خۆپیشاندانی نیگەرانی دژی گەڕانەوەی خێزانەکانی داعش بۆ عێراق لە شنگال بەڕێوەچوو

191467525_314253293634430_6612899730195954224_n

ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی 27ـی گوڵانی 2021، خۆپیشاندانێک لە ناحیەی سنونێ لە باکووری قەزای شنگال بە بەشداربوونی دەیان کەسان لە دژی گەڕانەوەی خێزانەکانی تیرۆرستانی داعش بۆ عێراق و تایبەت کەمپێکی پارێزگای نەینەوا بەڕێوەچوو و بەردەوامی پێدەدەن.

سامیە شنگالی کچێکی چالاکوانی ئێزیدییە و بەشداربووی خۆپیشاندانەکە بوو بە ماڵپەڕی (چاوی خەڵک)ی وتی “لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕێی ڕزگارکردنی کچ و ژنە ئێزیدییە  ڕفێندراوەکان بووین بەڵام بەداخەوە ئەم کارە هەڵەیان کردووە و بەبێ پێداچوونەوە خێزانەکانی تیرۆرستانی داعش لە ئاخی کەسوکاری ئەو ڕفێندراوانە هێنانەوە عێراق.”

 

ئاماژە بەوەش دا “بەم شێوەیە ئیهانە بە کەیسی ئێزیدییەکان دەکرێت چونکە تا ئێستا ژمارەیەکی زۆری کچ و ژنی ئێزیدی لە ژێر توندوتیژی داعشدا زیندان کراون و ماوەی نزیکەی حەوت ساڵە وا دەناڵێنن و ئەوانەی ئەم کارەیان کردووە ڕێز لە قوربانیانمان ناگرنەوە.”

ئەمە لەکاتێکدایە کە دوێنێ چوارشەممە ڕێکەوتی 26-07-2021 و بە چاودێری و سەرپەرشتیاری حکومەتی عێراقەوە نزیکەی 100 خێزان کە دەکاتە نزیکەی 500 کەس کە کەسوکاری تیرۆرستانی داعش بوون لە کەمپی هۆلێ لە وەڵاتی سووریا گواستنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا کە پێشبینی دەکرێت ژمارەیەک لە کچ و ژنە ئێزیدییەکانی ڕفێندراوەکان لەنێویاندابن.

بڕیاریش وایە کە لەماوەی داهاتوودا نزیکەی 300 خێزانی تری داعش لە کەمپی هۆلێ لە وەڵاتی سوریا بگوازرێنەوە بۆ کەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا.

 

 

لە سێی تەباخی ساڵی 2014 و لەکاتی داگیرکردنی قەزای شنگال و ناحیەی گرعزێر لە ڕۆژئاوای پارێزگای نەینەوا لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە 6417 کەسی ئێزیدی ڕفێندران و تا ئێستا تەنیا 3575 کەس لەوانە ڕزگارکراون و تا ئەم کاتەش چارەنووسی 1200 کەس لە ڕەگەزی مێ لە 2700 کەس لە زیندانی تیرۆریستانی داعشەوە دیار نییە.

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment