لارا فازیل چۆن بوو بە ملازم

photo_2020-09-24_15-27-33

لارا فازیل عەباس، خەڵکی شاری بەغدادە، لەتەمەنی منداڵییەوە ئارەزوی ئەوەی هەبووە کە گەورەبوو  ببێت بە ئەفسەری پۆلیس، دوای خوێندنی ئامادەیی توانی بەشداری یەکەم خولی کۆلێژی پۆلیسی بکات، کە یەکەمجار بوو لەعێراق دەرچوانی ئامادەیی بتوانن بچنە ئەو کۆلێژە.

ملازم لارا بۆ چاوی خەڵک دەڵێت” من هیچ خوشک و برایەکی لەخۆم گەورەترم نەبوو تا بەهۆی کاریگەری ئەوانەوە حەزم لە کاری پۆلیسی بێت، بەڵکو ئارەزوی منداڵی خۆمە و بەردەوام حەزم لەسەرکێشی بووە لەکاتی یارکردن ، هەروەها کە دەستم پێکرد لەسەرەتاوە زۆر کێشە هەبوو  ڕوبەڕوم بۆوە ، چونکە پێکهاتەی جەستەی ژن جیاوازە لە پیاو، بەڵام ئەو کچانەی خەون و ئارەزویان هەبێت دەتوانن بەسەریدا زاڵ بن، بیرمە دوای ماوەیەک چەند ڕاهێنانێکمان کرد، بەشێک لە کچەکان دەیان وت چۆن ئێمە ئەو ڕهێنانە بکەین کە ئەوەندە قورس بن، دواتر وازیان هێنا و لە خولەکە کشانەوە.”

سەبارەت بە شێوازی ڕاهێنانەکان لارا وتی” بۆ فێربونی یاسا و بۆ هەڵکوتانە سەر شوێنەکان و هەموو ڕا‌هێنانەکانمان هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕاهێنانی پیاوەکان نەبوو، من زۆر بەر گوێم دەکەوێتەوە ژمارەیەکی زۆری کچان هەن ئارەزوو دەکەن ببن بە ئەفسەر ، بەڵام هۆکاری سەرەکی کە ناتوانن لەبەر کۆمەڵگەیە تا ئێستا نەگەیشتۆتە ئەو ئاستە ئەفسەری ژن قبووڵ بکەن ، بۆیە زۆربەی کچەکان لە ئۆفیسی فەرمانگەکان کاردەکەن، بەڵام من توانیم بەسەر ئەوە دا زاڵبم و تێیبپەڕێنم.”

بەشی پۆلیسی کۆمەڵایەتی کاری هاوبەشی هەیە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە بەشداری کردن لە چالاکییەکان بۆ سەردانکردنی کەمپەکان و قوتابخانەکان ودابەشکردنی دیاری و پێشکەشکردنی هاوکاری بۆ  ئەو کەسانەی پێویستیانە.

ملازم لارا دەڵێت” من بە ڕێکەوت بووم بە ئەفسەری پۆلیسی کۆمەڵایەتی، سەرەتا پێم ناخۆش بوو، چونکە هاوڕێکانم لە فەرمانگەی پاسپۆرت کاریان دەکرد، بەڵام دوای ماوەیەک بە هاوکاری بەڕێوبەرەکەم  بەکارەکەم زیاتر ئاشنا بووم و سەردانی هەموو شوێنکم دەکرد، یارمەتی خەڵکم دەداو کێشەکانم چارەسەر دەکرد، بۆیە ئیشەکەمم زۆر خۆشویست.”

گرنگی پۆلیسی کۆمەڵایەتی لە هەموو وڵاتێکدا هەیە و پێویستە لە عێراقیش پەرەی پێدرێت، چونکە ئەزمونێکی زۆر سەرکەوتووە و نزیکن لە هاوڵاتیان، لەڕێگەی ئەمانەوە  کێشەکانی هاوڵاتیان دەگەیەنن بە لایەنی دیاری کراو و پەیوەندیدار  بۆ چارەسەر کردن و ڕێگریکردن لە هەردیاردەیەکی ناشرینی ناوکۆمەڵگە، بۆیە هەموو ڕۆژێک ملازم  لارا  و هاو پیشەکانی لەناو خەڵکدان و هەڵمەتی هۆشیارکردنەوە دەکەن و گفتوگۆ لەگەڵ هاوڵاتیان دەکەن چونکە پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوانیاندا.

Leave a comment