شۆخان ڕزگار؛ ئامانجم بوو لە سەرپێی خۆم بوەستم، بۆیە بڕیارمدا کار بکەم

122778293_653136682239063_3459660063385275619_n

شۆخان ڕزگار شەریف، کچێکی تەمەن ٢٤ ساڵانی شاری سلێمانییە، چوار ساڵ و نیوە لە بازاڕی ئۆرزدی کافێیەک بەڕێوە دەبات.

شۆخان دەڵێت” کاتێک قۆناغی ١٢ی ئامادەییم تەواو کرد ، لەدوای پڕکردنەوی فۆڕم بۆ خوێندنم لە زانکۆ و پەیماناگاکان بەداخەوە ناوم لە هیچ شوێنێک نەهاتەوە، بەڵام من نەمویست لەماڵەوە بێ سوود دابنیشم ئامانجم بوو لە سەرپێی خۆم بوەستم، بۆیە بڕیارمدا کارێک بکەم.”

کاتێک ئاگاداری کافێکەی بینی کە پێویستیان بە کارمەندە، ویستی لەو بوارەدا کار بکات و ئەزمونی خۆی تاقی بکاتەوە.

شۆخان وتی”  ئەو کاتەی سەردانم کردن خۆشبەختانە زانیم دەتوانم ئەم کارە بکەم و بەڕێوەی ببەم هەستم کرد لەگەڵ کارەکە ئاسودە دەبم، بڕیارمدا لێرەوە دەست بەکار بکەم و تا ئێستاش هەر بەردەوامم.”

هەروەها دەڵێت” سەرەتا ماڵەوە ڕازی نەبوون، وتیان چۆن دەبێت کچ لە قاوەخانەیەک بێت، چونکە ئەو کاتە کچان کەمتر لەدەرەوە  کاریان دەکرد بەتایبەت شەوان، من ڕۆژانە لە ١ی نیوەڕۆ بۆ ١ی شەو کاردەکەم، بەڵام بەهۆی متانەیان بە من لایان ئاسایی بۆوە توانیم دەست پێ بکەم.”

سەبارەت بە شێوازی مامەڵەی کڕیارەکان شۆخان تایبەت بۆ چاوی خەڵک وتی”کڕیارەکان زۆینەیان موشتەری هەمیشەیین، بەردەوام ڕێزێکی زۆرم دەگرن و منیش بەهەمان شێوە، چونکە وەکو هاوڕێمان لێ ‌هاتووە، بۆیە تائێستا تووشی هیچ تانەو تەشەرێک نەبوومەتەوە.”

لە کۆتایییدا شۆخان وتی” کارەکەم زۆر خۆش دەوێت و لەگەڵی ئاسودەم، بەردوام حەز دەکەم لەو بوارەدا هاوکاری کەسانی تر بکەم، ئێستا هاوڕێیەکی خۆم دوای تەواو کردنی خوێندن هاتووە لێرە من فێری کارەکەی بکەم، ، هەرچەندە  ئێرە بۆمن جیاوازی نییە و وەکو شوێنی خۆم وایە بەڵام ئاواتمە لە داهاتوو خۆم بتوانم ببمە خاوەنی قاوەخانەیەک.”

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment