هۆناس بە سێ بەهرەی جیاواز سەرسامت دەکات

120373102_2709239562676689_1577354993999529622_n

هۆناس جەمال سعید، خوێندکاری قۆناغی دووی زانکۆیە لە بەشی ئەندازیاری پزیشکی، ئێستا ئەو ١٩ساڵە، جگە لە ئارەزوی بۆ خوێندن لە بەشەکەی خۆیدا لە سێ بواری تریشدا بە سەرکەوتنەکانی لە وێنەکێشان، موزیک و وەرزش سەرسامت دەکات

بەهۆی حەزو خولیای بۆ تۆپی پێ هۆناس هەر لە منداڵییەوە دەست دەکات بە یاریکردن و سەرەتا لە خوێندنگەکەیەوە دەست پێدەکات و لە دواتردا دەبێت بەیەکێک لە باشترین یاریزانەکان لە پاڵەوانێتی فوتساڵی کچانی نێوان قوتابخانەکان.

پاشان لە ٢٠١٤دا لەلایەن ڕاهێنەرەکەیەوە بانگهێشتکرا بۆ یانەی ئەفرۆدیت، ئەو توانی لەماوەی ٣ ساڵدا دوو پاڵەوانێتی لەسەر ئاستی سلێمانی و قەزاو ناحیەکانی دەروبەری بەدەست بهێنن و لەسەر ئاستی کوردستانیش پلەی دووەم بەدەست بهێنن.

هۆناس دەڵێت” لە ٢٠١٧بە خواستن پەیوەندیم بەیانەی(ثورە) لەکەرکوک کرد، پاشان لە ٢٠١٨دا پەیوەندیم بە یانەی سیروانی نوێ کردو لەماوەی کەمتر لە ساڵێک پلەی یەکەممان بەدەست هێناو توانیمان بۆ یەکەمجار نازناوەکە بهێنین بۆ سلێمانی.”

” لە ٢٠١٩ بە خواستن یاریم بۆ یانەی(نفت المیسان) ی شاری (عەمارە) کردو گەیشتینە چوارگۆشەی زێڕین، بۆ ئەمساڵیش پلەی سێیەمان بەدەست هێنا لە خولی کوردستان و لە ئێستاشدا یاری بۆ یانەی بەلەدی شاری بابل دەکەم لە خولی عێراقدا و لە هەمان کاتدابەردەاومم لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ” هۆناس وای وت.

لەهەمان کاتدا هۆناس وێنەکێشێکی سەرکەوتوە، وێنەکانی بۆتە جێگەی سەرنج خەڵک،لە قۆناغی سەرەتاییدا بەو توانایەی لە وێنەکێشاندا هەیەتی سەرنجی مامۆستاو هاوڕێکانی ڕادەکێشێت، ئەو توانی سوود لە وانەی وێنەکێشانەکەی وەربگرێت جگە لەمە ئەو خۆی خۆی فێر کردوە.

لەو بارەیەوە هۆناس بە (چاوی خەڵک)ی وت”هەموو ساڵێک بەشداری پێشناگاکانم کردووە ئەمەش پشتگیرییەکی زۆر بوو بۆمن، دەمەوێت پێشناگای تایبەت بەخۆم بکەمەوە، چونکە لە ئێستادا وێنەکانم لە ئاستێکی وادان خەڵک داوا دەکەن پێیان بفرۆشم و بیکەم بە بزنسێک بۆ خۆم.”

ئەو بۆ کێشانی وێنەکانی چەند ستیایلێکی بەکار هێناوە، سەرەتابە قەڵەم ڕەساس دەستی پێکردو پاشان بۆیەی ئاوی، ئێستاش لەسەر لەوحە وێنەکان دەکێشێت، وەکو ستایل پۆرترەیت دەکات بە سکەیچ کە تێکەڵی کردوە لەگەڵ فەنتازیادا.

 یەکێکیتر لە خەونەکانی هۆناس ئەوەیە ڕۆژێک پێرفۆرمی پیانۆ بکات بۆ کۆمەڵە کەسانێکی زۆر. ئەوکاتەی هۆناس دەستی کرد بە ژەنینی موزیک ٨ ساڵ بوو، بۆ ئەم مەبەستەش چووە خولێک و فێری ژەنینی پیانۆ بوو، بەڵام بۆ ماوەیەک لێی دابڕا و لە ئێستادا ٣ ساڵە لەماڵەوە دەستی کردەوە بە ڕاهێنان و پێانۆ و گیتار دەژەنێت.

“دەستم کرد بە خوێندنەوە سەبارەت بە موزیکی کلاسیک وسەیری موزیکژەنە کلاسیکەکانم دەکرد،  حەزێکی زۆرم لا پەیدا بوو، دەمویست بەردوام زیاتر فێربم، موزیک ئێستا بووە بە بەشێک لە ژیانم. هۆناس وتی”

سەبارەت بەوەی چۆن توانیویەتی لەو چەند بوارە جیاوازەدا سەرکەوت بێت هۆناس دەڵێت” حەزم لە هەرشتێک بوبێت یەکسەر دەستم داوەتێ و خۆم فێر کردوە، زۆرجار خەڵک دەڵێت چۆن فریای ئەو هەموو شتە جیاوازە دەکەوی بەڵام کاتم بۆ هەمویان داناوە لەبەر ئەوەی خۆشەویستیت بۆ هەرشتێک هەبێت هیچ شتێک ناتوانێت ببێت بەڕێگرلەبەردەمم.”

 

چاوی خەڵک/  تایبەت

Leave a comment