ڕۆڵی سەنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆ حکومییەکاندا

Gender2_popup

 

سەنتەرەکانی یەکسانی جێندەری لە ٨ی مارسی ٢٠١٨دا لە کۆنفڕاسێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژنان ڕێکخرابوو کە نوێنەری زۆربەی زانکۆکانی تێدابوو وەک(سەرۆکی زانکۆکان، نوێنەری ژنانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری ئەنجومەنی باڵای خانمان) دوای گفتو گۆکردن لەسەر گرنگی سەنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆکان بە بڕیاری (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندن وەک پێویستییەکی سەردەمیانە پێویستە ئەو سەنتەرانە لە زانکۆکاندا بکرێنەوە.

ئەو بڕیارە  بوو بە بنەمای کارکردن لە زانۆکاندا و بە نوسراوێکی فەرمی لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە گشتاندنێک کرا بۆ هەموو زانکۆکان کە هەوڵ بدرێت سەنتەرەکانی جێندەرناسی بکەنەوە.

دڵپاک تاهیر، بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەڵێت” ئێمە لەسەر ئاستی کوردستان بەڕێوبەرەکانی سەنتەری جێندەرناسی گروپێکمان هەیە لە زاخۆ تا گەرمیان بەیەکەوە وەکو تیمێک کاردەکەین، چەند خولێکیشمان بینیووە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا لەسەر بابەتی جێندەری، هەروەها چەند کۆبونەوەیەکمان کردووە بۆ دانانی پڕۆگرامی خوێندنی جێندەری لە زانکۆکاندا، بەداخەوە لەناو وەزارەتی خوێندنی باڵاشدا ئەو بڕیارە ئەکتیڤ نەبووە کە پرسی جێندەری وەک بابەتێکی زانستی و بە ئەکادیمی لە زانکۆکاندا بخوێندرێت، ئەمە یەکێک بوو لەو هەنگاوانەی ئێمە ناومانە  و داوامان کردووە مادەی جێندەری وەک بابەتی تر بخوێندرێت.”

“سەنتەرەکانی یەکسانی جێندەری لەڕێی ئەنجومەنی باڵای خانمانەوە کارێکیتری کردووە ئەویش دروستکردنی یەکەی جێندەری بوو لەناو دامودەزگاکانی حکومەتدا لەسەر ئاستی وەزارەت و پارێزگا،  بەداخەوە ئەو یەکەی جێندەریانە کارەکانیان لاوازو سستە، بەڵام تێکڕای ئەو پرسە پێویستی بە ئەکتیڤ کردن و بەدواداچونی تازە هەیە بۆئەوەی  بکەونەوە سەر کار بە شێوازێک کە هاوشان بێت لەگەڵ بڕیارەکانی حکومەت خۆیدا، چونکە کاتێک بڕیاردەدرێت بۆ کردنەوەی سەنتەرێک بۆ یەکسانی جێندەری، دەبێت ڕەنگ بداتەوە لە کاروباری ڕۆژانەی ناو زانکۆ و وەزارەتەکاندا” دڵپاک تاهیر وای وت.

یەکێک لەو ئاستەنگییە گەورانەی ئێستا ڕوبەڕووی سەنتەرەکانی جێندەرناسی بۆتەوە نەبوونی سەرچاوەی داراییە، لە کاتێکدا کردنەوەی ئەو سەنتەرانە بڕیارێکی زۆر گرنگ بوو بۆ ژنان و دەستکەوتێکی گەورەبوو بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بڕیارەکە سەنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆکان دەستیان کرد بە ئیشکردن و کارو چالاکی زۆرباشیان ئەنجامدا، بەڵام دوای تێپەڕ بوونی ساڵێک لە کردنەوەیان بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی ئەو بودجەیەی بۆ سەنتەرەکان تەرخانکرابوون بڕدران، لە کاتێکدا هەموو کارو چالاکییەک پێویستی بە سەرچاوەی داراییە.

“ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی وایکرد کە هەندێک لە زانکۆکان وەک تەحەدایەک سەنتەرکان دانەخەن و لە بودجەی خۆیان بەردەوامی بەکارو چالاکییەکان بدەن، بەڵام دوای ماوەیەک تێکڕای دەسەڵاتەکانی خەرجکردنی پارە لەسەرۆک زانکۆکان سەندرانەوە و بەمەش جارێکیتر وەزارەتی دارایی ئەو دەرگایەی لە سەنتەرەکانی جێندەرناسی لە زانکۆکان داخست.

بەڕێوەبەر سەنتەری جێندەرناسی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وتی” سەنتەرەکان دانەخراون بەڵام سستن لە کارو چالاکییداو  لەسوڕی متبوندان، ئێستاش بەهۆی کۆرۆناوە چالاکییەکان بە ئۆلاین بەڕێوە دەچێت، پێویستە حکومەتی هەرێم چاوێک بەم بڕیارەیدا بخشێنێتەوەو بیر لەوە بکاتەوە بەتایبەت خوێندنی بابەتی جێندەریلە ئێستادا بووە بە بەشێکی سەرەکی لە زانکۆ پێشکەوتووەکاندا کە ئەمە کاریگەری دەبێت لەسەر ڕانکی زانۆکاکان، بۆیە ئەمە وەک ڕەخنە ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم دەکەم کە پێویستە ئەو سەنتەرانە ئەکتیڤ بکاتەوە”

بەڕێوەبەر سەنتەری جێندەرناسی لەزانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد لەبەرئەوەی سەنتەرەکانی جێندەرناسی بەشێوەیەک لە شێوەکان سست بووە، بۆیە نەیان توانییوە بڕیارەکانیان لەناو زانکۆکاندا بڕیارێکی ئاکتیڤ بێت و کاریگەری هەبێت، لەهەمانکاتدا نەیان توانییوە هێزێکی یاساییان هەبێت لە زانکۆکاندا تابتوانین باڵانسی جێندەری لە دابەشکردنی پۆستەکنادا ڕابگرن.

پێش بریارەکەی (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی سەنتەرەکانی جێندەرناسی لەزانکۆکاندا ئەزمونێکیتر هەبوو لە زانکۆی سۆران و سلێمانی، بەڵام  ئەوکاتە سەنتەرەکان بە شێوەیەک بوون  خەڵک زۆر ئاشنایان نەبووە، کاتێک بوو بە بڕیار ئینجا سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆکاندا کرانەوە.

د.لاسک ئەرسەلان، بەڕێوەبەری سەنتەری جێندەرناسی لە زانکۆی سلێمانی بە (چاوی خەڵک)ی وت” سەنتەری جێندەر لە زانکۆی سلێمانی تەنیا کار لەسەر پرسی ژنان و کچان ناکات، ئێمە کاتێک باسی جێندەر دەکەین باسی( ژنان، پیاوان و ڕەگەزە ناجێگیرەکان)یش دەکەین، هەرچەندە ئەمەیان تا ڕادەیەک نامۆیە بە کۆمەڵگە، ئێمە زیاتر گرنگی دەدەین بە کچان و کوڕانی ناو زانکۆ بۆیە زیاتر کارەکانمان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارانە.”

ئەو سەنتەرە لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٠ دامەزراوە، بەهۆی هەندێک کێشەو هۆکاری تەکنیکی نەیتوانییوە بە تەواوی کارەکانی خۆی بکات، لەم چەند ساڵەی کۆتایی بە هۆی هەوڵی سەرۆکایەتی زانکۆ توانیوێتی بەردەوام بێت.

“بە گشتی ئێمە جیاوزین لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی کە ڕاستەوخۆ لەناو کۆمەڵگە کاردەکەن، ئێمە کار لەناو کۆمەڵگەی زانکۆ دەکەین بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، ئەم سەنتەرەش نوێنەری سەرجەم لە کۆلێژەکانی تێدایە، لە ڕێگەی ئەو نوێنەرانەوە توانیومانە زۆرترین سیمینار و چالاکی بە خوێندکارەکانمان بکەین، سیمیناری گشتی یاخود تایبەت هەبووە بە کچان لە بۆنە جیهانییەکانادا سیمینار و چالاکیمان کردووە.” د. لاسک وای وت

سەنتەری یەکسانی جێندەی لە زانکۆی سلێمانی دەیەوێت ئەوە بخاتەڕوو کاتێک باسی جێندەر دەکەن نایانەوێت پشتی لایەنێک بگرن  دژی لایەنەکەیتر، بەتایبەت لە ساڵی یەکەمیاندا کاریان لەسەر ناساندن و ڕونکردنەوەی چەمکی جێندەر بووە، چونکە تێگەیشتنێکی هەڵە هەبوو لەلایەن کۆمەڵێک هاوڵاتی کۆمەڵگەوە بەتایبەت چینی گەنجان.

د. لاسک ئاماژە بەوەش دەکات لەگەڵ هەندێک ڕێکخراو کۆمەڵێک چالاکییان ئەنجامداوە کە  جاری واهەبووە لە یەک چالاکیدا ٧٠٠ خوێندکاری کچ سود مەندبووە، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوەکە خوێندکار وانەکانی بە ئۆنلاین وەردەگرێت، زیاترکار لەسەر مامۆستایانی زانکۆ دەکەن.

Leave a comment