پڕۆژەی گەشەپێدانی توانا ئابووریەکانی ژنان

new

پڕۆژەی گەشەپێدانی توانا ئابووریەکانی ژنان

پڕۆژەی گەشەپێدانی توانا ئابووریەکانی ژنان یەکێکە لە پڕۆژەکانی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO بە هاوکاری ڕێکخراوی Terra Tech ئەڵمانی لەمساڵدا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە کە تایبەتە بە ژنانی ئاوارە و پەنابەر.

هەر لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا ١٠٠ ژن سودمەند دەبن. پڕۆژەکە دابەش دەکرێت بۆ دوو بەش، بەشێکیان تایبەتە بە درومانی و بەشێکیشیان تایبەتە بە کاری هەویر و دەستی ٥٠ ژن بۆ بواری درومانی و ٥٠ ژنیش بۆ بواری هەویر.

لەم کۆرسانەدا بەشداربووان فێر دەکرێن یاخود گەشە بە تواناکانیان دەدرێت بە ئامانجی ئەوەی لە داهاتوودا ئەم پیشەیەی فێری دەبن بیکەنە سەرچاوەیەک بۆ داهاتی خۆیان و پاڵپشتییەک بۆ خێزانەکانیان.

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لەم پڕۆژەیەدا کار لەسەر ئەوە دەکات کە تەنها فێرکردن و گەشەپێدانی تواناکانی ژنان و کچانی بەشداربوو نەبێت بەڵکو کار لەسەر کردنەوەی بازاڕێک دەکات بۆ خستنەڕووی ئەو کاڵایانەی کە لەلایەن بەشداربووەکانەوە بەرهەمدەهێنرێت.

لە ئەنجامدا چەند  گروپێکی کار لە ئەنجامی هەڵسەنگاندن پێکدەهێنرێت و بازاڕی تایبەت بۆ بەشداربووەکان دەکرێتەوە و پاڵپشتی دەکرێت لە پێدانی کرێی دوکان و کەل و پەلەکانی ناو دوکانەکە، بە ئامانجی ئەوەی لەسەر ئەو پیشەیە بەردەوامبن کە فێری بوون.

ئەم پڕۆژەیە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی هەرجارە و کۆمەڵێک ژن بتوانن سودمەندبن و گەشە بە توانا ئابورییەکانیان بدەن و ئەو کاتە بەتاڵانەی کە ڕۆژانە هەیانە بە کارێکی بە سوود پڕی بکەنەوە. لە کۆتاییدا ئەم پڕۆژەیە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی خێزانەکان و دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی بەهێز.

پڕۆژەی گەشەپێدانی تواناکانی ئابووری ژنان بۆ ماوەی ٦ مانگە و لە سێ شوێنی جیاوازی ناو شاری سلێمانی کاردەکەن لە بەکرەجۆ و عەواڵ و خەبات، لە خەبات ٢٠ ژن بەشدارە ١٠ درومانی و ١٠ کاری هەویر، لە بەکرەجۆو خەبات ٤٠ ژن بەشدارن ٢٠ درومانی و ٢٠ کاری هەویر، بە گشتی ١٠٠ ژن بەشدارە لە پڕۆژەکەدا.

ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە دەبەشدەبێت بەسەر دوو قۆناغدا؛

قۆناغی یەکەم کە ڕاهێنان و گەشەپێدانە ٤ مانگ دەخایەنێت بۆ هەردوو بەشی هەویر و درومان.کە لە ئێستادا دەستپێکردووە بەشداربوان بەپێی خشتەیەکی دیارکراو بەشداری لە ڕاهێنانەکان دەکەن.

قۆناغی دووەمی پڕۆژەکە، هەموو بەشداربووانی خولی درومان ئامێری درومانی تایبەت بە خۆیان وەردەگرن و بەشداربووانی کاری هەویریش سەرجەم کەرەستەکانی دوکانیان بۆ ئامادە دەکرێت، جگە لەوەش کرێی دوو مانگی دوکانەکەیان بۆ دەدرێت.

بەشداربووان گەلێک بەم پڕۆژەیە دڵخۆشن و لە ئێستاوە خەون بەو ڕۆژانەوە دەبینن کە دەبنە خاوەن پیشەی خۆیان و هاوکاری خێزانەکانیان بکەن.ئەوەی گرنگە لەم لە پرەۆژەیەدا ڕێوشوێنی تەندروستی رێکخراو گیراوەتەبەر لە پێناو پاراستنی بەشداربوان لە پەتای کۆرۆنا و بەردەوام بوون لە پرۆژەکەدا.

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment