ژنانیش دەتوانن مافی جیابونەوەیان بەدەست بێت

photo-1530785470999-8fa989133af1

لەکاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا دوو ماف هەیە ژن دەتوانێت داوای بکات و یەکێکیان ڕێگەپێدانی ژنە لە سێ تەلاق دانەیەکی بەدەست بێت، مافێکی تر ڕێگری کردنە لە هاوسەرەکەی نەتوانێت هاوسەرگیری دووەم بکات.

شێنێ عوسمان تەمەنی ٣٦ ساڵە و لەپاش ١١ساڵ ژیانی هاوسەرگیری، هاوسەرەکەی بە بێ ڕەزامەندی و ئاگاداری شێنێ ژنی دووەم دەهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆکاری جیابونەوەیان.

شێنێ دەڵێت” زۆربەی ژنانی کۆمەڵگای ئێمە بەخۆشمەوە هیچ زانیارییەکمان نەبووە دەربارەی بەکارهینانی ئەم مافانە، پێویستە گرنگی بەو خاڵە بدرێت کە ژن توانای مافی جیابوونەوە لە گرێبەستەکەدا تۆمار بکات.”

هەروەها وتی” تۆمارکردنی ئەم دوو مافە سوودی هەیە،کە پڕۆسەکە بە سەلامەتی بمێنێتەوە و پیاوان نەتوانن بە ئارەزوی خۆیان خێزانەکانیان تەڵاق بدەن و ژنی دووەم بهێنن، هەروەها لە نوسینی ئەم گرێبەستەدا ژنان دەبێت وەک لایەنی سەرەکی خۆیان ببینن.”

ئاشنا حەمە عەزیز، پارێزەر تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا” ژنان لە کاتی گرێبەستی هاوسەرگیریدا دەتوانێت داوای دوو ماف بکەن ئەوانیش مافی جیابونەوە و ڕێگریکردن لە هاوسەرگیری دووەم. تۆماری کردنی ئەم دوو مافە سودی زۆر بە ژنان دەگەیەنێت.”

هەروەها دەڵێت “پیاو بە ١٠ مەرج دەتوانێت هاوسەرگیری دووەم بکات، وە هەر کاتێک ژن لە گرێبەستەکەدا ئەم مافانەی تۆمار کردبێت ئەوا پیاوەکە ناتوانێت بەهیچ جۆرێک ژنی دووەم بهێنێت.”

“ئەو کەسانەی هاوسەرگیری دەکەن لەلایەن توێژەری کۆمەڵایەتی پێشتر خولێک دەبینن باشترە کەسانی یاسایی تێیدا بەشداربن  تاوەکو لە ڕووی یاساییەوە ئاشنای مافەکانی ژنانیان بکەن.” پارێزەر ئاشنا وتی.

کلینکی ڕاوێژکاری خێزانی لە ٢٠١٧ کراوەتەوە، تایبەتە بەو کچ و کوڕانەی هاوسەرگیری دەکەن، مەرجە بەیەکەوە بەشداربن، خولەکە یەک ڕۆژە و ماوەکەی سێ کاتژمێر دەخایەنێت.

سۆما یاسین، پارێزە لە کلینکی ڕاوێژکاری خێزانی دەڵێت”ئەم خولە لەلایەن پێنج کەسی پسپۆر لە بواری یاسایی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی و دەروونی دەوترێتەوە.  مەرجە ئەو کچ و کوڕانەی لە خوار ٢٥ ساڵەوەن ئەم خولە ببین، لەدوای ئەو تەمەنە بە هەڵبژاردەی خۆیانە کە بەشداربن یان نا.”

هەروەها دەڵێت” من وانەبێژی بابەتی یاساییەکەم، لێرە هەموو زانیاریەک لەسەر هەق و مافەکانی ژنان شیدەکرێتەوە تاوەکو لە کاتی مارەبڕین زانیاریان هەبێت چ مافێک لە گرێبەستەکەدا تۆماربکەن و چۆن مارەیی و نەفەقە وەربگرن و داوای تەڵاق بکەن.”

ئەو مافانەی ژنان کە دەتوانن لە گرێبەستی هاوسەرگیریدا بینوسن، زۆرینەی ژنان ئاگاداری نین وە نەیان توانیوە سودی لێببین، هەر بۆیە بی ئاگاداری خۆیان ڕوبەڕوی جیابونەوە بون، یاخود هاوسەرەکانیان بێ ڕەزامەنی ئەوان ژنی دووەمیان هێناوە.

سورێن عەبدوڵڵا لەگەڵ ساکاری هاوسەری لە دادگای سلێمانی ویستیان لە کاتی مارەکردن ئەو دوو مافە لە گرێبەستی هاوسەرگیریەکەیاندا تۆماربکەن، بۆ ئەم مەبەستە پێویست بوو فایلێک پڕبکەنەوە، بەهۆی پێنەدانی ئەو فایلەوە ساکار نەیتوانی سوود لەم مافانە وەربگرێت.

سورێن وتی” نابێت ترست لە پێدانی مافبە هاوسەرەکەت هەبێت، چونکە ئەگەرپڕۆسەکە لەسەر پەیوەندی باش بنیاتنرا لێی سوودمەند دەبیت. کۆمەڵگای کوردی پیاو سالارە، ئەگەر یاساکە توندوتۆڵ بکرێت لانی کەم دەتوانیت ڕیگری لەو نادادپەروەرییە بکرێت.”

پێش کردنەوەی کلینکی ڕاوێژکاری خێزانی شوێنکیتر نەبوو بۆ پێدانی زانیاری بەو کچ و کوڕانەی هاوسەرگیری دەکەن، لە کاتی مارەکردنیشدا لەلایەن دادوەرەوە هیچ ڕونکردنەوەیەک سەبارەت بەمافەکانی ژنان نەدەکرا.

ڕێژین محەمەد دەڵێت” ٧ ساڵە هاوسەگیرم کردووە، لەکاتی گرێبەستەکەدا تەنیا لەوە ئاگادارکرامەوە چەند مسقاڵی حازیرم بۆ کراوە و چەندی پاشەکی، جگە لەوە زانیاری ترمان لەلایەن دادوەرەکەوە پێنەدرا، ئەوکاتە بمزانیایە داوام دەکرد.”

هەروەها دەڵێت” ئەمە مافێکە دەبێت لێی ئاگادار بین، چونکە سوودی زۆرمان پێدەگەیەنێت کە پیاوان بەبێ هۆکار ژنی دووەم نەهێنن، بەداخەوە هەندێکجار دەکەونە ژێر کاریگەری کەسانی نزیکی خۆیان، یاخود وەک چاو لێکەری لێدێت، لە کاتێکدا ژنی یەکەم هیچ کەمو کوڕیەکی نییە.”

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

Leave a comment