شلێر لیمۆ، یەکەم ژنە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان مۆڵەتی گشتی بۆ لێخوڕینی لۆری وەربگرێت، لە ٢٠٠٨ دا توانی ببێت بە ڕاهێنەری گشتی بۆ فێرکردنی ژنان و پیاوان بۆ لێخوڕینی لۆری و تا ئێستاش بەردەوامە.
شلێر لیمۆ، خاوەن و بەڕێوەبەری نوسینگەیەکی شۆفێرییە، لە نوسینگەکەیدا زیاتر لە ٧ ڕاهێنەر کاردەکات هەمویان وەک یەک خێزانن، شلێر لە پێشتردا خاوەنی چەند کارێکیتر بووە، بەڵام بە پلەی یەک کاکردن لە نوسینگەکەی زۆر خۆشحاڵی دەکات.
شلێر غەریب، لەناو کۆمەڵگە ناسراوە بە شلێر لیمۆ، ئەمەش وەک شانازیەک و خۆشەویستییەک بۆ دایکی بۆیە بەناوی ئەو خۆی دەناسێنێت، چونکە لەتەمەنی منداڵیدا دایکی لەدەست دەدات.
شلێر بە( چاوی خەڵک)ی وت”لە تەمەنێکی زۆر لاوییەوە تا ئێستا کاری زۆرم کردووە و بەردەوامیش هەوڵی گۆڕینیانم داوە، بۆ ئەوەی بزانم لە چ کارێکدا سەرکەوتن بەدەست دەهێنم. کاتێک ١٦ ساڵ بووم کاری چنینم دەکرد و لەبازاڕ دەمفرۆشتەوە، دواتر خۆم فێری کڵاش چنین کردو لەوەشەوە فێری درومان بووم، زۆر پەرەم بە درومانەکەدا، بەهۆی جوانی و ڕێکی ئیشەکەم زۆرینەی بازاڕم قۆرغ کرد کە شتەکان لەمن بکڕن،کارگەیەکی بچوکم بۆ درومان دانا کە ٤بۆ٥ کەس لای من کاریان دەکرد، دوای ماوەیەکیش کاری ئارایشتگام کرد، دوو ئارایشتگای گەورەم لە هەولێر و سلێمانی دانا، بە هەردووکیان نزیکەی ١٦ کەس تێدا کاریان دەکرد”
دوابەدوای ئەوە شلێر حەز دەکات کاری دایەنگە بکات، بەهۆی ئیشکردنی لەو بوارە تێبینی ئەوەیکرد ئەو دایکانەی منداڵەکانیان دەهێنن بۆ دایەنگە کێشەی هاتوچۆیان هەیە و ناتوانن منداڵەکانیان بگەیەنن وخۆشیان لە کار دوا دەکەون، هەر لەوکاتەدا پرسیار لە هەر دایکێک دەکات کێشەی نەبوونی مۆڵەتی شۆفێریان هەبوو کە ئەوکاتە دەیان ویست لەلایەن ژنێکەوە فێر بکرێن، بۆیە شلێر بیر لەوە دەکاتەوە خۆی نوسینگەیەکی شۆفێری تایبەت بە فێرکردنی ژنان دابنێت.
” لە ٢٠٠٥کاتێک نوسینگەکەم دانا بۆماوەی ٣ مانگ هیچ ژنێک نەهات ناو بنوسێت، یەکەم فێر خواز کە هات لە ڕەگەزی نێر بوو، من هەمیشە بانگەواز بۆ یەکسانی ژنان و پیاوان دەکەم، بۆیە لەو ساتەوە بڕیارمدا تەنیا نوسینگەکەم بۆ ژنان نەبێت، بەڵکو هەردوو ڕەگەز بتوانن مۆڵەتی شۆفێری لێرە بەدەست بهێنن” شلێر وای وت.
شلێر لیمۆ سەبارەت بە شۆفێریکردنی ژنان بۆ لۆری دەڵێت” کاری شۆفێری لۆری کارێکی قورسە بەڵام ئێمە هەمیشە دەڵێین ژنان و پیاوان یەکسانن، کەواتە دەبێت لە کارەکانیشدا یەکسان بن، نەک تەنیا بە نووسین یان بۆ ڕۆشتن لەسەر شەقام یاخود بە جل و بەرگ، چونکە ژن بون لە وڵاتی ئێمە کارێکی سەختە، ئەگەر بتەوێ کارێکی گەورە یان جیاواز بکەی بەدڵنیاییەوە ڕوبەڕووی تانە و تەشەرو قسەی خەڵکی بەباش و خراپ دەبیتەوە، کاتێک ژن بوویت دەبێت دایکێکی باش و هاوسەرێکی ڕازاوە بیت، هەروەها ژنێک بیت وەک پیاو توانای کارت هەبێت و لەهەمان کات ژنێکی خان و مان بیت بۆ ئەوەی بتوانی بچیتە ناو کۆمەڵگە.”
لەکۆتاییدا شلێر بە ژنان دەڵیت” ژنی ئازاو ئازاد ئەوەیە کە نەوەی دروست بۆ کۆمەڵگا بخاتەوە، هەروەها پێویستە ژنان بوێر بن چونکە بەدرێژایی مێژوو بەربەست بۆ ژن بەبیانوی جیاواز دروست کراوە، بەڵام گرنگ ژن خۆیەتی بەپێی توانای خۆی کاربکات وبڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات، گوێ بە قسەکانی سەر شەقام نەدات و کاریگەری نەبێت لەسەری چونکە زۆر جار ژن دەبێت بەقوربانی داب و نەریت و بەشەرمەوە ناتوانێ داوای مافە سەرەتاییەکانی خۆی بکات، زۆر گرنگە بۆ ژنان نەوستن لەو کارەی دەیانەوێت بیکەن پێویستە لە بچوکترینەوە دەست پێبکەن تا دەگەنە گەورەتین ئیش.”
چاوی خەڵک/ تایبەت