لاساری ( نشوز) لە پڕۆسەی هاوسەر گیریدا

948741

ئامادەکردنی / پارێزەر ساکار عطا محمد

مادەی (٢٥)/ بڕگەی یەکەم /لە یاسای باری کەسێتی بەم شیوە پێناسەی لاساری (نشوز) ی کردووە بەوەی بریتیە لە خۆبەگەورە زانینی یەکێک لە دوو هاوسەرەکە لەسەر ئەوی دیکەیان وەک ئەم حاڵەتانەی خوارەوە:

١.  کاتێک مێرد ژنەکەی بەجێبهێڵێت یاخود ژنەکە ماڵی مێردی بەبێ مۆڵەت و بەبێ ڕووی شەرعی بەجێ بهێڵێت.

٢.  بە خراپ جێبەجێ کردنی ئەرکی هاوسەرگیری هەریەک لە دوو هاوسەرەکە یان کەمو کوڕی نواندن بە مەبەستی زیان گەیاندن بەوی دیکەیان.

٣. ئامادە نەکردنی ماڵی شەرعی لە لایەن مێردەوە بۆ ژنەکەی بە جۆرێک لەگەڵ باری کۆمەڵایەتی و داراییدا بگونجێ.

٤. قەدەغە کردنی مێرد یان ژن بۆ هاتنە ناو ماڵ بەبێ پاساوێکی شەرعی.

 

دووەم/ پێویستە لەسەر دادگا پەلە نەکات لە دەرکردنی حوکم بە لاساری یەکێک لە دوو هاوسەرە، تاکو بە تەواوی ئاگاداری هۆیەکانی لاساری نەبێ وە دەبێ هەموو هەوڵەکانی بە کار بهێنێت بۆ نەهێشتنی ئەو هۆیانەی کە ڕێگرن لە پێشی،واتە پێویستە بە باشی لە گرفتەکە بکۆڵنەوە تا دەگەنە ڕەگی بابەتەکە ئەو کات حوکمی لاساری دەربکەن.

سێیەم/ لاساری بە هۆیەک لە هۆیەکانی جیا بونەوە دادەنرێت دوای تێپەڕ بونی شەش مانگ لە وەرگرتنی حوکمی لاساری پلەی یەک لاکەرەوە بەم شێوەی خوارەوە:

١- ئەگەر پیاوەکە لاسار بوو، ئەوا پێویستە بژێوی ژنەکەی بە درێژای ماوەی لاساری بدات و لەکاتی حکم دان بە جیابونەوە پێویستە مارەی پێشەکی و پاشەکی و بژێوی عیددە بدات قەرەبوی ئەو کەم و کوڕیە بدات کە هاتۆتە سەری، واتە هەر مافێکی ئافرەتەکەی کەوتبێتە لا دەبێت قەرەبوی بداتەوە..

٢- ئەگەر ژنەکە لاسار بوو ئەوا لە بژێوی بێبەش دەکرێ مارەی پاشەکی ناکەوێت لە حاڵەتی بڕیاردان بەجیابونەوە لەدوای گواستنەوە (دخول)، ئەگەر هەموو مارەییەکەی وەرگرتبێ دەبێ نیوەی ئەوەی وەری گرتووە بیگێڕێتەوە، بەڵام ئەگەر جیا بونەوە پێش گواستنەوە بێت ئەوا مارەیی پاشەکیەکەی ناکەوێت و ناچار دەکرێ ئەوەی وەری گرتووە لە مارەیی پێشەکی بیگەڕێنێتەوە.

چوارەم/ جیابونەوە بە پێی حوکمەکانی ئەم ماددەیە بە طڵاقی بائن دادەنرێ لە جۆری بینونەی بچوک واتە یەک طلاقی دەکەوێت و ئافرەتەکە دەتوانێت شو بکات بە کەسێکی تر هەروەها دەتوانێت شو بکاتەوە بە هاوسەری یەکەمی بە مارەی و گرێبەستی تازە.

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment