سارا و خەنسا دوو وەرگێری سەرکەوتووی دیاری قەزای شارەزوورن، لەڕێگای کتێبەکانیانەوە بە کۆمەڵگە دەڵێن ئێمەی کچان دەتوانین کاری مەحاڵ ئەنجام بدەین.
سارا ئەنوەری (٢٦) ساڵ، کچێکی سەرکەوتووی بواری وەرگێڕانی کتێبە لەشارەزوور، حەزو خولیای بۆ فێربونی زمانی ئینگلیزی وایکردوە لەقۆناغی هەشتی بنەڕەتیەوە هەوڵبدات، ئەو توانی بەشی زمان لەزانکۆ بە ئاستی زۆر باشە تەواو بکات و لەهەمانکاتدا کاری وەرگێڕانی کتێب بەسەرکەوتویی بکات.
سارا هەموو ئەو ڕێگایانەی بۆ فێربونی زمان گرتەبەر ئەویش بە بەشداری خولی هاوینە و سەیرکردنی فیلم و ھەوڵی تاکەکەسی لەگەڵ ھەڵبژاردنی بەشی زمان، دوای ئەوەش داھاتووی بەند کرد بە پیشەی وەرگێڕان کە لە ڕێگای هەوڵەکانییەوە پێی گەیشت.
” لەمیانی هەوڵەکانمدا توانیم پێنج بەرهەمی گەشەپێدانی مرۆیی و کتێبی پێشەنگی نوسەران وەربگێڕمەسەر زمانی کوردی، هەستمکرد کۆمەڵگەی خۆمان زۆر پێویستی بە گەشەپێدانی زیاترە بەتایبەت قەزاکەم، چونکە زانیاریی کەلتوری و مرۆیی لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی تردەگوازێتەوە تا تێکەڵاوبونێکی کۆمەڵایەتی و لێکتێگەیشتنی زیاتر دروست ببێت بۆ پاراستنی ئاشتی” سارا وای وت
کاتێک مرۆڤ هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی شتێک بدات پێیدەگات بۆیە سارا خاوەنی چەندین بڵاوکراوەیە وەک (هەرگیز کۆڵ مەدە_لەزاری جاک ماوە، سەرکردایەتیکردن- برایان ترەیسی، وەرزەکانی ژیان- جیم ڕۆن، کەسانی سەرکەوتوو چۆن بیر دەکەنەوە- جۆن سی ماکسوێل، نیشانکراو بە زەرد- ئەیچ جاکسن براون و ڕۆشێڵ پێنینگتن).
وهرگێڕان بریتییه له هونهر، هونهریش كۆمهڵێك تایبهتمهندی و چهمك و ئامڕازی ههیه، ئهگهر ئهم وهرگێڕانه نهتوانێت ڕۆشنبیری بهرامبهر تێر بكات، ئهوا پیشه سهرهكییهكهی له دهست دهدات، وە بە پێچەوانەوە.
سارا سەبارەت بە بەرهەمە نوێیەکەی بە (چاوی خەڵک)ی وت” ئەم بەرهەمەیان لەوانیتر تەواو جیاوازە، کاری دیزاین و لەچاپدانی بۆ دەکرێت، لەچوارچێوەی گەشەپێداندا دەسوڕێتەوە و بەرهەمێکی ئاینییە کە خزمەتێکی گەورەیە بە کتێبخانەی کوردی.”
پێگەی ژن لە كۆمەڵگەی كوردیدا بەگشتی لاوازە، بەڵام ژیان لە كۆمەڵگەیەكدا بێ بوونی ژن مەحاڵ دەبێت، دەسەڵاتیش پیادەی پیاوسالاریی کردووە، لەهەمانکاتدا له بواری نوسینیشدا ژنان ههمان ستهمیان لێكراوه، بەڵام نەوەیەکی نوێ لەڕەگەزی مێ لە ئێستادا خۆیان سەلماندوە کە وهرگێڕانیان وهكو چهكێكی نوێ بۆ دیاریکردنی شوێن پهنجهیان بەکار دەهێنن.
خەنسا مەعروف، لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی وەرگێڕە لە دەزگایەکی میدیایی، بەڵام کاری سەرەکی ئەو وەرگێڕانی کتێبە، ئامانجیشی لەو کارە گەیاندنی پەیامە باشەکانی ناو کتێبەکانە بە خوێنەری کورد بەتایبەتی قەزاکەی، هەروەها خۆشەویستی بۆ کارەکەی درککردنە بە پێویستیی کتێبخانەی کوردی بە بەرھەمی باش و بەسوود.
لە ساڵی٢٠١٩دا خەنسا دەستی بەکاری وەرگێڕان کردووە، ئارەزووی زۆری بۆ زمانی ئینگلیزی پاڵنەری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی فێری ئەو زمانە ببێت، هەربۆیە دەرچووی کۆلێژی زمانی ئینگلیزییە.
خەنسا دەڵێت” لە ئێستادا سێ بڵاوکراوەم هەیە لەسەر گەشەپێدانی خودی و گەشەپێدانی مرۆیی بازاڕسازی، کتێبی وەرگێڕان وەسیلەیەکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی هزری و زانستی و ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگا، هۆکارێکیشە بۆ ئەوەی نەوەیەکی زاناو وشیار پێبگەیەنێت.”
خوێنەری کتێبەکانی ساراو خەنسا لە ئاستێکی زۆر باشدایە، لەبەرئەوەی ناوەڕۆکی کتێبەکان لە چواردەوری بابەت گەلێکدان کە مەیلی خوێنەری کوردیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە.
پەیام نەجمەدین یەکێکە لەخوێنەرانی ئەو دوو کچە وەرگێڕە و وتی” لەکورستان وەرگێڕی زۆری کتێبە جیهانیەکان هەن و کاریگەرییان لەسەر خوێنەر هەیە، بەڵام وەرگێڕەکان زیاتر پیاوانن، جێی دڵخۆشیە لەم چەند ساڵەی دوایدا وەرگیڕی کچ زۆر بووە.”
” زیاتر کتێبی وەرگێڕاو دەخوێنمەوە، لای من کێشە نیە وەرگێڕەکە کچ بێت یان پیاو، گرنگ توانیبێتی مانای دروستی وشەکان بدات بەدەستەوە، بەڵام وەرگێڕە کچەکان وەڵامی ئەوەیان داوەتەوە کە دەتوانن شانبەشانی پیاوان ڕۆشنبیربن و بڵێن کتێبخانە تەنها هی پیاوان نیە.” پەیام وای وت
لە جەوهەردا وەرگێڕان بریتینییە له گواستنهوهی زمانهوانی، بەڵکو گواستنەوەی ڕۆشنبیری و کلتورێکی وڵاتێکە بۆ کلتوری ئەو وڵاتەی وهرگێڕانهكهی بۆ كراوە و دوبارە لەدایکبونەوەیانە.
هێمن قادر گەنجێکی وەرگێڕی قەزای شارەزوورە، لە ساڵی ٢٠١٣وە کاری وەرگێڕان دەکات و خاوەنی (٢٥)بەرهەمی چاپکراوە، وەرگێڕان بووە بەبەشێک لە ژیانی ئەو، کتێبەکانی پەروەردەیی و ئیمانی و گەشە پێدانی مرۆیین.
هێمن وەکو وەرگێڕێک دڵخۆشە بە هاتنە ناوەوەی ڕەگەزی مێ بۆ ناو بوارەکە بەتایبەت کچانی قەزاکەی، چونکە بە تێڕوانینی ئەو کچان و ژنان زۆرجار جوانتر وشهكان دهسازێنن و دهتوانن دوباره ڕۆحێكی زیندوو به بهری دەقە لاوازەکانیشدا بکەن.
هەر لەوباەرەیەوە هێمن قادر دەڵێت” لەئێستادا وهرگێڕ لەڕەگەزی مێ زۆر كهمه، بهڵام ئەگەر ڕێگهیان پێبدرێت كاری ناوازه ئهنجام دهدهن، ئهو كهسهی ههڵچنین بۆ وهرگێڕانی کارەکانی من دهكات، خاتوو (شۆخان علی)ە لە شارەزوور، توانایهكی زۆر لێوهشاوه و وردەكاری ههیه له (پیت چنین، داڕشتنهوه، دووباره سازاندان و ڕاستكردنهوهی ڕێنوسه كوردییهكان)، زۆرجار هێنده جوانكاری كردوه له ڕێنوسهكاندا خۆم نایان ناسمهوه.”
“پهرتوكی (ههرگیز كۆڵ مهده)ی سارا ئهنوهر، هونهر و دهست ڕهنگینی زۆر تێدا بهكارهێناوە، توانیویهتی جارێكی دیكه دهقهكه زیندو بكاتهوه، هەرچەندە یهكهم کاری بوو بهڵام له وهرگێڕێكی به ئهزمون دهچێت کە ئەوکاەکی کردبێت، هاوکات خەنساش به هاوكاری لهگهڵ مامۆستا (حهیدهر ئیبراهیم) كارێكی ناوازهیان بۆ پهرتوكی (هێزی خوو) كردووه، جێگهی ستایش كردنێكی زۆرن، لەڕاستیدا مێینە بونی خۆیان سەلماندوە.” هێمن وتی.
لەقەزای شارەزوور زیاتر لە چوار وەرگێری ڕەگەزی مێ لەبوارەجیاوازەکاندا هەیە، ئەم ڕێژەیەش لەزیادبوندایە، چونکە ئەوان کاری وەرگێڕانیان کردوە بە پیشە و لەهەمانکاتدا هانی کچانی قەزاکەیان بۆ هاتنە ناو بوارەکە دەدەن.
چاوی/ خەڵک