لە گۆماوەکانی شارباژێڕەوە و بۆ ڕاهێنەری مەلەوانی

0-02-0a-1df643493e8d4fd107ca1a8990bcef32cee3990e4b32123389f8ff0e7b2db2d7_b62935fe

من حەزم لە مەلەکردن بوو لە کاتێکد لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تا ئێستەش بە گرنگییەوە لە وەرزشەکان و بە تایبەت لە مەلەوانی ناڕوانێت، بە تایبەتیش بۆ کچان. ئێستاش هەندێک باوک کە منداڵەکانیان دەنێرن بۆ لام یەکەمین پرسیار کە دەیکەن دەڵێن؛ عەیب نییە؟ بەداخەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کچێک مەلە بکات، شەرمە. بەڵام ئێمە بەردەوامین و هەوڵدەدەین ئەو بیرکردنەوەیە دەربارەی مەلەوانی بگۆڕین.

باخان عوسمان لە دایکبووی شارباژێر چیرۆکی بوون بە مەوان و ڕاهێنەری چاودێری مەلەوانی بۆ (چاوی خەڵک) دەگێڕێتەوە.

لە تەمەنی ٥-٦ ساڵییەوە باوکم فێری مەلەی کردم، ئەو ناوچەیەی ئێمە ئاوی زۆر لێیە هەر لە ئاوەکانی ئەوێدا مەلەکردن فێربووم. کاتێک چوومە مەکتەب بە تەواوی دەمتوانی مەلە بکەم تەنانەت زۆربەی جۆرەکانی مەلەشم دەزانی. لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بەهۆی چەند مامۆستایەکەوە بە شێوەیەکی ئەکادیمی فێری مەلەکردن بوم و بەرەوپێش چووم.

هەرگیز لە مەلەوانی دانەبڕوام، بەشداری سەرجەم چالاکییە مەلەوانییەکانم دەکرد لەسەر ئاستی یانەکان و تاک، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٢ دا بیرم لەوە کردەوە کە وەک پیشەیەک هەڵیبژێرم. لەو کاتەوە هەم وەک چاودێر و هەم وەک ڕاهێنەر بەشداری زۆربەی خولەکانم دەکرد تا ساڵی ٢٠١٥، لەوکاتەوە بەشێوەیەکی فەرمی بوومە ڕاهێنەر و چاودێر.

بەشێوەیەکی گشتی مرۆڤ لە ئاو دەترسێت بەڵام کاتێک دێنە لای ئێمە وردە وردە ئەو ترسەیان نامێنێت و فێردەبن، ئێمە جگە لە ڕاهێنان قسەیان بۆ دەکەین و هانیان دەدەین بۆ فێربوون. خەڵك هاتۆتە لامان لە سەرەتادا وتویەتی من لە ئاو دەترسم تەنانەت لە تەشتێک ئاودا دەخنکێم (بە پێکەنینوە) بەڵام ئستا بووە بە ڕاهێنەری مەلەوانی. ئێستاش کە دەبینم بە شێوەیەکی گشتی کچانی مەلەوان ڕێژەیەکی زۆرن زیاتر دڵخۆش دەبم.

من لە شارباژێر گەورەبووم لەوێ هەموو کچ و کوڕەکان هەر لە منداڵییەوە فێری مەلە بووین و هیچ ڕێگرییەک نەبوو، کەسیش هیچ قسەیەکی نەشیاوی نەدەکرد. لێرە ئاستەنگی زۆر دێتە بەردەممان، خۆم دەتوانم هەندێکیان چارەسەر بکەم بەڵام هەندێک لە ئاستەنگییەکان هەر وا بێ چارەسەر دەمێنێتەوە، لەبەر ئەوەی مەلەوانی نەبۆتە کولتوور، هەر شتێکیش نەبێتە کولتوور ئەنجامدانی سەخت دەبێت.

جگە لەوەی مەلەکردن لە ڕووی تەندروستییەوە سودێکی زۆری هەیە و پێموابێت بە دایکی وەرزشەکانش ناسراوە بەڵام من لە زۆر بواری دیکەی وەرزشیدا بەشداری و چالاکیم هەبووە، بەڵام هەمیشە حەزم لە شتە دەگمەنەکانە هەر بۆیە حەزی زیاترم بۆ مەلەوانی هەبوو، هەستیشم دەکرد لەم بوارەدا دەتوانم زیاتر پێشبکەوم.

ئێمە نزیکەی ٨ ساڵ دەبێت ئەکادیمییاکەی فێربوونمان هەیە، منداڵ لە ٥ ساڵییەوە تا ١٥ ساڵی لە هەردوو ڕەگەز وەردەگرین بۆ فێربوون. ئەو منداڵانە جیا دەکەینە کە دەزانین توانایەکی زۆری فێربوون و ئامادەگییەکی باشی جەستەیشیان هەیە، ڕاهێنانی تایبەت و کاتی زیاتریان پێدەدەین بۆ ئەوەی پێشبکەون و بتوانن بەشداری پاڵەوانێتییەکان بکەن. بەشانازییەوە من کۆمەڵێک یاریزانی زۆر باشم پێگەیاندووە.

من پیشەکەمم زۆر خۆشدەوێت چێژ لە فێرکردنی ئەوانی دیکەش وەردەگرم و تا بتوانم هەوڵ دەدەم بەردەوام بم. منیش وەک هەر مرۆڤێک ماندو دەبم، بەڵام ئیسراحەتێک دەکەم و دواتر بە وزەیەکی نوێوە دەست پێدەکەمەوە. من ئامادەم بۆ هەر هاوکارییەک، کوڕ بێت یان کچ گرنگ نییە بەڵام بە دڵنیایی حەزدەکەم ڕێژەی کچی مەلەوان زیاتر بێت.

من متمانەم بە خۆم هەبوو، ئامانجەکەم دیاری کردبوو، ئەو متمانەیەی خۆم بە خۆمم هەبوو وایکردبوو دەوروبەرەکەشم پشتم بگرن و سەرجەم خێزانەکەم هانم بدەن. هەر کچێکیش حەز لە مەلەکردن بکات دەتوانێت ببێتە مەلەوان، کارێکی هێندە قورس نییە تەنها دەبێت ڕوبەڕوی سەرجەم ئاستەنگییەکان ببیتەوە.

Leave a comment