ڕووخۆش صاڵح ژنێکى پارێزگاى هەڵەبجەیە و رۆژانە چەند کاتژمێرێک لەناو باخەکەیدا بەسەر دەبات بۆ خزمەتکردنی باخ و نەمام و گوڵەکان. و بەخزمەتی باخچەکەی بە سەوزترین ماڵی دەڤەرەکەی دیاریکراوە.
رووخۆش لەساڵى 1969 لەدایکبووەو خاوەنى پێنج منداڵە و خاوەنى پیشەیەکە کە جیاوازە لەپیشەى خانمان ئەویش باخدارى و خزمەتکردنى سەوزترین ماڵى دەڤەرەکەیەتی.
بیرۆکەى دروستکردنى باخەکەى ماڵەوەى ڕووخۆش لەگەڵ هاوسەرەکەیدا بووەو پێکەوە بونیادیان ناوە. ئەگەر چى 17ساڵە هاوسەرەکەى کۆچى دواى کردووە بەڵام ڕووخۆش لەگەڵ باخەکەیدا بەردەوامە.
لەساڵى 1996 ڕووخۆش و هاوسەرەکەى خانویەکیان کڕى کە سەرەتا کەلاوە بوو، ساڵێک دواى ئەوە کردیان بەخانوو. ڕووبەرى خانوەکەیان 600مەتر چوارگۆشەیە کە تەنها 150مەترى بینایە و ئەویترى کەدەکاتە 450مەتر کردویانە بەسەوزى بەهەموو جۆرەکانیەوە.
ڕووخۆش دەڵێت “18ساڵ لەمەو پێش لەگەڵ هاوسەرم پێش ئەوەى کۆچى دوای بکات، پێکەوە ئەم باخەمان دروستکرد، هاوسەرم نەمام و گوڵى تایبەتى لەشارەکانى تر بەتایبەت سلێمانى بۆ هێنا و چاندمان. هەندێک لەو نەمام و گوڵانە لەهەڵەبجە دەگمەن بوون و تەنها ئێمە لەو کاتەدا هەمان بوو،هەمووجۆرە میوە و گوڵێکمان هەیە بەپەلک یان بەرزى.”
ژن بیت و کارى ماڵدارى بکەیت ئەرکێکى قورسە چ جاى ئەرکێکى دیکە بگریتە ئەستۆ، ڕووخۆش نازى گوڵەکانیشى هەڵدەگرێت و سپێدەى بەیانیان لەگەڵ ئەوان بەسەردەبات.
ڕووخۆش بەچاوى خەڵکى وت “هەممو بەیانیەک کاتێکى تایبەتم داناوە بۆ خزمەتکردنى گوڵ و درەختى باخەکەم و کاتژمێر و نیوێک بۆ دووکاتژمێر سەرقاڵى دەبم و هەندێ کاتیش ئێواران بەتایبەت لەوەرزى هاوین لەدواى کاتژمێر پێنج دەچمە نێو گوڵەکانم. چۆن پەروەردەى منداڵ دەکەیت دەبێت بەو جۆرە خزمەتى گوڵە کان بکەیت، وە زۆرکەم دەچم بۆ سەردان لەبەر دورنەبونم لەباخەکەم گەر جارێک جێمهێشتبێت ئەوا سپاردوومە بەکچێکم.”
ڕووخۆش گوڵەکانى کردووە بەهاوڕێى خۆى و شارەزەى ژیانیان و گەشەکردنیان لەژینگە تایبەتەکەى خۆیان بووەو وەک خۆى دەڵێت: گوڵەکان دەناسمەوەو دەزانم لە چ ژینگەیەکدا گەشەدەکات، ئەوانە کە لە شوێنى شێدارو سێبەر گەشەدەکەن لە ژێر درەختە بەرزەکان دەیانچێنم و ئەوانیتریش لەبەر هەتاو.
خانمى باخەوان ئاوى درەختە بەرزەکانى دەدا و سۆندەکەى داناو میوەیەکى بۆلێکردینەوەو وتى” هەقە ناوم بنێن باخەوانى نمونەیی چونکە شارەزاییەکى باشم پەیداکردووە، هەردرەختێک یان گوڵێک بزانم بەرەو پیربوون و نەمان دەچن ئەوا پەل و قەڵەمى نوێ لە بنیان دادەنێم تاوەکو دیسان سەوزببنەوە. گرنگە شارەزایت هەبێت لە خزمەتکردنیان. من وەرزانە لەکات و دەمى خۆى گوڵى نوێ دەچێنم،وە تۆوى گوڵەکان دەگرم تاجارێکیتر بەکاریان بهێنمەوە زۆربەکەمى ڕووم لەبازاڕ کردووە بۆ کڕینى تۆووى گوڵ بۆ چاندن.
ماڵەکەى لەنەمامگەیەک دەچێت،گەر سەرنج بدەینە دوو درەختە باڵابەرزەکەى بەردەرگاى حەوشەکەى کە دانەیەکیان گوڵى دەگرت و ئەویتریان بە گەڵاو پەلو پۆپەکانى بەردەرگاکەیان کردبووە شوێنى حەسانەوە، گەر ڕێت بکردبا دڵ دانیشتنێکى دە خولەکی لەژێر ئەودرەختانە دەخواست هەتا نێرگزە بێ گوڵەکان و قەیسیە بەبەرەکان و گوڵە خوێن سورییەکە گومان دەبەیت کە ئەمە نەمامگەیەک بێت یاخود پارکێک.
بەنیگایەکى پڕ مانددوو و بەڕێکردنى تەمەنێک لەنێوباخەکەیدا ڕووخۆش وتى” حەزم بەدانانى نەمانگەیەک بووە، بەهۆى شارەزایى لە کارەکە بەڵام بەهۆى بونى تێچوى زۆر لەڕووى مادییەوە توانام نەبووە دایبنێم هەرچەندە لەپلانمدا هەیە.”
رووخۆش بەردەوام لەگوڵەکانى دەبەخشێت و بەدەستە ماندووەکانى لەنێو ئینجانەش بۆ ئەوکەسانە دەچێنێت کە خواستیان لەسەرەوە و داواى دەکەن.
لەنێو پەنجا ماڵ تۆڕى ڕێکخراوەکانى هەڵەبجە ماڵەکەى ڕووخۆشیان بە سەوزترین ماڵ دیارى کردوو و خەڵاتى ڕێزلێنانیان پێ بەخشیوە هەروەها لە کۆتایى ساڵى پاریشدا ڕێکخراوى ژینگە دۆستى سویدى بە سەوزترینى ماڵى کوردستان ماڵەکەیان دیارى کردووە ڕێزلێنانیان پێبەخیشوە کەئەنجامى پێشبڕکێیەک بوو لەسەر ئاستى هەرێم، دوابەدواى ئەویش شارەوانى شارەکە دەچنە ماڵەکەى و شکۆنامەى پێدەبەخشن.
وەک ناوەکەى ڕووشى خۆشە بە خەندە و پێکەنینەوە وتى “ئەم جۆرە سەوزییە تێکەڵە ماڵەکەمى جیاوازکردووەو ئەکرێت بڵێم یەکەم ماڵم لەهەرێمى کوردستان کە بەم جۆرە گرینگیم دابێت بەسەوزى، ماڵەکەم لەناوەڕاستى شارەو نزیکى بازاڕى شارەو سەوزترین گەڕەکمان هەیە لەشارەکەداو هەمیشە هانى کەس و کارو هاوڕێیانم دەدەم کە گرنگى بەچاندنى درەخت و گوڵ بدەن لەبرى کردنەوەى بینا.
کاتێک ویستمان لەسەر شۆستە بچووکە یەک مەتریەکەى کە ئەمبەرو ئەوبەرى درەخت و گوڵ بوون بەرەو دەرگاى حەوشە بێین و ماڵئاواى لە ڕووخۆش و باخەکەى بکەین ،ڕووخۆش وتى “هاوسەرم دووئامانەتى بۆ جێهشتووم یەکێکیان منداڵەکانمەو ئەویتریشان ئەم حەوشەگەورە پڕ لەسەوزییەیە، دڵم زۆر خۆشە بەم حەوشەیە و زۆر ئاسودەم دڵخۆشى خۆمى تێدا دەبینم.
چاوی خەڵک / تایبەت