پێشکەشکردنی پرۆژە پێشنیاری هەموارکراوی یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە ٣ ی ساڵی ٢٠١٦ لە عێراق لەلایەن کەمپەینی” ناوی من ناوی دایکمە” بۆ پەرلەمانی عێراق

IMG_0524

١-٦-٢٠٢١ لە ڕۆژی جیهانی منداڵاندا و لە ئەنجومەنی نوێنەرانی لیژنەی ژن و منداڵ و خێزان، کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە پرۆژە پێشنیاری هەموارکراوی یاسای کارتی نیشتیمانی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ لە عێراق پرۆژە یاساکەیان پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق کرد.

ئەم کۆبونەوەیە لەلایەن لیژنەی ژنانەوە ( ڕێزان شێخ دلێر) وەک نوێنەری کەمپەین و ئەندامی لیژنەی ژنان لە پەرلەمانی عێراق بە هاوکاری لەگەڵ لیژنەی ژنان بۆ گفتوگۆ کردن و بردنەپێشەوەی پرۆژە پێشنیارەکە ڕێکخرابوو.

بەشداربوانی کۆبونەوە بریتی بوو لە زۆرێک لە ئەندامانی فراکسیۆنە جیاجیاکان و نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەندامانی کەمپەینەکە کە بریتی بوون لە ڕێزان شێخ دلێر، ڕازاو محمود فەرەج، بەهار مونز و شۆخان ئەحمەد و تافان نەجات.

 

ئەندامانی کەمپەینەکە

 

سەرەتا کەمپەینەکە لەلایەن بەهار مونزیر ئەندامی کەمپەینەکە و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، ناسێنرا و وە باسێک لەسەر گرنگی کەمپەینەکەو کێشەکان لەناو مەیداندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق سەبارەت بەپرسەکە کرا. هەروەها روونکردنەوەیەک لەسەر چالاکییەکانی کەمپەینەکە کرا و تیایدا داوای پشتیوانی و بەدەمەوەچوونی کێشەکەوە کرد بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەیەک لەسەر پرۆژە یاساکە.

 

بەهار مونزیر لەکاتی ناساندنی کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە بۆ ئامادەبوانی کۆبونەوەکە

 

هەروەها پێشتر بەهەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی سلێمانی بەشی یاسا خوێندنەوەیەکی ورد بۆ پرۆژە یاساکە کراوە لەڕووی یاسایی و شەریعییەوە.

 

ئامادەبوانی کۆبونەوەکە

 

رازاو محمود فەرەج، ئەندامی کەمپەینەکە، باسێکی وردی لەسەر  پرۆژە پێشنیارکراوەکە و ماددەکانی تایبەت بە پرسی جێگیرکردنی ڕەچەڵەک کرد وە تیشکخستنە سەر ئەو ماددانەی کە پێویستیان بە هەموار کردنەوە هەیە، وە هەروەها ڕوونکردنەوەی لەسەر دەستەواژە و گۆڕانکاری ئەو دەستەواژانەی کە جیاکاری دروستکردووە، وە دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ سڕینەوەی ئەو دەستەواژانەی جیاکاری دروست دەکەن.

هەروەها ئاماژەی بە ڕێگە چارە بۆ ئەم کێشەیە کرد کە لە یاسا کارپێکراوەکانی عێراقدا ئاماژەی پێنەکراوە، وە بە گەڕانەوە بۆ شەریعەتی ئیسلامی کە سەرچاوەی سەرەکی دانانی یاساکانە هیچ ڕێگرییەکی تێدا نییە.

ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی لیژنەی ژن و منداڵ و خێزان لە پەرلەمانی عێراق

 

ئەو ئەندام پەرلەمانتارانەی ئامادەی کۆبونەوەکە بوون ئامادەی خۆیان بۆ پاڵپشتی و کارکردن لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە کرد.

دکتۆر عەبدول باری وەک یەکێک لە ڕێکخەرانی کۆبونەوەکە پێشنیاری دروستکردنی لیژنەیەک تایبەتی بۆ گفتوگۆ کردن و کارکردنی تایبەت بەم پرسە کرد و لە چوارچێوەی لیژنەی ژنان بۆ هەماهەنگی کردن لەگەڵ ئەندامانی کەمپەینەکە لە پێناو وەرگرتنی پرۆژەکە و بە یاساکردنی لە عێراقدا.

هەر لە دوای کۆبونەوەکە لیژنەکە پەسەند بوو و هەروەها کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە لە ئێستادا بەردەوامی دەدات بە کۆکردنەوەی واژۆی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسانی یاسایی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پاڵپپشتی زیاتری پرۆژە یاساکە.

 

کەمپەینی ناوی من ناوی دایکمە لە مانگی ١٢ ساڵی ٢٠١٨ بە دەستپێشخەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO) و چەند ڕێکخراوێکی دیکە، پڕۆژەیەکییان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کارتی نیشتیمانی عێراقی ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٦ ماددەی ١٩ و ٢٠ ی یاساکە ئامادەکرد، کە داوا دەکەن منداڵ بتوانێت ناوی دایکی هەڵبگرێت.

چاوی خەڵک / تایبەت

 

 

Leave a comment