سزا دەدرێت بۆ ماوەیەک کە لە دە ساڵ زیاتر نەبێت هەرکەسێک بە هێز یان بە هەڕەشە کردن یان بە هەڵخەڵەتاندن یان بەهەر شێوەیەک لە شێوەکانی ڕەزامەند نەبوون دەست درێژی کردنە سەر ئابڕوی کەسێک کە تەمەنی نەگەشتبێتە هەژدە ساڵ یان ئەنجام دەرانی لەوانە بن کە لە بڕگەی(٢) لە مادە (٣٩٣)ئاماژەیان بۆ کراوە.
بەڵام ئەگەر تاوانبار (بکەری تاوان) بەبێ بەکار هێنانی هێز یان هەڕەشە کرد یان هەڵخەڵەتاندن دەست درێژی کردبێتە سەر ئابڕوی نێر یان مێینەیەک کە هەژدە ساڵی تەواو نەکردبێت، سزا دەدرێت بە حەپس کردن ،،،ئەگەر هاتو ئەنجام دەری تاوانەکە لەوانە بێت کە لە بڕگەی (٢) لە مادەی (٣٩٣)ئاماژەیان بۆ کراوە سزاکەی دەبێتە بەند کردن بۆ ماوەیەک لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت یان حەپس کردن.

مادەی (٣٩٧)لە یاسای سزادان ئەم حاڵەت و سزایەی دیاری کردووە، بەهیوای بەرچاو ڕونی و بڵاو کردنەوەی ڕۆشنبیری یاسای بۆ سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگاو کەمکردنەوەی تاوانە جەستەی و دەرونیەکان،هەروەها پاراستنی نەوەی داهاتوو کەدەبنە بناغەی کۆمەڵگەیەکی بەهێز لە سەرجەم بوارو سێکتەرەکانی ژیاندا.

Leave a comment