لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، نزیکەی 200 خێزانی کەمپی شاریا زیانیان لێکەوت

196774886_254797233107589_1863706164596113095_n

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 4ـی حوزەیرانی 2021 دا و لە ڕووداوێکی ئاگرکەوتنەوەدا، نزیکەی 200 خێزانی ئاوارەی کەمپی شاریا لە دهۆک زیانیان لێکەوت و داوای هاوکاری دەکەن.

لەم بارەیەوە بێوار عەبدولعەزیز بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرگری شارستانی لە پارێزگای دهۆک بە (چاوی خەڵک) ی ڕاگەیاند “بەپێی ئامارەکان 289 چادری ئاوارەکانی کەمپی شاریا لە ڕووداوی ئەمڕۆ دا سووتاون و زیانی ماددی زۆر بە ئاوارەکان کەوتووە.”

هەروەها ئاشکرا کرد، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا 24 کەس بریندار بوون کە 10 لەو کەسانە لە تیمی ئاگرکوژێنەوەن و بریندارن.

نادیرە عیدۆ کە ئاوارەی کەمپی شاریایە بە (چاوی خەڵک) ی وت  “گازندەمان لەوەیە کە سەرباری بوونی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە لە کەمپەکەدا بەڵام دوای 45 دەقە ئەوان گەیشتونەتە شوێنی ڕووداوەکە کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی سوتاندنی ژمارەیەکی هەرە زۆری چادرەکان.”

ئاماژەی نەوەشدا، چەند چادری خێزانی ئێمەش سووتا و هەموو کەل و پەلمان تێیدا بووە و لە ئێستادا هیچ شوێنێکی ئێمە نییە کە تێیدا بخەون و ژیانی خۆی تێیدا بەڕێوە ببەن.

لەئێستادا و بەپێی ئامارەکانی سوتانی چادرەکان زیان بە نزیکەی 200 خێزان کەوتووە و خەڵکی کەمپەکە داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن کە بە زووترین کات بەهاناوەیان بچن و هاوکاری پێویست بۆیان دابین بکەن.

کەمپی شاریا دەکەوێتە سنووری پارێزگای دهۆک و نزیکەی 12 هەزار ئاوارەی خەڵکی قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر تێیدا نیشتەجێن و پێش حەوت ساڵ و لەکاتی داگیرکردنی ئەو ناوچانە لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە لە هاوینی ساڵی 2014 دروستکراوە.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment