حاڵەتەکانی توندوتیژی لە گەرمیان ڕوو لە هەڵکشانە، خراپ بەکارهێنانی مۆبایل هۆکارێکی سەرەکییە

east-balto-safety-app

ساڵی ڕابردوو لەگەرمیان حاڵەتەکان توندووتیژی دژی ژنان ڕووی لە زیادبوون کردووە، دیارترین حاڵەتەکانیش خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکای مۆبایل بون لەلایەن هاوڵاتیانەوە وەک ئەوەی توێژەرێکی دەرونی و بەڕێوەبەری (شەڵتەری) داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکرەو لەگەرمیان جەختیان لێکردۆتەوە.

لەبارەی ئامارەکان و زانیاری ورد لەسەر کۆی سکاڵاکانی توندوتیژی کە لەسنورەکەدا ئەنجامدراون، نەقیب ئەیوب وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی خێزان و ئافرەتان لەگەرمیان بە (چاوی خەڵکی) ڕاگەیاند: “تەنیا لەماوەی ساڵی ڕابردوو (۹۱۷) سکاڵا تۆمارکراون، لەبارەی حاڵەتەکانی دەستدرێژی سێکسی یشەوە (۱۲) حاڵەت بووە، ئاماژەی بەوەشکردووە (٤) حاڵەتی سوتاندن و (۲) حاڵەتی خۆسوتاندنی ژنان لەگەرمیان تۆمار کراون.

زۆرینەی سکاڵاکان لەلایەن ژنانەوە تۆمارکراون کە (٥٩٨) سکاڵان، لەو ڕێژەیەش زۆرترینی لەقەزای کەلار بوون کە(٥٤٣) سکاڵا ئەنجامدراون.

بەڕێوبەری شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشە لێکراو لەگەرمیان، شلێر عومەر بە (چاوی خەڵک)ی وت: “زۆرینەی ئەو کەیسانەی وەرمانگرتوون. کەیسی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی مۆبایل بوون، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا (٤۰) کەیس ڕەوانەی ئێمە کراون، (٢)حاڵەتی کوشتنی ژنان مان هەبووە، کە دوای گەڕانەوەیان لە شەڵتەر لەلایەن خێزانەکانیانەوە کوژراون.

خەڵات صالح توێژەرێکی دەرونیە لەڕێکخراوی “وادی” ئەڵمانی کار لەسەر پرسی هۆشیاری ژنان و کێشەکانیان و حاڵەتەکانی توندوتیژی دژی ژنان دەبەستێتەوە بە ناهۆشیاری کۆمەڵگەو خێزان لەپرسی ڕەفتار کردن لەگەڵ ژناندا. دەڵێت: “هەموو ژنانی ئێمە بەجۆرێک توندوتیژیان بەرامبەر کراوە (جەستەیی بێت یاخود دەروونی) لەپاڵ ئەوەشدا خراپ بەکارهێنانی مۆبایل توندوتیژی زۆری لێکەوتۆتەوە.

“یەکێک لەهۆکارە باوەکانی ئێستاش کە توندوتیژی زیاد کردوە خراپ بەکارهێنانی مۆبایلە، ئێمە هەردەم بە سیمینار و چالاکی جۆراو جۆر، لەگەرمیان لەنێو شار و گوندەکان هەوڵەدەدەین کە کار لەسەر هۆشیاری ژنان بکەین چونکە هەندێک توندو تیژی هەن کە کۆمەڵگا بە بابەتێکی ئاسایی لێێ ڕوانیوە و ژنانیش واپێناسەی دەکەن، ئەرکی ئێمەیە کە ئەوەیان بۆڕاست کەینەوە، بەجۆرێک ئاستی هۆشیاری ژنان بەرەوپێش ببەین و بتوانن ڕێگربن لەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت.” خەڵات ساڵح وتی.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment