پێنج ساڵ لەمەوبەر ژنێک هەنگەڵانێکی لە گوندی بێورێی سەر بەناوچەی شارباژێڕ دروستکرد لە کاتێکدا خۆی دانیشتوی سلێمانییە، سەرەتا لە دوو سندوقی هەنگەوە دەستیپێکرد و لە ئێستادا خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ سندوقە.
ساكار حمه كریم فرج، لە ساڵی ٢٠١٦ دا کۆلژێژی کشتوکاڵ تەواو دەکات، هەر لەو ساڵەشدا دەست دەکات بەئیشی هەنگەوانی، بەخێوکردنی هەنگ لای ساکار تەنیا بۆ بەدەست هێنای کار نییە، بەڵکو خولیایەکە لە پێشتردا هەیبووە و هەر بەو هۆکارەش چۆتە کۆلێژی کشتوکاڵ و سالێکیش تایبەت لەوبوارە خوێندویەتی تا زانیاری زیاتر وەربگرێت.
ئامانجی سەرەکیش لەبەخێوكردنی هەنگ برەودانه بە بەرهەمی خۆماڵی و گەڕانەوەی متمانەی هاوڵاتیان به هەنگوینی خۆماڵی. ئەو دەیەوێت پێشەنگ بێت بۆ ژنانیتر تا چاو لەو بکەن لەوکارەدا، چونکە لە ئێستادا ژمارەی هەنگەوانانی ژن کەمە و هەر ژنێکیش حەز بە بەخێوکردنی هەنگ بکات ساکار وەک خۆبەخشێک هاوکاری دەکات و فێری کارەکەی دەکات، چونکە ئێستا هەنگەوانی بۆئەو بۆتە پیشەو سوودی لێوەرگرتووە.
هەنگەکان خۆیان شیلە کۆدەکەنەوە، هەربۆیە هۆکاری دروستکردنی هەنگەڵانەکەش لە گوندی بێورێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو ناوچەیە گوڵ و هه ڵاڵەی سروشتی زۆرە و هەروەها دورە له ئاوەدانییەوە کە ئەوەش کاریگەری لەسەر هەنگەکان هەیە تاكو هەنگوینێكی كوالیتی بەرز بەرهەم بهێنن.
ساکار تایبەت بۆ (چاوی خەڵک) دوا” کاتێک هەنگ بەخێو دەکەین تەنیا بۆ هەنگوینەکەی نییە، ئێمە دەتوانین شاژن پەروردە بکەین و بیفرۆشینەوە، ئەمەش داهاتێکی باشی هەیە و هەروەها دەتوانین خۆراکی شاهانە بەرهەم بهێنین کە بەهایەکی خۆراکی بەرزی هەیە کەبۆ زۆر نەخۆشی بەکاردێت.
لە هەمان کاتدا ساکار وه ك ئەندازیارێكی كشتوكاڵی سەرپەرشتی پرۆژەیەکی تری هەنگەوانی دەکات له هەنگەڵانی هەڵاڵە له بناری چیای پیرەمەگرون.
“ئیشكردن له ناو هەنگەڵانەکەم به پێی پیداویستی هەنگەکانمە هەروەها پشكنینم بۆیان بەپێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەڵام شانە هەنگەکان لە پایزدا دەبڕدەرێن و لە بەهاردا بەتایبەت لە مانگی سێیەوە هەنگەکان دەست دەکەن بە ئیشکردن واتا وەختی کورەیە و دەبێت چوارچێوەی بۆ دابنێیت بۆ ئەوەی شانە هەڵبەستن” ساکار وای وت.
لە کوردستاندا زۆر جۆری هەنگ هەیە، بەڵام زۆرینەیان دوو ڕەگن و تاک ڕەگەکان کەمن، دووڕەگ واتا هەنگەکە هی وڵاتێکی ترە و جوت بووە لەگەڵ نێرەکی خۆماڵی یان بە پێچەوانەوە، لە هەمان کاتدا لەناو هەر سندوقێکیشدا سێ جۆر هەنگ هەیە (شاژن، نێرە و پاڵە) پاڵە ئەوانەن کە کاردەکەن و یەک شاژنیش بوونی هەیە لەناو سندوقەکەدا.
ساکار وتیشی” شێوازی فرۆشتنی بەرهەمەکەم بەشێوزای ئۆنلاینە، ئەکاونتێکی تایبەت بەخۆمم و پەیجێکی تایبەت بە هەنگەڵانەکەم هەیە، لەوێ ڕیکلام بۆ بەرهەمەکەم دەکەم، بەڵام زۆربەی موشتەرییەکان هی دەرەوەی شارن.”
ئەوەی مایەی نیگەرانی ساکارو هاو پیشەکانێتی كۆنتڕۆڵ نەکردنی سنورەكان و پابەند نەبونە بەو یاسایانەی كه بۆ ڕێگریكردن لە هاوردەكردنی هەنگ و هەنگوین دەركراون له پەرلەمانی كوردستان لەلایەن ئەو فەرمانگە و ڕێكخراوانەی بەرپرسن لەو پرسە.
چاوی خەڵک\ تایبەت