سۆلین کەتەلۆنی؛ وەک باشترین گۆڵپارێز بۆ یاری دەست لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشانکرا

199160057_1915342665314245_1226055890034482583_n

سۆلین ئەسعەد میرزا بە سۆلین کەتەلۆنی ناسراوە و تەمەنی ٣٠ ساڵە، ئەو کچە گۆڵپارێزێکی تۆپی دەستی پارێزگای دهۆکە، پێش چەند ڕۆژێک ناسناوی باشترین گۆڵپارێزی لەنێو یانەکانی عێراقی پێبەخشرا و لە ژمارەیەک خولی گرنگیشدا بەشدار بووە.

سۆلین بە(چاوی خەڵکی) ی وت” ھەر لە منداڵییەوە حەزم لە وەرزش بووە، لە خوێندنگەوە دەستم پێکردووە و لە ٢٠٠٧دا لە یانەی ئاکرێ هەڵبژێردراوم و لەگەڵ ئەم یانە لە ژمارەیەکی زۆری خولی جیاواز بەشداریم کردووە، لەساڵانی ڕابردوشدا گەڵ چەند یانەیەکی تری هەرێمی کوردستان یاریم کردووە و ژمارەیەک گرێبەستم هاتووە.”

 

 

ماوەی ٨ ساڵە سۆلین لە یاری تۆپی دەست دوور کەوتۆتەوە، بەڵام هەر لە یاری فوتساڵدا بەردەوام بووە، لە ٢٠١٩دا خولی کوردستان بۆ تۆپی دەست کرایەوە، ئەوگرێبەستی لەگەڵ یانەی (سەنحاریب )دا بەست و لەو کاتەدا توانییان پلەی چوارەم بەدەست بهێنن.

هاوکات سۆلین ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی ڕابردوودا دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ یانەی (دایک_ئاکرێ) بۆ یاری فوتساڵ لە خولی کوردستان و لەو کاتەدا پلەی نایابیان بەدەست هێنا، لەم ساڵیشدا لەگەڵ یانەی (زانکۆی هەولێر) بەشداری کردووە توانیان پلەی سێییەم بەدەست بهێنن، لە هەمانکاتدا سۆلینیش وەکو باشترین گۆڵپارێز لە خولەکەدا خەڵات کرا.

“لەکاتێکدا لەیانەی ئاکرێ یاریم دەکرد ناوم زۆر دیار بوو، چونکە لەو کاتەدا ڕۆلێکی زۆر باشم هەبوو هەروەها بەربەستی زۆرم بینیووە تا گەیشتوومە ئەم ئاستە، بەڵام بەڕاستی خێزانەکەم زۆر هاوکار بوون لەگەڵمدا”  سۆلین وای وت.

 

 

سۆلین کەتەلۆنی پاش ئەوەی ئاستێکی زۆر باش لە خولی تۆپی دەستی عێراقدا پێشکەش کرد، توانیویەتی سەرنجی تیمی ڕاهێنانی هەڵبژاردەی عێراق بۆ خۆی ڕابکێشێت، ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی هەر زوو داوا لە سۆلین بکرێت لە نێو ڕێزەکانی هەڵبژاردەی عێراقیدا یاری بکات، پێشتریش داوایەکیتری پێی گەیشتبوو بەڵام نەی توانیبوو لەو کاتەدا بەشداری بکات.

سۆلین ئەوەشی خستەڕوو” وەرزشی تۆپی دەست لە کوردستان و عێراق بە شێوەیەکی گشتی لە ئاستی پێویستدا نییە و دەبێت زیاتر گرنگی بە خولی تۆپی دەست بدرێت بۆ ئەوەی یاریزان بتوانێت ئاستی خۆی پێشکەش بکات.”

 

 

خەونی سۆلین ئەوەیە کە ڕۆژێک بێت لە هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانیەتیی جیهانیدا بەشداریی بکات، هەر بۆیە داوا لە بەرپرسانی وەرزشی کوردستان و عێراق دەکات زیاتر گرنگی بە وەرزشی کچان لە خولە جیاوازەکاندا بدەن، چونکە ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی کچە وەرزشکارەکان لێرە زیاتر دەبێت.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment