وازهێنان لە خوازبێنی

122169213_1270177346654663_2847619371589517028_n

بەشی دووەم/ وازهێنان لە خوازبێنی 

بڕگەی سێهەم لە یاسای باری کەسێتیدا دەڵێت:

(بەڵێنی هاوسەرگیریکردن خوێندنی الفاتحە و خوازبێنی بە گرێبەست دانانرێت)، کەواتە مەبەست لێی ئەوەیە خوازبێنی بەڵێندانە بە هاوسەرگیری و گرێبەست نیە،  بۆیە ئاساییە هەریەک لە خوازبێنی کەرو و خوازبێنی کراو لە بەڵێنەکەیان پاشگەز ببنەوە و پاباند نەبن بە خوازبێنیەکەوە، چونکە ئەگەر داوابکرێت پابەندبن بە بەڵێنەکەیان و ناچار بکرێن، لەهەمان کاتیشدا ویستیان بۆی نەبێت ئەوا زۆر کردن دێتە کایەوە و گرێبەستەکە بنەمای ڕەزامەندی لەدەست دەدات.

لە ئەنجامی خوازبێنیشدا چەند ئاسەوارێک دروست دەبێت بەم شێوەی خوارەوە:

١- ئەگەر خوازبێنیکار هەستا بەپێشکەشکردنی هەندێک دیاری بۆ خوازبێنیکراو یان ئەگەر کچەکە هەستا بە پێدانی دیاری بۆ خوازبێنی کارەکەی، پاشان پەشیمان بونەوە ڕوی دا ئەو دیاریانە چ حوکمێکیان هەیە؟

زانایان ڕای جیاوازیان هەیە لەو بارەیەوە بەم شێوەی خوارەوە:

بۆچونی یەکەم/ زانایان لە مەزهەبی (شافعی) پێیان وایە ئەگەر دیاری گۆڕینەوە هەبێت لە نیوان کچ و کوڕەکەدا لە دوای خوازبێنی هەردوو لا بۆیان هەیە داوای گێڕانەوەی دیارییەکانیان بکەنەوە ئەگەر لەبەردەستدا بوو، بەڵام ئەگەر تیا چوبوو ئەوا دەتوانرێت داوای (بدەلە)کەی بکرێتەوە مادەم دیارییەکە لەبەر هاوسەرگیری لەگەڵیدا پێیدرابێت.

بۆچونی دووەم/ زانایانی (حەنبەلی) پێیان وایە دروست نیە بۆ داواکار و داواکراو داوای گێڕانەوەی دیاریەکانیان بکەن و جیاوازیشی نیە پەشیمان بونەوەکە لە لایەن داواکار یان داواکراوەوە بێت.

بۆچونی سێهەم/ زانایانی مەزهەبی (مالکی) پێیان وایە ئەگەر پەشیمان بونەوەکە لەلایەن خوازبێنیکارەوە بوو بۆی نیە داوای گەڕانەوەی ئەو دیاریانە بکات کە پێشکەشی خوازبێنیکراوی کردووە، چونکە لێرەدا دوو ئێش لەسەر دڵی کچەکە دروست دەبێت، یەکێکیان ئازاری پەشیمانبونەوەکە و ئەویتریان ئازاری وەرگرتنەوەی دیارییەکانە لێی، بەڵام ئەگەر پەشیمانبونەوەکە لە لایەن خوازبێنیکراوەوە بوو ئەوا خوازبێنیکار بۆی هەیە داوای گێڕانەوەی دیارییەکانی بکات و لێی وەربگرێتەوە جا خودی شتەکە بێت یان بە(دەلە)کەی.

بۆچونی چوارەم/ بۆچونی (حەنەفی)ەکانە بەوەی دیاری حوکمی بەخشین وەردەگرێت، بەلای ئەمانیشەوە دروستە لە بەخشین پەشیمان ببنەوە، بەڵام هەندێک حاڵەتیان جیا کردۆتەوە کە بەڕەوای نابینن لایەنەکان پەشیمان ببنەوە لە بەخشینەکانیان کە حاڵەتەکانیش بریتین لە:

١- ئەگەر بەخشەر یان پێ بەخشراو مرد.

٢- ئەگەر پێ بەخشراوەکە قەرەبویدا بە بەخشەرەکە.

٣- ئەگەر بەخشراوەکە لە موڵکایەتی پێ بەخشراوەکە دەرچوو.

٤- ئەگەر بەخشراوەکە زیادەیەکی پێوەلکاوی لا پەیدا بێت کە بێتە هۆی زیدبونی نرخی بەخشراوەکە.

یاسادانەری عێراقیش لە بڕگەی سێیەمی مادەی ١٩دا دادوەری ڕەوانەی بنەماکانی قانونی مەدەنی کردووە بەوەی حوکمەکانی بەخشین بەسەر دیاریدا پیادە دەکرێت، هەروەها یاسای مەدنی لە مادە (٦١٢) دا باسی بنەماکانی بەخشین دەکات کە ئەمەش دەقەکەیەتی (ئەو بەخشین و دیاریانەی کە لە کاتی خوازبێنیدا لە لایەن یەکێک لە داواکار و داوا کراودا پێکەشی بەرامبەر دەکرێت یان لەلایەن کەسێکی بێگانەوە بە هەردوکیان دەدرێت یان بە یەکێکیان، پیویستە کەسی پێ بەخشراو بی گێڕێتەوە بۆ بەخشەرەکە ئەگەر خوازبێنیەکە هەڵوەشایەوە و بەخشەرەکە داوای کردەوە، مادام بەخشراوەکە لەناو نەچوبێت و بتوانرێت خودی ئەو شتە بگێڕدرێتەوە).

 

ئامادەکردنی : پارێزەر / ساکار عطا محمد

 

 

 

Leave a comment