تارا عەبدوڵا : ئەم نمایشە چی بوو کردت !؟

Green and Orange Woman Musicians Instagram Post Set (13)
گۆنا سەعید
١. توندوتیژی کارێکی دوور لە چاوی گشتی ، شاراوە و ناو “بواری تایبەتی” ماڵە ؛ تۆ هێناوتە لەسەرجاددەکانی شار تەنافت بۆ هەڵخستوە و ڕێک و ڕاست دەیخەیتە نێو “بواری گشتی” ؛ بۆیە پێت سەیر نەبێت کە دڵی چەندین “تاوانبار” ی ڕۆژانەی توندو تیژیت ڕەنجاندوە … ئەمە چی بوو ئەم کارە !؟
٢. تەنافێکت لە نێوان پارک و دادگا هەڵخستوە و هەرچی جلی خوێناوی ژنانە پیاتهەڵواسیوە ؛ بە نیازی چی بوویت ؟ … ئەوەی بیری دادگا بخەیتەوە کە ئەم ژنانە چاوەڕوانی “دادپەروەرین” ؟ ؛ ئەوەی کە خۆیان لێرە نەماون ؛ وا جلە خوێناویەکانیان هاتوون لە دادگا شایەتی بدەن بۆ هەموو ئەو تاوانانەی بەرامبەریان کراوە .. باشە بۆ ئەم هەموو جلە ؟ .. چونکە دوو ژن بە یەک شایەت ئەخوا لە دادگا ؟ ..
٣. باشە بۆ تا دادگا ؟ .. بۆ تا بەڕیوەبەرایەتی توندو تیژی نا ،. بۆ تا بەردەم نوسینگەی پەرلەمان نا ؟ .. بۆ تا بەردەم وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی و ناوخۆ و تەنانەت تا بەردەم نوسینگەی سەرۆک وەزیرانت نەبرد ؟ … بۆ تا بەرامبەر بە وەزارەتی ئەوقافت نەبرد !؟ … چونکە ئەگەر بۆ بەردەم هەموو دەزگاکانی دەسەڵاتت ببردایە کە بەرپرسن لە توندوتیژی دژی ژنان ، دەبوو هەموو کوردستان بکەیتە تۆڕێکی جاڵجاڵۆکە لە جلی ژنان !؟ ؛ ئیتر ڕێگە نەدەبوو کەس بەڕێدا بروات ! ..
٤. باشە عەیبت نەکرد دەرپێ و سوخمە و ژێرکراسی ژنانت دایە بەر با ، تا لە جادەکانی شار بشەکێنەوە و “خوێنەکانیان ووشک بێتەوە ” !؟ .. مەگەر ئەم جلانە هەمیشە لە ژێر جلەکانی ترەوە هەڵناخرێن ؛ لە دیوی ناوەوەی حەوشە بەسەر کورسی و دەسکی جۆلانەکاندا نادرێن !؟ .. تۆ چیت کرد ماڵوێران ؟ ؛ سوخمە و لیباسی ژنانت بۆ وا دایە بەر با ؟ .. بۆ ئەم هەموو چاوبرسیەت نمایش کرد! .. ئەی تۆ نازانی ئەوە عەشقی ژن نی یە ، بەڵکو ئەوە خەیاڵی دەستدرێژی کردنە سەر جەستەی ژنە ، کە زەوقی بەشێکی زۆۆۆرررر لە پیاوانی شار هەڵدەستێنێت !؟ .

Leave a comment