کۆرۆنا هۆکاربووە بۆ زیادبوونی توندوتیژی خێزانی

domestic-physical-violence-abusing-scared-260nw-1912358809

لەمساڵدا بەهۆی فشاری دەرونییەوە زۆرترین توندوتیژی خێزانی تۆمار کراوە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، لە(٢٠٢٠) ەوە بۆ چوار مانگی سەرەتای (٢٠٢١) لە هەرێمی کوردستان  ٢٩ ژن کوژراون، ٦٥ ژن خۆیان کوشتووە، ١٤ھەزار و ٢٤٢ ژن سکاڵایان تۆمارکردووە.

ئەشواق نەجیب پارێزەری ڕاوێژکار بە (چاوی خەڵک)ی وت” لەمساڵدا ڤایرۆسی کۆرۆنا و دۆخی کەرەنتینە، کاریگەری خراپی لەسەردەرونی خەڵک دانا، هەر بەهۆی ئەو ڤایرۆسەشەوە باری دارایی خێزانەکان ڕوویان لە خراپی کرد و توندوتیژی خێزانیش بەرەو هەڵکشان ڕۆیشت.”

“ھەڵگرتنی چەکی بێ  مۆڵەت و گوێ نەدان بەیاساکان، هۆکارێکی تری توندوتیژییە، کاتێک ژنێك دەکوژرێت بەدواداچونی ورد بۆ کەیسەکەی ناکرێت و دەڵێین؛ پیاوەکە لە ڕووی دەرونییەوە باش نییە، بۆیە ئەو کارەی کردوە، لە کاتێکدا زۆر تاوانی تریش بە بێ چەک ئەنجامدراوە” ئەشواق نەجیب وای وت.

هاوکات کەژاڵ عبدالقادر حەمە، چالاکوان و ئەندامی دەستەی دامەزراندنی پڕۆژەی (ژن، ژیانە، مەیکوژە) لەو بارەیەوە دەڵێت” ڕاگەیاندنەکان دەستێکی باڵایان ھەیە لە خستنەڕوی بابەتەکان کە دەیباتە پێشەوە و بابەتەکان یەکاڵا دەکاتەوە، کوشتنی زۆری ژنان یاخود خۆکوشتنەکانی کە لەژێر فشاردان ژنان تێیدا دەبن بە قوربانی، یەکەم ھۆکاریش ئابورییە و پاشان پیادەکردنی سیستمی پیاو سالارییە، لەگەڵ ئەوەشدا کلتورەکەمان کە کلتوری ڕۆژھەڵاتیە و پیادەی کلتورێکی خێڵەکی دەکات، حزبەکانیش ئەم پیادەیان زیندو کردۆتەوە کە سودی ھەیە بۆ کورسیەکانیان”.

“کۆرۆنا زۆر ڕێگربووە لە ئەنجامدانی چالاکیەکانمان، لەگەڵ ئەوەشدا زۆر کەمپینمان ئەنجامداوە و بەشداربوم بۆ وەرگرتنەوەی مافی ژنان، یەکێک لەو کەمپەینانەش بەناوی توندوتیژی دژی ژنان و داگیرکاری، کە زۆرێك لەکەسایەتیەکانی لەھەموو دەنگ و ڕەنگێك تێدا بەشداربوو”کەژاڵ عبدالقادر وای وت.

بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان(٩٨) حاڵەتی سوتاندن و خۆسوتاندن لە ساڵی ٢٠٢٠ تاکو چوار مانگی سەرەتای  ساڵی ٢٠٢١ هەبووە.

بوشرا حەیدەر عەبدوڵا، توێژەری کۆمەڵایەتی و چارەسەرکاری دەرونی لەنەخۆشخانەی بەخشین بە چاوی (خەڵك)ی ڕاگەیاند” توندوتیژی لەئەنجامی فشارێکی زۆر کاریگەری لەسەر ھەستەوەرەکانی مێشك دەکات، ئەو کەسەی لەناو ئەو دۆخەدایە پێی وایە ھەموو دەرگاکانی لێداخراوە و کەس ھاوکاری ناکات، پێی وایە بە خۆ کوشتن یان خۆسوتاندن کۆتایی بە ژیانی خۆی بھێنێت گرفتەکانی چارەسەر دەبێت، ھەموو ئەمانە لەئەنجامی نەبونی کەسێکی گوێگرەوەیە.”

بوشرا باس لە جۆرەکانی توندو تیژی دەکات کە شەش جۆرن وەک (لاقەکردن، توندوتیژی لەڕێگەی زمانی جەستە، توندوتیژی دەروونی، بێ بەشکردن لەپێداویستیەکانی ژیان و توندوتیژی فیزکی) لەناو ئەو جۆرانەشدا زیاتر لاقەکردن و توندوتیژی دەرونی و جەستەیی لەجۆرەکانی زیاتر ڕوودەدات.

لەو چوارمانگەدا ٤ژن کوژراون، سیانیان لەدھۆك تۆمار کراوە وحاڵەتەکەی تر لەسلێمانی، ئەو توندوتیژیانەشی لەم چوار مانگەدا ڕویانداوە، ھەندێکیان توندوتیژی ئازاردانی دەرونی و جەستەیی و لاقەکردن بوون.

پارێزەر ئەشواق نەجیب ئاماژە بەوەش دەکات “زۆرترین ھەڕەشە لەئێستادا  کەدێتە دادگاکان ھەڕەشەی دەرونی و جەستەییە، زیاتر ھاوسەرەکان و دەستگیراندارەکان و خۆشەویستەکان ناچارن بچنە ژێر ئەو بارە”

ئەشواق لە کاردانەوەکانی لەبارەی جیاوازی کەیسی کوشتنی ژن و پیاو کە لەدادگاکان سەروەری تێدا ڕەنگ ناداتەوە، کەیسی کوشتنی ژن زۆر دوا دەخرێت، بەڵام کەیسی کوشتنی پیاو بەپێچەوانەوەیە.

لە کۆتاییدا  بوشرا حەیدەر داوا لە کچان و کوڕان دەکات خۆیان بپارێزن،بەھۆی تێکچون و ئەو فەوزایەی لەسۆشیاڵ میدیادا ھەیە خۆیان بەدوور بگرن لەھەواڵە ناخۆشەکان، ھەتاوەکو کاریگەری خراپ دروست نەکات لەسەریان بۆ سەلامەتی مێشکیان.

Leave a comment