من لە ماڵەکەی خۆمدا نۆرینگەم دانا، کاتێک ژنانن بۆ منداڵبوون دەهاتنە لام، پێمدەگوتن: “ئەوە کچەکەتان بە سەلامەتی هاتە دونیاوە، بەڵام نەچن خەتەنەی بکەن. من هەموو مامانەکانیشم ئاگادارکردۆتەوە، ئەگەر بیکەن پێی دەزانم. ئەگەر هەر لێشم بشارنەوە دواتر ئەم کچەتان گەورە دەبێت و بۆ منداڵبوون هەر دێتەوە لای من و هەر پێی دەزانم، ئەوکاتیش سکاڵاتان لەسەر تۆمار دەکەم. وردە وردە بە چەندین ساڵ دیاردەی خەتەنەکردن ڕووی لە کەمی کرد.
پەروانە مەهدی ئەحمەدی ٥٨ ساڵ دۆخی خەتەنەکردنی کچان لە ساڵی ١٩٨٩ لە ناوچەی خۆشناوەتی بۆ چاوی خەڵک دەگێڕێتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٩ لەگەڵ دکتورە شلێر فایەق (ئێستا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵبوونە لە سلێمانی)دا گواستراینەوە بۆ ناوچەی خۆشناوەتی، دۆخی خەتەنەکردن ٪١٠٠ بوو. من کارمەندی بەشی تەندروستی (دایکان و مامانەکان) بووم بۆیە ئاگاداری دۆخەکە بووم.
ئاشتی لەتیفە،خوێندکاری کۆمەڵناسییە لە زانکۆی فەڕەنسی لوبنانی لە هەولێر، ڕاپرسییەک دەربارەی خەتەنکردنی کچان دەکات و تیایدا پرسیار لە ١٠٠ کەس دەکات: “ئایا بڕوات بە خەتەنەکردنی مێینە هەیە؟” لەبەرامبەردا ئەو ئامارەی دەستی کەوتووە بەم شێوەیەیە: “٪٨٩ بە نەخێر وەڵامیان داوەتەوە و ٪٦ بە بەڵێ و ٪٥ بە تاڕادەیەک، وەڵامیان داوەتەوە”
کاتێک هەندێک منداڵیان دەهێنایە لامان و دەمانبینی منداڵەکە توشی هەوکردن یاخود خوێنبەربوون بووە زانیمان بەهۆی خەتەنەکردنەوە بووە، ئیتر ڕێگری لە خەتەنەکردن بووە بابەتی کاری پێشینەمان، پێمان دەگوتن ئەمە هەڵەیە. ئەوانیش دەیانگوت، ئەمە سونەتە و ئێمە موسوڵمانین. سەرەتا کارەکە زۆر سەخت بوو.
لەگەڵ دکتۆرە شلێر بڕیارماندا مانگانە خولی فێرکاری و هۆشیاری بۆ مامانەکان بکەینەوە و دواتر مۆڵەتی کارکردنیان پێبدەین بۆ ئەوەی لە ماڵەوە کاری مامانی بکەن، لە خولەکاندا پێم دەگوتن: “لە ڕووی زانستی و پزیشکییەوە کارێکی هەڵەیە” بەڵام ئەوان قەناعەتیان نەدەکرد. بۆیە بڕیارم دا ڕێگەیەکی دیکە تاقیبکەمەوە، گوتم: “بڕۆن لە مامۆستایەکی زیرەکی ئاینی بپرسن، بزانن ئەو چی دەڵێت، مامۆستا ئاینییەکەش پێی گوتبوون: “خەتەنەی کچان نەریتێکی دواکەوتوانەیە، هیچ پەیوەندی بە ئاینی ئیسلامەوە نییە.”
خەتەنە بەزۆری لە تەمەنی چوار تا چواردە ساڵیدا دەکرێت، بە گوێرەی بەدواداچونەکانی یونسێف لە هەندێک شوێن کچان لە ڕۆژانی بەر لە شوکردن یاخود کاتێک کە بە یەکەم منداڵیان دووگیان دەبن، یاخود دوای بوونی یەکەم منداڵیان، خەتەنە دەکرێن.
وردە وردە هەندێکیان قەناعەتیان دەکرد، ئەوانەشی کە هەر سور بوون لەسەر خەتەنەکردن، پێم دەگوتن “ئەگەر بەردەوامبن، مۆڵەتی مامانیتان لێوەردەگرمەوە، تەنانەت ئەگەر ژنێکی دیکەش خەتەنە بکات کە مۆڵەتی مامانی نەبێت و ئێوە بیناسن و بە ئێمە نەڵێن، دیسان مۆڵەتەکانتان لێوەردەگرینەوە”
بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە لە ڕاهێنانەکاندا زۆرترین جەختم لەسەر خەتەنەکردنی کچان دەکردەوە و باسی زیانەکانیم دەکرد و دەمگوت “منداڵەکە توشی خوێن بەربوون یان هەوکردن دەبێت، کە گەورەبوو هاوسەرگیریشی کرد توشی لاوازی سێکسی دەبێت، کاتێک منداڵیشی دەبێت توشی گڕاوی زیاتر دەبێت.”
جارێک دکتۆرە شلێر کۆبونەوەی بە مامانەکان کردبوو، بۆ ئەوەی مۆڵەتیان بۆ تازە بکەینەوە، دکتۆرە ویستبوی قسە لە مامانەکان دەربێنێت، وتبوی: ” ئێوە خۆ هەر مامانی دەکەن، ئەی بۆ لەگەڵیدا خەتەنەش ناکەن؟” ئەوانیش لە وەڵامدا وتبویان: “بۆچی دکتۆرە پەروانە دەهێڵێت خەتەنە بکەین! ئەو ئێستا تێیگەیاندوین کە هەم زیانی هەیە و هەم تاوانیشە.
سوپاس بۆ خودا ئێستا ماوەیەکی زۆر دەبێت کە هیچ کەسێکی خەتەنەکراو نەهاتۆتە بەردەستم و تەنانەت لەملاو ئەولاش نایبیستم کچێک خەتەنەکرابێت، ئەمە من دڵخۆش دەکات.
بە پێیی تازەترین ئامارەکان زیاتر لە ٢٠٠ ملیۆن ژن کە ئێستا لە ژیاندان لە سەرتاسەری جیهاندا خەتەنە کراون.