سەنتەری پەنا بۆ پارێزگاری و پێگەیاندنی ژن لە کەلار کرایەوە

IMG_0430

ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان سەنتەری پەنا-ی لە کەلار کردەوە، سەنتەرەکە کار بۆ پارێزگاریکردن و هۆشیارکردنەوە و پێگەیاندنی ژن دەکات لە ناوچەکە، خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانی پەنا پێکهاتوە لە خزمەتگوزاری یاسایی و کۆمەڵایەتیی و دەرونیی.

سەنتەرەکە لەلایەن چالاکوانێکی کەلار کرایەوە و وتەی کردنەوەی سەنتەرە لەلایەن بەڕێوبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان، بەهار مونزیر پێشکەش کراو تێیدا سوپاسی هەریەک لە بەڕێوبەری ئاسایشی کەلار، بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی کەلار، بەڕێوەبەری گشتی کاروباری کۆمەڵایەتی، بەڕێوەبەری مافی مرۆڤ، جێگری ئیدارەی گەرمیان، جێگری قایمقامی کەلار، بەڕێوەبەری نوسینگەی توندوتیژی کەلار، بەڕێوبەری کتێبخانەکانی کەلار و ڕێکخراوەکانی ژنانی کرد بۆ ئامادەبونیان و بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و کار ئاسانیانەی پێشکەشیان کردوە.

لە بارەی کرانەوەی سەنتەری پەنا ڤیان وتی”سەنتەری پەنا یەکێکە لە پرۆژەکانی PDO ئەم سەنتەرە لە ١٥/٥/٢٠٢٠ کارەکانی دەستپێکردووە و بەڵام بە هۆی پەتای کۆرۆناوە سەرجەم کارەکان بە شێوازی ئۆنلاین بەڕێوە دەچوون، ئەمڕۆ دەرگای پەنا بەڕوی هاوڵاتییاندا کرایەوە و ئەمە قۆناغێکی نوێی کارکردنمانە.”

ڤیان باسی لە گرنگی سەنتەرکە کرد و وتی “سەنتەری پەنا دەبێتە شوێنێکی گرنگ بۆ ژنان کە دەتوانن لێرەوە کێشە کۆمەڵایەتیی و یاسایی و دەرونییەکان چارەسەر بکەن.”

لەبارەی کارەکانی سەنتەرەکەوە ڤیان دەڵێت “کاری سەرەکیمان وەرگرتنی ئەو کەیسانەیە کە توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، جگە لەوەش چەندین کۆڕ و سیمینار ڕێکخدەخەین و هۆشیاری دەگەیەنینە تەواوی ژنانی کەلار و گەرمیان، کار بۆ بەرەوپێشبردنی پێگەی ژنان دەکەین.”

دەستپێکی کارەکانی ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان PDO دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٧ پارێزگاری و هۆشیارکردنەوەی ژن لە ناوچەکە کاری پێشینەی PDOبووە.

سابرین نوری سۆشیال وۆرکەر لە سەنتەری پەنا بۆ چاوی خەڵک دوا “ماوەی پێنج ساڵە لەگەڵ ڕێکخراوی PDO  کاردەکەم، سەرەتای کارکردنم لە کەمپی قۆرەتوو بوو لەگەڵ ئاوارە عەرەبەکان جگە لە وەرگرتنی کەیس هۆشیاریمان بڵاودەکردەوە و خولی ڕاهێنانیشمان دەکردەوە.”

لەبارەی سەرەتای کارکردنی سەنتەری پەنا-وە وتی: “لە سەرەتادا بە هۆی بارودۆخی کۆرۆناوە بە ئۆنلاین کارەکانمان دەکرد. وەرگرتنی کەیس بە ڕێگەی ئۆنلاین کارێکی سەختە، بە ئاسانیی ناتوانیت لە کەیسەکەت تێبگەیت یاخود کەیسەکەت لە تۆ تێبگات. ڕوو بە ڕوو کارەکە ئاسانترە.”

لە باسی گرنگی سەنتەرەکەدا ووتی “لەم کۆمەڵگە داخراوانەدا ئەم سەنتەرانە گرنگییەکی زۆری هەیە، ئێمە هۆشیاریمان لەسەر ئەو کەیسانە داوە کە بە زۆری لەم ناوچانەدا باون وەک هاوسەرگیری پێشوەختە یاخود فرە ژنی. ئەنجامەکانیشی دەبینینەوە و هەست دەکەین قۆناغێکی باشمان بڕیوە.”

سابرین لە کەمپ و لە ناو شارەکانیشدا کاریکردووە و باس لە جیاوازی کارەکانی دەکات: “لە کەمپەکاندا هۆشیاری کەمترە، ئەمەش وادەکات سەرەتا لە بیری هۆشیاریدا بین. بەڵام کەیسی شارەکان لە شارەکان خاوەن پێگەی کۆمەڵایەتی و خاوەن بڕوانامەن، ئەمەش شێوازی کارکردنمان لە کەمپەوە بۆ شار دەگۆڕێت.”

جگە لە کارەکانی ناو ئۆفیسەکە، سەنتەری پەنا خزمەتگوزاری “مۆبایل تیم”ی هەیە، واتە کەسێک کە خۆی دەگەڕێت و دەچێتە لای کەیسەکان و بەسەریان دەکاتەوە. ئەو کەسە هەودا محەمەد ە.

هەودا توێژەری کۆمەڵایەتی و مۆبایل تیمی سەنتەری پەنا بۆ چاوی خەڵک وتی: “ئێمە وەک مۆبایل تایم تەواوی کاتەکانمان لە دەرەوەی ئۆفیسین مامەڵەمان بە گشتی لەگەڵ خەڵکی ناو شاری کەلار و کەمپەکاندایە، کارمان دۆزینەوەی کەیس و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری و بروشەر و ناساندنی سەنتەرەکەمانە.

لەبارەی بوونی سەنتەری پەناوە لە کەلار وتی: “پێموانییە پێشتر سەنتەرێکی لەم شێوەیە بوونی هەبوبێت، حکومەت هەندێک کاری کردووە بەڵام بەم شێوەیە گەورە و فراوان نەبووە. کاتێک سەنتەرەکەمان کردەوە بە لێشاو سەردانیکەر ڕوی تێکردنین و خەڵک بە گرنگییەوە لە سەنتەرەکەمان دەڕوانن.

 چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment