ڕێژەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شنگال لەزیاد بووندایە

523983Image1

لەپاش نزیکەی حەوت ساڵ لە ئاوارەبوون و ژیانی نێوکەمپەکان، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک بۆ سنووری قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر زیاد دەکات.

بەپێی زانیارییەکان لە سەرەتای ئەم ساڵدا و تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ خێزانی ئاوارەی کەمپەکان پارێزگای دهۆکیان بەجێی هێشتووە و گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا.

ئەو خێزانانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانیان لە شنگال و دەوروبەری گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری وەکو پێویست و قەرەبوونەکردنەوە دەکەن.

جەمیل خالد یەکێک لە ئاوارەکان کە لە ساڵی ڕابردوودا گەڕاوەتەوە سەنتەری قەزای شنگال و بە (چاوی خەڵک)ی وت” پاش چەند ساڵ لە ئاوارەیی، ئێستا ئێمە لە ناوچەکانی خۆماندا ژیان بەسەردەبەین، بەڵام هەموو لایەک لە ناخۆشی ژیان و گوزەرانی خەڵکی شنگال ئاگادارە، چونکە بەڕاستی خزمەتگوزارییەکان لەئاستی خۆیدا نییە”

لەهەمانکاتدا ئەوەشی خستەڕوو” زۆر ناحەقی و نەهامەتی بەسەری ئێمە هاتووە، بەڵام لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەوەی کە پێویستە پێشکەش بە خەڵکی دەڤەرەکەی بکەن نەیان کردووە، بۆیە داواکارین کە هەموو لایەک وەکو پێویست خزمەتی ئەو ناوچەیە بکات.”

هەر لەوبارەیەوە هەدیە حسێن دەڵێت” ژیانی ئێمە تا ڕادەیەک باشە، بەڵام بەڕاستی وەکو پێویست خزمەتگوزاری نییە و دەبێت هەموو لایەک هاوکاری خەڵکی شنگال بکات، چونکە گەورەترین زەرەر لە ئەنجامی هێرشی تیرۆرستانی داعشدا بەر ئێمە کەوتووە.”

جار جار خول و ۆرکشۆپی تایبەت بە ژنان لە شنگال دەکرێتەوە، بەڵام ئەوان داواکارن زیاتر گرنگی بە کچان و ژنان بدرێت لەو دەڤەرە و هەلی کاری زیاتریان بۆ بڕەخسێنرێت.

خدر حەجی کە لە سنووری ناحیەی گرعزێر نیشتەجێیە تایبەت بەو بابەتە وتی” بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و کارنەکردن لەسەر لابردنی پاشماوە جەنگییەکانی شەڕی تیرۆریستانی داعش لە گوند و کۆمەڵگەکانی سەر بە ناحیەی گرعزێر لە ئاستی پێویستدا نییە، ئاوارەکان بە ڕێژەی زۆر نەگەڕاوەتەوە سنووری ناحیەکەمان.”

هاوڵاتیانی ناحیەی گرعزێر، ئیدارەی قەزای شنگال و لایەنە پەیوەندیدارەکان و حکومەتی ناوخۆی پارێزگای نەینەوا لە ئاست خزمەتکردنی خەڵکی شنگال بە کەمتەرخەم لەقەڵەم دەدەن.

فەهەد حامد؛  قائیمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت بە(چاوی خەڵک)ی ڕاگەیاند” گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ دەڤەری شنگال و دەوروبەری بەردەوامە و ڕۆژانە خەڵک کەمپەکانی پارێزگای دهۆک بەجێ دەهێڵن و دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

“ئێمە وەکو قائیمقامیەتی بە وەکالەت لەگەڵ خواست و ویستی خەڵکی خۆمانین و دەزانین لە چ دۆخێکی خراپی خزمەتگوزاریدا دەژین، بەڵام ئەگەر حکومەتی ناوخۆی پارێزگای نەینەوا خزمەت نەکات و بوودجە وەکو پێویست تەرخان نەکات هەر وا دەبێت” فەهەد حامد وای وت.

لە ئەنجامی هێرشی تیرۆرستانی داعشدا بۆ سەر قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا تەواوی ئێزیدییەکانی شنگال و خەڵکی تری دەڤەرەکە ئاوارە بوون و زۆربەیان لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون .تا ئێستاش بەپێی ئامارەکان نزیکەی ٣٠ هەزار خێزانی خەڵکی شنگال لە هەرێمی کوردستان وەکو ئاوارە ماونەتەوە.

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment