ئیمان کچێکی لاوە؛ وەک یەکەم ژەنیاری کچ لەسەر شەقەکامەکانی هەڵەبجە دەف دەژەنێت، ئەو ڕێچەکەکان دەشکێنت و چەند ساڵ لەمەوبەر لەسەنتەری گەنجانی هەڵەبجە لە خولی مۆسیقا خۆی ناونوس دەکات و فێری مۆسیقا دەبێت، و یەکەم کچی خولەکە دەبێت.
ئیمان قادر ( ٢٧ ساڵ)، پەیماناگای هونەرەجوانەکانی هەڵەبجە بەشی شێوەکاری خوێندووە، کاتێک قۆناغی یەکی پەیمانگا تەواودەکات لەپشوی هاویندا لەگەڵ هاوڕێکانی چۆتە خولی شێوەکاری لە سەنتەری گەنجانی ئەو شارە.
لەناوەڕاستی وانەی وێنەدا بوو کاتێک ئیمان گوێبیستی دەنگی مۆسیقابوو، ئەو ئاگادار نەبوو خولی مۆسیقا لەوێ هەیە، هەربۆیە ئەو ڕۆژە خۆی لەو خولەش ناونوسکرد، لەوکاتەوە لەگەڵ گروپەکەی سەنتەری گەنجانی هەڵەبجە دەستی پێکردوەو تا ئێستاش بەردەوامە.
لە٢٠١٠بوو ئیمان یەکەم وانەی مۆسیقای وەرگرت و تا ساڵی ٢٠١٤ ئەو لە فێرکردندا بوو، بەڵام هەر لەوساڵەدا بۆیەکەمین جار بەشداری یەکێک لەچالاکییەکانی سەنتەری گەنجانی کرد.
ئیمان لەگەڵ هاوڕێیەکی موزیک ژەن بیریان لەوە کردەوە لەسەر شەقام موزیک بژەنن و جوڵەیەک بخەنەوە ناو شارەکە، چونکە ئەوان هەستیان بەوەکردبوو کە هاوڵاتیان زۆر ماندو بێزارن بەهۆی سەختی ژیان و ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەهەمانکاتدا ناتوانن بێنە هۆڵەکان، بۆیە سەرشەقامیان بۆ موزیک ژەنین هەڵبژارد.
“مۆسیقای سەرشەقام یەکێکە لە شانازییەکانی ژیانم،چونکە هەڵبەتە کاتێک کارێک دەکەیت پێش تۆ کەسێکیتر نەیکردبێت لەوناوچەیەدا قورسی خۆی دەبێت، بەڵام من جارێکیتر ئەو ئەزمونەم کردبوو، چونکە کاتێک دەستم بەفێربوونی مۆسیقا کرد تەنیا کچ بووم لەو گروپەکەدا” ئیمان وای وت.
ئیمان کچێکی فرە جوڵەیە، دەفیش ئالەتیکە دەنگی بەرزە و جوڵەی هەیە،بۆیە ئەوە بەهۆکارێک دادەنێت بۆ هەڵبژاردنی دەف، لەهەمان کاتدا دەڵێت” زۆر باوەڕم بە ڕۆح هەیە، دەفیش ئامێرێکی ڕۆحییەو زۆر لە منەوە نزیکە، ئەو کاتەی بەدەستمەوەیە یان دەیژەنم هەست دەکەم دەتوانم بەو ئامێرەوە پەیامەکەم باشتر بگەیەنم.”
ئیمان لەسەرەتای دەست پێکرنییەوە تەنیا لە چالاکییەکانی سەنتەر بەشداریکردووە، لە ٢٠١٧شدا بە بانگهێشتنامە لەگەڵ گروپەکەیدا ڕۆشتونەتە ئەوروپاو لەوێ دوو نمایشیان هەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا لێرە لەگەڵ گروپێک ئیش دەکات کە گروپێکی گەڕۆکە بە ناوی (موشەختە) کە ساڵانە لە کۆنسێرتەکانی ئەوان بەشدار ی دەکات، بەدەر لەوانەش بەتاک لەگەڵ چەند ژەنیاەێک کاری کردووە.
ئیمان دەڵێت”دووکارم وەکو تاکە ژەنیار لە یادی ئەنفال و بارزانییەکاندا لەگەرمیان هەبووە، لە ئێستاشدا لە پڕۆڤەی کاری نوێدام کە ئاستی پێشکەوتوی دەف لای یەکێک لە ژەنیارەکانی تاران بە ئۆنلاین دەخوێنم.”
ئیمان هیوادارە ڕۆژێک لە گروپێکدا کاربکات کە کۆمەڵیک کچ بن بە ئامێری جیا جیا کاری هونەری زۆر جوان پێشکەش بە خەڵک بکەن.
چاوی خەڵک/ تایبەت