کریستیانا سیهاوزن، لە مامانییەوە بۆ ململانێ

کریستیانا سیهاوزن، لە مامانییەوە بۆ ململانێ

کاتێک خەڵک گوێ لە یەکتر دەگرن، بارودۆخەکە دەگۆڕێت

 

 

ئامادەکردن: سەلام عومەر

salamomer@kirkuknow.com

 

هەرگیز بەخەیاڵتدا هاتووە، بۆ خەڵکی لە کاتی سەرهەڵدانی گرفتێکدا زوو دەگەنە رێکەوتن و زووش رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێننەوە! هەموو جارێک ئێمە باشین و ئەوان خراپ و لەڕێ لادەر! زۆرینە لەو باوەڕەدان هەڵەی ئەوانی ترە چونکە چڵێس، بەرژەوەندخواز و تێنەگەیشتوون، بەڵام ئەزمون دەریخستووە کۆتاییهاتن یان بەردەوامیدان بە هەر ململانێیەک زوربەی جار پەیوەندی بە شێوازی ئیدارەدانی ململانێکە یان هەڵبژاردنی ئەو ستراتیژەوە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە دەگیرێتەبەر.

کریستیانا سیهاوزن، راهێنەر و راوێژکاری پێشکەوتوو لە سەنتەری نانسێن بۆ ئاشتی و دیالۆگ لە نەرویج، لەم چاوپێکەوتنەدا تیشکدەخاتە سەر روانگەی سەنتەرەکەیان بۆ دیالۆگ، ئەزمونی کارکردنی لە هەرێمی کوردستانی عیراق و سەرەڕای ئەوەش دواین خولی دەربارەی دیالۆگ و شیکردنەوەی ململانێی بۆ کۆمەڵێک بەشداربووی خوێندنی ئەکادیمی تایبەت بە پەرەپێدانی توانای سیاسی ژنان، کە لەلایەن ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO) )وە  ناوەڕاستی تشرینی یەکەم رێکخرا.

 

 

لە مامانییەوە بۆ ململانێ

کریستیانا سیهاوزن، راوێژکاری پێشکەوتووە لە سەنتەری نانسێن بۆ ئاشتی و دیالۆگ کە بارەگای سەرەکی لە شارۆچکەی لیلەهامەرە کە بە گشتی دەکەوێتە باشوری نەرویج و باکوری ئۆسلۆی پایتەخەتەوە. کریستیانا، ٥٧ ساڵ، سێ منداڵ و کچەزایەکی هەیە. ئەو خانمە میهرەبانە لە بنەڕەتدا مامانی راهێنراوە بەڵام بە ئەکادیمی پەیوەندی نێوان کەلتورەکان، سەرپەرشتیکردن، خوێندنی نێودەوڵەتی و شێوازی وانەوتنەوەی خوێندووە.

کریستیانا دەڵێت، “من بە گوفتار و کردار کار بۆ ئاشتی دەکەم؛ ئامانجم لە ژیاندا، هەر لە تەمەنی هەرزەکارییمەوە ئێستاشی لەگەڵدا بێت، دەستگرتنی ئەوانەیە پشتگوێ خراون.” “من لێبوردەم، بەڵام لێبوردەییم سنوردارە.” “ململانێی من لەگەڵ نادادی و ئەو خەڵکەیە کە بە لووتبەرزی و خودپەسەندییەکی لە رادەبەدەرەوە مامەڵەی خەڵکی تر دەکەن.”

کریستیانا ئافرەتێکی خاکییە و لەو باوەڕەدایە هەموو کەسێک مافی ئازادی رادەربڕینی هەیە، هەرچەندە منیش لەگەڵیاندا ناکۆک بم یان هەر چارەشیانم نەوێن؛ بەڕای ئەو هەڵوێستی لەو جۆرە “وا سانا نییە، تەحەدییەکە بە درێژایی ژیان کاری لەسەر دەکەم”.

 

کریستیانا و کوردستان

سەرەتای دەسپێکردنی پەیوەندی کریستیانا و کوردستان بۆ ١٠ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. لەو ماوەیەدا، کەم تا زۆر بەردەوام بووە لە کارکردن وەک راهێنەری بواری دیالۆگ و شیکردنەوەی ململانێ لەگەڵ رێکخراوی ناحکومی جۆراوجۆر و زانکۆکاندا.

کریستیانا دەڵێت، “حەزدەکەم لە کوردستانی عیراق کاربکەم، چونکە خەڵکەکەیم خۆشدەوێت. زوربەی خەڵکی ئەو ناوچەیە کە من بینیومن کراوە، میهرەبان و میواندۆستن. سەرەڕای ئەوەش زۆر لەو خەڵکانەی کە کارم لەگەڵ کردوون یان راهێنانم پێکردوون بەتوانا، ئازا و کۆششی زۆر دەکەن بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی باشتر. لەبەر ئەوە خۆشم دەوێن هەرچەندە ژیانیان لە کوردستانی عیراق وادەردەکەوێت سەخت و دژوار بێت”.

دەزانم کارکردن لە کوردستان تەحەدییەکی گەورەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی وڵاتانی خۆرئاوا بەردەوام کێشەی زیاتر لە ناوچەکەدا (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) دەخوڵقێنن. “هەست دەکەم، لەو بارەیەوە، تاوانبار و شەرمەزارم.”  هاوکات، ئەو راستییەش دەبینم کە زۆر لە کێشەکانی ناوچەکە (خۆرهەڵاتی ناوەڕاست) لەلایەن ئەوانەوە خوڵقێنراون کە لەوێ دەژین؛ یەکێک لەو کێشانەی بینیومە “چەوساندنەوەی ئافرەتانە”.

 

 

روانگەی نانسێن بۆ دیالۆگ

روانگەی نانسێن بۆ دیالۆگ رێڕەوێکە کە دەرئەنجامی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە ئەزمونە. لە رووی تیۆرییەوە، پشت بە تیۆرەکانی گواستنەوەی ململانێی ژان پۆڵ لێدێرەش و تیۆرەکانی دیالۆگی دەیڤد بۆهم و مارتین بەبەر دەبەستێت. بە ووتەی کریستیانا، ئیلهامیشیان لە سوقرات و گاندی و چەندین کەسایەتی تر وەرگرتووە کە دیالۆگیان وەک میتۆدێک بۆ بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و چالاک بەکارهێناوە.

دیالۆگ زۆر ئاسان دەردەکەوێت، چونکە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی گوێگرتن و پرسیارکردنن. بەڵام بە پێچەوانەوە سەختە، چونکە گوێگری راستەقینە پێویستە بە دیسپلین، خاکی، مێشک کراوە و بە سەبر بێت. گوێگری راستەقینە پێویستە مەیلی لە دیالۆگەکە بێت و بوار بۆ ئەوی تر بڕەخسێنێت. گوێگری راستەقینە بێدەنگ نییە، بەڵکو پرسیاری کراوە دەکات بە مەبەستی تێگەیشتنی ئەوی تر نەک بەلارێدابردنی دیالۆگەکە. کاتێک خەڵکی دەست دەکەن بە گوێگرتن لە یەکتر، بارودۆخەکە دەگۆڕێت. گوێگرتن هێزی زۆری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە؛ سارێژکەرە. لەرێی گوێگرتنەوە، خەڵک هەستی پێزانینیان بۆ دروست دەبێت و هەست دەکەن رێزلێگیراون.

دیالۆگ کارێکی سەختە، چونکە ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە هەمووی دیبەیت و دەمە بە دەمەیە و ئامانج لێی بردنەوەیە. هەر وایە، کاتێک لایەنێک دەیباتەوە، لایەنەکەی تر دەدۆڕێت. زوربەی جاریش ئەوانەی پەراوێزخراون، دەدۆڕێن چونکە رانەهاتوون دەنگ بەرزبکەنەوە یان پێگە و هێزی ئەوەیان نییە دەنگیان بەرزبکەنەوە. لە دیالۆگدا، هەردولا براوەن؛ زیاتر لەیەکتر تێدەگەن و بەهیوای ئەوەی لەو رێیەوە، شتێک بگۆڕێت.

روانگەی نانسێن بۆ دیالۆگ لە هەموو میتۆدەکانی تر جیاواز ترە لەو رووەوە کە دیالۆگەکە بەتەواوی کراوە، گشتگیر و هەموو لایەنەکانی ململانێکە لە خۆدەگرێت، کە تیایدا هەمووان بانگهێشت دەکرێنە سەر مێزی دیالۆگەکە بێگوێدانە پێگە، پۆست و ئاستی زانینی کەسەکە. رێکخەری دیالۆگەکە بەشداربوانی دیالۆگ بە هیچ ئاڕاستەیەکدا نابات و ئامۆژگاری پێشکەش ناکات. بەشداربوانی دیالۆگ خۆیان لێپرسراون لە ناوەرۆکی دیالۆگەکە و دەرئەنجامی پڕۆسەکە.

بەڕای کریستیانا، دیالۆگ لای نانسێن زۆر لە دانوستان و نێوەندگیری جیاوازترە، لەو دوو ڕێگەیەدا، رێکخەرەکە یان نێوەندگیرەکە رابەرایەتی بەشداربوان دەکات بە ئاڕاستەیەکی دیاریکراودا، یان ئامۆژگاری دەدات، یاخود چارەسەر پێشنیاز دەکات. رێکخەر یان نێوەندگیری دانوستان و نێوەندگیری زوربەی جار وەک پسپۆڕ سەیردەکرێت، بەڵام رێکخەری دیالۆگ زیاتر وەک “مامان وایە – یارمەتی خەڵک دەدات رای خۆیان دەرببڕن – ئەزمون، زانین، بیرۆکە و گومانەکانی یەکتر ئاڵوگۆڕ بکەن”.

دیالۆگ لە هەموو شوێنێک بەکاردێت؛ میتۆدێکی گەردونییە. هەموو کەسێک دەتوانێت فێری ببێت و پیادەی بکات. تەنیا پشت بە مەیلی خەڵک بۆی و هاندانی پێویست دەبەستێت تا فیری ببن و بە هیوای ئەوەی بەکاری بێنن. هیچ مەرجێکی پێشوەخت بۆ فێربونی  میتۆدەکە لە ئارادا نییە، بەڵام ئەوانەی حەزدەکەن بەکاریبێنن دەبێت ئامادەبن کار لەسەر خۆیان بکەن و ئەوەندە خاکی بن کە ئامادەی فیربوون بن.

 

 

لەگەڵ پی دی ئۆ (PDO)

کریستیانا دەڵێت،” دوایین راهێنانم لەگەڵ ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO) ) بە یەک ووشە وەسف دەکەم: تا بڵێی “بێنمونە” بوو.

هەروەها دەڵێت، “کارمان لەگەڵ کۆمەڵێک بەشداربووی لێهاتوو و پڕ جۆش و خرۆش بۆ بابەتەکە کرد کە بەتەواوی کاری منیان ئاسان کرد. هاوکات، تیمی (PDO) ئامادەکارییەکی “زۆر زۆر باشیان” کردبوو و زۆر بە شێوەیەکی پیشەیی سەرپەرشتی بەشداربووەکانیان دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، وەرگێڕێکی زۆر بە ئەزمون و پیشەییمان لەگەڵ بوو کە رۆڵی یاریدەدەری راهێنەریشی دەبینی.

دەتوانم بڵێم،” ئەو راهێنانەم لە رێی ئینتەرنێتەوە باشترین راهێنانی دیجیتاڵی بووە لەو کاتەوەی پەتای کۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، سوپاس بۆ رێکخەران و بەشداربوانیش”.

راهێنانی داهاتووی کریستیانا لە کوردستانی عیراق هەر دەربارەی دیالۆگ و شیکردنەوەی ململانێ دەبێت لەگەڵ کۆمەڵێک بەشداربووی شاری هەولێر کە لەلایەن ڕێکخراوی فریاگوزاریی میللەتی نەرویجەوە (NPA) رێکدەخرێت.

ئەمە چیرۆکێکی تەمەن ١٠ ساڵەی کریستیانا و کوردستانی عیراق بوو. پێدەچێت مامانی و رێکخستنی دیالۆگ و شیکردنەوە و چارەسەری ململانێ بە رووکەش زۆر دوور دیار بن. بەڵام ئەوەی لە ئازاری منداڵبوون تێبگات، باشتر لە ئازاری لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکان تێدەگات و باشتر چێژ لە رێکخستنی دیالۆگێکی سەرکەوتوو دەبینێت.

 

 

Leave a comment