کار و کەرەنتینە، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO

xoyyyyyyy

کار و کەرەنتینە، ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO

لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا وە ڕێکارەکانی تەندروستی لە تەواوی ئەو شار و وڵاتانە گیرایەبەر کە بەرکەوتەی نەخۆشییەکەن، یەکێک لە ڕێکارەکانی خۆپارێزیش دورە پەرێزی کەرەنتین بوو. دۆخی کەرەنتین لە زۆر ڕوەوە کاریگەری دروست کرد و یەکێک لە کاریگەرییەکانی لە ڕوی کۆمەڵاتییەوە بوو. کێشە کۆمەڵایەتییەکانیش ڕوویان لە زیادبوون کرد.

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە درێژایی سەردەمی کۆرۆنا لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بەردەستبوو.

بەهار مونزیر بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO لەبارەی کارەکانیان لە سەردەمی کۆرۆنادا وتی “کاتێک کەرەنتینە دەستی پێکرد، ئێمە بە ناچاری چوینەوە ماڵەوە، لە سەرەتادا ئەزمونێکی سەخت بوو، بەڵام هەر زوو بڕیارماندا و پلانمان دانا، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کارەکانمان بکەین.”

هەروەها وتی: “یەکێک لە سەختییەکانی کەرەنتینە ئەوەبوو کە نەماندەتوانی چاومامان بە کەیسەکانمان بکەوێت و لە نزیکەوە قسەمان بۆ بکەن و ڕێماییان بدەینێ.”

لە بارەی یەکێک لە کەیسەکانییەوە وتی “دڵنیابووم ئەو پێویستی بە قسەکردنە بەڵام نەیدەتوانی پەیوەندی بکات چونکە کەسی تاوانکار لە ماڵەوە لەگەڵیدا دەژیا، من دەترسام شتێکی بەسەرهاتبێت، ئەوەبوو دواتریش کە پەیوەندیمان لەگەڵیدا دروستکردەوە زانیمان ئازاری خۆیی و منداڵەکەیشی دراوە.”

لەبارەی کەیسە سەختەکانەوە وتی “جگە لەوەی ئێمە پەیوەندی بەردەواممان لەگەڵ هەموو کەیسەکاندا هەبووە، هەر کەیسێکیش ئەگەر پێویستی کردبێت بە هەماهەنگی پۆلیسمان ئاگادارکردۆتەوە.”

بەهار مونزیر لە بارەی ئەو سوکایەتییانەی بە ژن کران وتی”پێمان وایە توندوتیژی ڕوی لە زیادبوون کردبوو، بەڵام ئامار کەم بوو، لە ڕاستیدا هەر کۆمەڵگەیەک ژن بە کەم بزانێت، توندوتیژی تێیدا زۆرە. پیاوان هەستیان بە شەرمەزاری دەکرد کە لە چێشتخانەی ماڵەکانیاندا کاربکەن، لە کاتێکدا کاری ماڵ کارێکی هاوبەشە.”

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە ڕێگەی سەنتەرەکانی لە سلێمانی-سەنتەری شیان و لە دهۆک-سەنتەری ڕەوشەن و دەڤەری گەرمیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانیان ڕانەوەستان و ئامارەکانی سلێمانی و دهۆک جەخت لە کارەکان دەکەنەوە.

ئەم ئامارانەی خوارەوە کۆی ژمارەی پەیوەندیکەران و سودمەندانی خزمەتگوزارییەکانی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان لە شارەکانی دهۆک و سلێمانی لە هەردوو سەنتەرەکانی شیان و ڕەوشەن دەخاتەڕوو:

ئەو کەیسە یاساییەکانەی لە سەنتەری ڕەوشەن ڕاوێژییان بۆ کراوە ( ١١) کەسن. ئەو کەیسانەی بە کۆتا گەیشتن (٠)، هەروەها (٦٩) بەدواداچوون بۆ کەیسەکان کراوە.

ئەو کەیسە یاساییانەی لە سەنتەری شیان لە شاری دهۆک ڕاوێژی یاساییان بۆ کراوە (١٥) کەیسی یاسایی، (٨) کەیسی ڕاوێژکاریی، (٧) کەیسی ڕاوێژکاری بۆ پیاوان. ئەو کەیسانەی بە کۆتا گەیشتن (١٨) کەیس، هەروەها (١٩٤) بەدواداچوون بۆ کەیسەکان کراوە.

کۆی گشتی کەیسە یاساییەکانی سەنتەرەکانی شیان و ڕەوشن (٣٢٢) کەیس.

کەیسەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز (GBV)، کە لە سەنتەری ڕەوشەن ڕاوێژیان بۆ کراوە (١٤) کەیسن. ئەو کەیسانەی بە کۆتا گەیشتن (١٢) کەیسن. هەروەها (٢٩٩) بەدواداچوون بۆ کەیسەکان کراوە.

کەیسەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز (GBV)، کە لە سەنتەری شیان ڕاوێژیان بۆ کراوە (٤٢) کەیسن. ئەو کەیسانەی بە کۆتا گەیشتن (٢٩) کەیسن. هەروەها (٢٢٠) بەدواداچوون بۆ کەیسەکان کراوە.

کۆی گشتی کەیسەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز (GBV) لە سەنتەرەکانیی شیان و ڕەوشەن (٦٢٣) کەیس.

ئەو کەیسانەی ڕوبەڕوی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە (SGBV) لە سەنتری ڕەوشەن و ڕاوێژیان بۆ کراوە (١٥) کەیسن. هەموو کەیسەکان بەدواداچونیان بۆ کراوە، بە بێ جیاکردنەوەی جۆری کەیسەکان.

کەیسی نا توندوتیژی Non GBV لە سەنتەری ڕەوشەن کە ڕاوێژیان بۆ کراوە (٢) کەس.

ئەو کەیسانەی چارەسەری دەروونییان بۆ کراوە لە سەنتەری ڕەوشەن (٤)کەیس ڕاوێژی بۆ کراوە. ئەو کەیسانەی بە کۆتا گەیشتن (١) کەیس. هەروەها (٤٧) بەدواداچوون بۆ کەیسەکان کراوە.

ئەو کەیسانەی چارەسەری دەروونییان بۆ کراوە لە سەنتەری ڕەوشەن (٩)کەیس ڕاوێژی بۆ کراوە. ئەو کەیسانەی بە کۆتا گەیشتن (٠) کەیس. هەروەها (٢٦) بەدواداچوون بۆ کەیسەکان کراوە.

کۆی گشتی کەیسی چارەسەری دەروونی لە سەنتەری شیان و ڕەوشن (٨٧) کەیس.

خزمەتگوزارییەکانی PDO جگە لە شارەکانی سلێمانی و دهۆک لە قەزای کەلاریش پێشکەشدەکرا، لەم بارەیەوە ڤیان ساڵح یاریدەدەری پرۆژە لە کەلار وتی “هەر زوو ژمارە مۆبایلەکانمان ڕاگەیاند و ئامادەییمان بۆ کاری ئۆنلاین دەربڕی، تەنانەت کۆمەڵێک لە ڕێکخراوەکانی دیکەش کەیسییان بۆ ئێمە دەنارد.”

هەروەها وتی “کارکردن لە ئۆنلایندا سەختە، هەندێک لە کەیسەکانمان ئازاد نەبوون لەوەی کەی پەیوەندی بکەن، یاخود کەی وەڵامی پەیوەندی بدەنەوە، جگە لەوەش ئێمە نەماندەتوانی ڕوبەڕوو بیانبینین. سەرەڕای ئەوەش ئێمە توانیمان بەردەوامی بە خزمەتگوزارییەکانمان بدەین.”

لەبارەی کەرەنتینەی دامودەزگا فەرمییەکانەوە وتی “ئێمە تاکە ڕێکخراو بووین لە ناوچەکەدا بە ئۆنلاین بیست و چوار کاتژمێر تەلەفۆنەکانمان بەردەست بوون. چەند کارمەندێکی خانەی داڵدەدان توشی کۆرۆنابوون و خانەکە داخرا. توانیمان ئەو کەیسانە بنێرینە سلێمانی کە پێویستیان بە خانەی داڵدەدان هەبوو.”

ئیڤان حسێن توێژەری کۆمەڵایەتیی و بەڕێوەبەری کەیس لە سەنتەری شیان لەبارەی کارەکانیانەوە دوا “کەرەنتینە ئاستەنگییەکی زۆری بۆ ئێمە دروستکرد، بەڵام هەر زوو دەستمان بە ئامادەکاری کرد و پلانمان دانا بۆ ئەوەی پەیوەندیمان لەگەڵ کەیسەکانماندا بمێنێت و بتوانین کەیسی نوێ وەربگرین.”

لەبارەی ڕێژەی کەیسەکانەوە، ئیڤان وتی “ئێمە لە کەرەنتینەدا دەمانزانی کێشەکان زیاترن و دەمانزانی خەڵکانێکی زۆر پێویستیان پێمانە بەڵام نەیاندەتوانی دەستیان پێمان بگات، ئەمە ئێمەشی نیگەران کردبوو، هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوەبوون توندوتیژی زیاتر بوو، بەو پێیەی قوربانی و تاوانبار لە یەک ماڵدا بوون.”

ئیڤان دەربارەی کەیسی هەراسانکردن وتی “چەند کەیسێکی هەراسنکردنمان هەبوو، چونکە ژیانیان لە مەترسیدا بوو، پێویستان بە خانەی داڵدەدان بوو، یەکێک لە کەیسەکانمان ڕەوانە کرد، بەڵام زۆرێک لە کەیسەکان بە هۆی کاریگەری نەریتی کۆمەڵایەتیی بەسەرییانەوە ناتوانن خانەی داڵدەدان وەک شوێنێکی ئارام و دوور لە مەترسی، بۆ خۆیان هەڵبژێرن.

ئەم دۆخە سەختە کارە یاساییەکانیشی گرتەوە، ئیڤان وتی: ” هەموو ئەو کەیسانەی کە پێشتر داوای یاساییان هەبوو، ڕاگیرا. ئەمە زۆر سەخت بوو. نزیکەی ٣٠٠ کەیسمان لە سلێمانی و ٤٠٠ کەیسمان لە دهۆک بەهۆی کەرەنتینەوە سەرجەم کارەکانیان ڕاگیران ڕاگیران.

PDO لە دهۆکیش بە ئۆنلاین کارەکان بە ڕێوەچوون و ڕێنمایی و خزمەتگوزارییەکان گەیەنرانە خەڵکی.

ئاڤا نوعمان پارێزەر لە سەنتەری ڕەوشەن بۆ چاوی خەڵک دوا: “کار و خزمەتگوزارییەکانمان بە شێوەی ئۆنلاین ئەنجامدەدا، ئەوانەی پێویسییان بە ڕێنمایی یاسایی بوو من ڕێو شوێنەکانم نیشان دەدان، ڕێوشوێنە دەرونیی و کۆمەڵایەتییەکانیش بە هەمان ڕێکار لە لایەن کارمەندەکانی دیکەمانەوە جێبەجێ دەکرا.

هەروەها وتی “لە سەرەتادا دادگاکان داخرابوون ئەمەش کاری ئێمەی سەخت کردبوو، لە دهۆک سەرجەم ڕێکخراوەکان بە ئۆنلاین کاریان دەکرد جگە لە ڕێخراوە حیزبییەکان کە کارئاسانییان بۆ دەکرا و دەیانتوانی بێنە دەرەوە. بە گشتی کارکردن بە ئۆنلاین لە هەموو ڕویەکەوە سەختر بوو.

یەکێک لەو کەسانەی سودمەندبووە لە خزمەتگوزارییەکانی PDO لە سەردەمی کەرەنتینەدا بۆ چاوی خەڵک دوا؛

 

لە سەردەمی کەرەنتینەدا من لە کێشەدابووم، خوشکێکم ژمارە تەلەفۆنی PDOی پێدام. من ئومێدم بەوە نەبوو کارێکم بۆ بکەن. بەڵام بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی منەوە کارەکان بەڕێوەچوون.

 

ژ.م، یەکێک لە سودمەندانی خزمەتگوزارییەکانیPDO  بۆ چاوی خەڵک دوا “من لە کێشەدابووم. تەنانەت بە دزییەوە پەیوەندیم دەکرد. کاتێک خوشکەکەم ژمارە تەلەفۆنی ڕێکخراوی PDO ی پێدام، ئومێدم بەوە نەبوو کارێکم بۆ بکەن. بەڵام بە پێچەوانەی بیرکردنەوەی منەوە کارەکان بەڕێوەچوون.”

لەبارەی بەرەو پێشچونی کەیسەکەیەوە ژ.م، وتی “لە سوچێکی ماڵەکەمەوە، بە گریان و بیرکردنەوە لە خۆکوشتنەوە پەیوەندیم کرد، ئەمان لە نزیکترین کەسەکانم دڵسۆزتر و لە هاوڕێکانم باشتر گوێیان لێگرتم و  حەکیمانە ڕێنماییان کردم. ئێستا ئارامم و لە قۆناغێکی باشی کەیسەکەمدام و دڵخۆشم.”

لە کۆتاییدا وتی “سەرەتا پێم وابوو کێشەکەم گەیشتۆتە بنبەست و هیچ ڕێگە چارەیەکم نەماوە، بەڵام پارێزەر و توێژەرەکانی PDO چەندین ڕێگە چارەی نوێیان نیشاندام، سوپاسیان دەکەم بۆ ئەو هەموو کاتەی بۆ منیان تەرخانکرد.”

لە ئێستادا ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان بە شێوەیەکی ئاسایی کارەکانی بەڕێوە دەبات و بەهار مونزیر دەڵێت  “بە پرس و ڕاوێژ لەگەڵ پزیشک و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی کارەکانمان لە ئۆفیس بەردەوامی پێداوە. کەرەنتینە ئەزمونێکی سەخت بوو بەڵام هێزی پێداین.”

لە کۆتاییدا وتی “جگە لەوەیش لە ١٥/٥/٢٠٢٠ لەگەڵ ڕێکخراوەکانی (سویدۆ و UNFPA) دەستمان بە پرۆژەیەکی نوێ کردووە. کە خۆی لە پێنج سەنتەردا دەبینێتەوە لە شارەکانی سلێمانی و گوڵاڵە-جەلەولا، شارۆچکەکانی ڕانییە و کەلار و هەڵەبجە.”

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment