ئەفغانستان؛ ناوی دایك بۆ پێناسی شارستانی منداڵ زیاد دەکات

_114421950_gettyimages-527520350

سەرۆك ئەشرەف غانی لە کۆتایدا واژۆی لەسەر بریاڕی هەموارکردنەوەی یاسایەکی وڵاتی ئەفغانستان کرد، کە تێدا ڕێگە دەدات ناوی دایك لەسەر پێناسی باری شارستانی منداڵەکانیان تۆمار بکرێت، ئەمەش دوا بە دوای چەندین ڕەخنە و کەمپینی ڕێکخراوەکانی ژنان دێت لەسەر ئەو بابەتە.

بە گوێرەی یاساکانی ئەو وڵاتە، تا ئێستا تەنها ناوی باوك لەسەر پێناسی منداڵ تۆمار دەکرا، ژنان لە گەورەترین مافیان بێبەش کرابوون کە ناویان لە تۆماری کەسی منداڵەکانیان تۆمار بکرێت. لە کلتور و یاسای ئەو کۆمەڵگەیە بەکارهێنانی ناوی دایک لەپاڵ منداڵەکانیان قبوڵ نەکراوە و تەنانەت وەك سوکایەتی پێکردنیش بۆ کەسێك بەکاریان دەهێنا.

بە نزیکەی سێ ساڵ پێش ئێستا کەمپینێك بە هاشتاگی (کوا ناوی من ) ڕاگیەندرا، زۆرێك لە ناوداران و هونەرمەندان و هەروەها ئەندامانی پەرلەمانی ئەو وڵاتە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو کەمپینە دەربڕی، ئەمەش سەرەتایەك بوو تاکو حکومەتی ئەفغانستان ناچار بکات بیر لە هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسی ئەو وڵاتە بکاتەوە.

زیاد کردنی ناوی دایک لە پاڵ ناوی باوک لە ئەنجامی کار و چالاکی دوو دەیەی بەردەوامی ڕێکخراوی ژنانە لەو وڵاتە.

لە دوای ڕوخانی دەسەڵاتی تاڵیبان لە 2001  بێگومان ڕۆڵی سۆشیاڵ میدیا بەرز دەنرخێنرێت، زۆر چالاکوان دەستیان کرد بە بڵاوکردنەوەی ناوی خۆیان و دایکیان وەك پشتگیریەك بۆ کەمپینەکە.

لەیلا عوسمانی، خاوەن بیرۆکەی کەمپینی #کوا ناوی من لە چاوپێکەوتنێکی بۆ تەلەفیزیۆنی BBC  ئەفغانستان دەڵێت زۆر خۆشحاڵ بوو ئەنجامی کەمپپینەکەی بۆتە هۆی ئەوەی حکومەت بیر لە هەموارکردنەوەی یاسای ئەو وڵاتە بکاتەوە تاکو زیاتر مافی ژنان دەستەبەر ببێت.

لە درێژەی وتەکانیدا ئامەژەی بەوە دەدات کە بنچینەی دەوڵەت بەندە لەسەر هاوڵاتیانی، بۆیە دەبێت گوێ لە داواکاریەکانیان بگرێت، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی هەر یەك لە سەرۆك ی ئەو وڵاتە و جێگرانی دەکات بۆ بەدەمەوە چونی داواکانیان،هەروەها سوپاسی گشت ژنان و پیاوان دەکات کە بەهەرشێوەیەك پشتگیری کەمپینەکەیان کردوە، لە کۆتایدا پیرۆزبایی لە ڕێکخراوی مافی ژنان و چالاکوانی ئەو بوارە دەکات بۆ ئەو دەستکەوتە مەزنە، هیواخوازە ببێتە هەوێنی دەستەبەرکردنی مافی زیاتری ژنان لە ئەفغانستان.

 

Leave a comment