بەشی سێهەم لەو یاسایانەی تایبەتن بە مافەکانی ژنان،( گرێبەستی هاوسەر گیری)

1524001575_svidetelistvo-o-brake

یاسای باری کەسێتی عیراقی لە مادە ٣دا بەو شێوەیە پێناسەی کردووە( هاوسەرگیری گرێبەستێکی ڕەزامەندییە لەنێوان ژن و پیاوداکە هەریەکێکیان بۆ ئەوی دی حەڵاڵ دەکات لە ڕووی شەرعەوە، ئامانجیش درووست کردنی خێزانێکە لەسەر بنەماکانی خۆشەویستی و میهرەبانی و بەرپرسیارێتی هاوبەش بە پێی بڕیارەکانی ئەو یاسایە.

پایە و مەرجەکانی گرێبەستی هاوسەرگیری

لە مادەی ٤ لە یاسای باری کەسێتیدا هاوسەرگیری بە ئیجابی یەکێک لە لایەنەکان کە له زمان یان داب و نەریتەوە وەربگیرێت و قبوڵ کردنی لە لایەنی بەرامبەرەوە دادەمەزرێت، وەکیلیش دەتوانێت لەبری دابنیشێت.

پێویستە ئەو مەرجانە لە گرێبەستی هاوسەرگیریەکەدا هەبێت بەپێی مادەی ٦ کە دەڵێت (گرێبەستی هاوسەرگیری دانامەزرێنێت ئەگەر یەکێک لە مەرجەکانی دامەزراندی تیا نەبوو یان یەکێک لەو خاڵانەی خوارەوەی لەدەست دابوو.

١- پێویستە (ئیجاب و قبوڵ)ەکە لە یەک دانیشتندا بێت

٢-ئامادەبوونی دوو شایەتی شایستە لە ڕووی یاساییەوە.

٣- نابێت گرێبەستەکە بەسرابێتەوە بە مەرجێکەوە یان بە ڕوداوێکی ڕوو نەداو.

مەرجەکانی(ئیجاب و قبوڵ)

١- پێویستە (ئیجاب و قبوڵ)ەکە لەیەک دانیشتندا بێت (اتحاد المجلس)، واتە ئەو دانیشتنەی کە قبوڵەکەی تیادا کراوە هەمان ئەو دانیشتنەبێت کە ئیجابەکەی تیادا کراوە و ڕاستەو خۆ وەڵامی ئیجابەکە بدرێتەوە، واتە ئەگەر کەسێک ئیجابەکەی کردوو و پێش قبوڵ کردنی ئیجابەکە بابەتی دانیشتنەکە گۆڕا بۆ باس و خواستێکیتر کە پەیوەندی بە ئیجابەکەوە نەبوو و دواتر ڕەزامەندی دەربڕی، ئەوە بە قبوڵێکی دروست دانانرێت، بەڵام ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە خوازبێنی و مارەیی هەبوو ئەوا هاوسەرگیریەکە دادەمەزرێت.

٢-پێویستە قبوڵەکە ڕازیبوونی ئیجابەکە بێت، واتە دەبێت قبوڵەکە هاوڕا بێت لە گەڵ ئیجابەکەدا، بۆیە ئەگەر جیاواز بوو گرێبەستەکە دانامەزرێت.

٣- پێویستە پێش قبوڵ کردن کەسی یەکەم لە ئیجابەکەی پەشیمان نەبوبێتەوە، بۆیە ئەگەر پەشیمان بۆوە لەو ئیجابەی کردوویەتی پێش قبوڵ بوونی دروستە و ناچارنییە پێوەی پابەند بێت، قبوڵکردنیشی لە لەیەنی بەرامبەر وەک ئیجابێکی نوێ دادەنرێت، لەدەست دانی ئەهلیەتی کەسی یەکەم پێش قبوڵکردن وەک پەشیمان بونەوە حسابی بۆ دەکرێت.

٤-دەبێت (صیغەی) گرێبەستەکە (مونجەز) بێت، واتە نەدرابێتە پاڵ کاتێکی داهاتوو، هەڵنەواسرابێت بە مەرجێکەوە کە لە کاتی گرێبەستەکەدا بوونی نییە، وەک ئەوەی پیاوێک بە ژنێک بڵێ سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەتهێنم ژنەکەش بڵێ قبووڵم کرد، چونکە ئەم گرێبەستە دانامەزرێت نە لە ئێستاو نە لە داهاتودا.

چەند خاڵێکی گرنگ هەیە کە لە دەقی یاساکەدا بە ڕوونی ئاماژەی پێنەداوە وەک:

٭ نابێت مارە بڕینەکە کاتی بێت وەک (زواج المتعە)و(زواج التحلیل) وەک ئەوەی لە ناو کۆمەڵگای کوردیدا، زۆر کات دەیبیستین بە ناوی تەڵاق چاکردنەوە،کاتێک ژنەکە لە کەسێکی تر مارە دەکرێت و شەوێک لای دەبێت، پاشان تەڵاقی دەدات و دەگەڕێتەوە لای هاوسەری یەکەمی، ئەوەش بۆتە داب و نەریتێکی فاسد لەناو کۆمەڵگای کوردیدا.

٭نابێت مەرجی ناڕێک و هەڵوەشاوەی تێدا بێت وەک (نکاح الشغار)، کە بریتیە لەوەی پیاوێک کچەکەی خۆی لەیەکێک مارە ببڕێت بە مەرجێک ئەویش کچی خۆی بدات بە ئەو لەهەمانکتدا مارەی لە نێوانیاندا نەبێت کە ئەمەش بەداخەوە لە ڕابردوودا زۆر باو بووە لە نێوان کۆمەڵگەی کوردەواری دا و کۆمەڵێک ئاسەواری خراپی بەدوای خۆیدا بە جێ هێشتووە.

ئامادەکردنی: پارێزەر/ ساکار عطا محمد

 

چاوی/خەڵک

 

Leave a comment