دلڤین، تەمەنێکی کەم؛ کارێکی گەورە

189836655_499056444559427_1897863581934892414_n

دلڤین غازی، تەمەن ٢١ ساڵ، بەڕێوەبەری سەنتەری کۆمەڵایەتییە لە قەزای (سێمێل)ی سەر بە پارێزگای دهۆک، ئەو  سەرەڕای ئاستەنگی بەردەمی لە کۆمەڵگادا  توانیویەتی بە شێوەیەکی باش ڕۆلی خۆی بیبینێت.

دلڤین بەم شێوەیە دەربارەی چیرۆکی خۆی بۆ چاوی خەڵک دوا” لە ئێستادا سەرەڕای ئەوەی کە خوێندکارم بەڵام وەکو چالاکوانی جڤاکی سڤیل و هەروەها بەڕێوەبەری سەنتەری کۆمەڵایەتی لە قەزای سێمێل ئیش دەکەم، ئامانجیشم لەم کارە ئەوەیە جگە لە پێشخستنی کەسایەتی خۆم و جڤاکی خۆم، بن بڕ کردنی دیاردەی شاش و نە باشی کۆمەڵگەکەمانە.”

لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەستی کردووە بە ئەنجامدانی کاری  مرۆیی و کۆمەڵایەتی، لەهەمانکاتدا بە خۆبەخشی ئیشی کردووە، لە کاتێکدا لە کۆمەڵگای کوردیدا کارکردنی ژنان بە شێوەیەکی گشتی ڕەخنە و تێبینی زۆریان لێدەگیرێت، بەڵام  بە بەردەوامی هەوڵی داوە کە ئەم دیاردەیە نەهێلێت.

 

دلڤین لەکاتی ئەنجامدانی یەکەم کاری لەو بوارەدا لە هەژماری تایبەتی خۆی پارەی خەرج کردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت وەکو پێویست خزمەتی کۆمەڵگای خۆی بکات، لەهەمانکاتدا ڕۆژ بە ڕۆژ گیانی خۆبەخشی و خزمەتکردنی خەڵک لەلای زیاتر دەبێت و دەیەوێت ئەو گیانە مرۆڤایەتیە بۆ کەسانی دەوروبەری  خۆی بڵاوبکاتەوە.

“دەستپێکی کارکردنم ئاسان نەبوو، وەکو هەر ژنێکی تر یەکێک لە گەورەترین ئاستەنگەکان کە بینیومە ئەوە بوو کە بەپێی خەڵکی ئێمە نابێت کچ یان ڕەگەزی مێ کار بکات یان هەر دیار بێت لە سۆشیال میدیا و بەتایبەتیش ئەگەر ئەم کارە بێ بەرامبەر بێت یاخود داهاتێک بۆی پەیدا نەکات،  بەڕاستی ئەمە بووەتە جێگەی ڕەخنە لەلایەن زۆر کەسەوە بۆم بەڵام خۆشبەختانە بنەماڵەکەم لەگەڵم زۆر هاوکاربوون و پشتیوانی خۆیان بۆم ڕوون بووە چونکە ئەو ئاستەی ئێستا گەیشتۆمە بە سایەی خێزانە بەڕێزەکەم بوو.” دلڤین وای وت.

 

 

زۆر جار لەبەر بچووکی تەمەنی بیرو بۆچونەکانی وەرنەدەگیرا، چونکە ئەو لەتەمەنی هەرزەکاریدا بوو، هەر بەم هۆیەشەوە هەندێکجار لە چالاکی دووردەخرایەوە یاخود لە ڕێزی کۆتایی دەمایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کێشەی هاتووچۆ و دووری ڕێگاکە یەکێکی تربوو لە ڕێگرییەکانی بەردەم دلڤین و موعاناتێک بووە لەو قۆناغەی تەمەنیدا.

دلڤین پشتیوانی چینی کۆمەڵگا و بونیادنانی کۆمەڵگایەکی ئاشتی خواز کە دووربێت لە ڕەگەز پەرستی و  هەروەها ڕۆشنبیرکردنی تاکی ئەو کۆمەڵگایە بە تایبەت لە ڕەگەزی مێ بە ئەرکی خۆی دەزانێت، بۆیە ئاستەنگی زۆر نەی توانیوە ڕێگری لێ بکات،  ئەو کچە چاڵاکوانە ژمارەیەکی زۆری چالاکی و کەمپین و هاوکاری خێرخوازی بۆ خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە و ئاوارە و پەنابەرانی کە لە دەڤەرەکە نیشتەجێن ئەنجام داوە.

 

 

بەڕێوەبەری سەنتەری کۆمەڵایەتی لە قەزای سێمێل وتیشی” ئامانجم لە هەموو ئەم کار و هاوکاریانە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و پێشخستنی کۆمەڵگەکەمە، لە دەستپێکی کارکردنیشمدا و تا ئێستا زۆر چالاکی و خزمەتم پێشکەش کردووە، لەوانەش ڕێکخستنی کەمپینی گرێدای (تەندروستی ،پەروەردەی ،سەلامەتی ،پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕۆشنبیری وهتد..) هەروەها ڕێکخستنی زۆر چالاکی پیشەیی و بە هێزکردنی تاکی کۆمەڵگا بە تایبەت ژن و گەنج، لەگەڵ پشتیوانیکردنی خێزانەکانی کەم دەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەت و ڕێکخستنی چالاکیی تایبەت بە پاراستنی ژینگە) بووە.”

لە سەرانسەری هەرێم و تایبەت لە پارێزگای دهۆک، ژنان هەوڵی خۆ ڕێکخستن دەدەن و لە ئێستادا بە شێوەیەکی گشتی ئاستی کارکردن لەنێو ژنان دا لە چەند ساڵی ڕابردوو باشترە و ژنان لە پاڵ پیاوەکان خزمەتی کۆمەڵگە لەبواری جیا جیا دا دەکەن.

لە کۆتایدا دلڤین دەڵێت” هیوام ئەوەیە کە ڕۆژێک نوێنەرایەتی وڵاتی خوم بکەم، لە دەوڵەتانی بیانی و پێشکەوتوو تا توانای تاکی ئەم کۆمەڵگەیە وەکو هەموو وڵاتانی تری جیهان پیشان بدەم.”

 

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment