ساکار عەبدوڵڵا کتێبی حەمە ساڵح دیلان بڵاودەکاتەوە

photo_2020-09-24_11-40-36

بۆ یەکەمین جارە لە روانگەی زانستی ئیتنۆمیوزیکۆلۆجیەوە چەند بابەتی گرنگ لەسەر حەمە ساڵح دیلان وەک هونەرمەندێکی مەقامبێژ و گۆرانیبێژ شرۆڤە بکرێت لە دوتوێی پەڕتوکێکدا. هەروەها تاکە بەرهەم دەبێت لەسەر هونەری دیلان. پەرتوکێک بە گشتی و دەربارەی ژیانی هونەری بە تایبەتی و زیاتر تیشک خستنە سەر بواری مەقام و گۆرانیەکانی و شیکاریکردنی چەند بەرهەمێکی.

لە پەرتوکەکەدا ساکار هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانی وەڵامی چەند پرسیاری هەستیار و گرنگ، کە دەمێکە بێ وەڵامن .لەوانە:

  • سەرچاوەی دەنگخۆشی دیلان.
  • دەستپێکی گۆرانی وتن لای دیلان
  • – شوێنی تۆمارکردنی بەرهەمەکانی
  • کات و شوێنی بڵاوبونەوەی یەکەمین بەرهەمەکانی
  • هۆکاری ئارەزووی زۆری دیلان بۆ چڕینی مەقام
  • پەیبردن بە پەیوەندی نێوان هۆنراوە و مەقام لای دیلان
  • هۆکاری سڵکردنەوەی دیلان لەوەی کە وەک گۆرانیبێژێک بناسرێت.

ساکار عەبدوڵا ساڵەح لە ١١/١١/١٩٨٩ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ٢٠٠٨- ٢٠٠٩ پەیمانگای هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە وەک ژەنیاری ئامێری عود.

ساڵی ٢٠١١ – ٢٠١٢ لە کۆلێجی هونەرە جوانەکان، بەشی میوزیک لقی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی وەرگیراوە و ساڵی ٢٠١٥ تەواوی کردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە دەستی کردووە بە کاری هونەری لە گروپە میوزیکییەکاندا وەک ژەنیاری ئامێری عود لە چەندین گروپی میوزیکی جیاوازدا، هەروەها ژەندنی بە تەنها لە چەندین بۆنەی کەلتوری و نەتەوەیدا و کاری لە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە منداڵان کردووە.

ساکار بۆ هەڵبژاردنی لقی ئیتنۆمیۆزیکۆلۆجی، دەڵێت “لقی ئێتنۆمیوزیکۆلۆجی ئەزمونێکی جیاواز بوو بۆم، توانی بمخاتە سەر رێگەیەکی جیاوازتر لە کاری ژەندن، ئەویش بواری نوسین و گەڕانی مەیدانیە و گەڕانە بە دوای ئەو کەسانەدا کە بە کاری میوزیکەوە خەریکن.”

سەبارەت بە هەڵبژاردنی دیلان، ساکار دەڵێت “پێم وایە کە زۆر گرنگە کار لەسەر ئەزمونی ئەو کەسانە بکرێت کە ئەزموون و پێگەیان هەیە لە هونەردا، یان لە هەر بوارێکی تردا. لەو رێگەیەوە دەتوانین دەرگایەک بکەینەوە بۆ گەڕان بە دوای رابردوودا، ئەو رابردووەی زانیاریەکان تێیدا کەمن و نەنوسراونەتەوە، بۆ من دیلان سیمبولێکی دیاری نێو گۆرانی و میوزیکی کوردییە، ئەوەی لەم پیاوەدا جیاوازە ئەوەیە هیچ کات نەیوستووە هونەر بکات بە پیشە، ئەو دەیویست ناسینی لە رێی بابەتە وێژەییەکانەوە بێت نەک میوزیک و گۆرانی.”

ئەو لاپەڕانەی کە باس لە هونەری دەنگخۆشی دیلان دەکەن زۆر کەمن، بۆ ساکار  دیلان و گەڕان بە دوای ئەو لایەنە شاراوانەی ژیانیدا چێژێکی تایبەت هەبووە.

مالە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤ دا دەستم کرد بە گەڕانی مەیدانی و خوێندنەوە لەسەر دیلان، بە مەبەستی ئامادەکردنی تویژینەوەیەکی زانستی بۆ کۆتا ساڵی خوێندنم.

دەستکەوتنی زانیاری دەربارەی دیلان بۆ ساکار کارێکی ئاسان نەبوو هەر لەو بارەیەوە دەڵێت “قورس بوو کاتێک دەگەرام هەستم دەکرد کەمترین زانیاری لەسەر لایەنی هونەری دیلان هەیە، جیاواز لەوە دەیان نوسین و توێژینەوە لەسەر لایەنی ئەدەبیاتی دیلان هەبوو، بۆیە کارەکە لێرەدا بۆ من قورس بوو لە کاتێکدا بەشێکی زۆری هاوتەمەنکانی لە ژیاندا نەمابوو، یان ئەوانەی کە لە نێو دانیشتنەکەند لە گەڵید بوون ،وە خودی دیلان کەمترین کات قسەی لەسەر بابەتی هونەرەکەی کردەوە و تەواوی باسەکانی کە بە ڤیدیۆ یان تۆماری دەنگی بێت باسی لایەنی ئەدەبیاتی بوون. نەمان و فەوتانی بەشێکی ئەرشیفی دیلان، و دووری منداڵەکانی دیلان تا بتوانم زانیاریم دەست بکەوێت.”

هەرچەندە گرفتەکان زۆر بون توانیم بەسەرکەوتوی ئەو توێژینەوەیە پێشکەش بوو بە بەشی میوزیک بکەم و وەک بابەتێکی گرنگ لێیی بڕوانن . کاتیک کە لە زانکۆ دەرچووم پیم باش بوو کاری زیاتری لەسەر بکەم و بیخەمە نیو دووتوێی چەندین لاپەڕەوە و پێشکەشی بکەم.

بۆیە چەند ساڵێکە بەردەوام من لە گەڕاندا بووم بە دوای هەر زانیاریەک یان دیکۆمێنتێک کە خزمەت بە توێژینەوەکەم بکات . تا گەشتە ئەم قۆناخەی ئێستا و لە ئایندەیەکی نزیکدا دەچێتە نێو کتێبخانەی کوردیەوە.

 

 

چاوی خەڵک/تایبەت

 

Leave a comment