بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە

118343680_3816261925055317_9049844436693345327_n
پروشە قەلەندەر کەسنەزانی
پارێزەر، ماستەر لە لێکۆڵینەوەی تاوان – بەریتانیا

سەرەتا پێویستە بزانین کە مەبەستمان چیە لە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە؟ ئایا دەکرێت مرۆڤیش وەک کاڵایەک سەیر بکرێت و مامەڵەی پێوە بکرێت ؟

بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە زۆر لە سەردەمانێکی کۆنەوە بوونی هەیە و لەو کاتانەدا وەک بەندایەتی و کۆیلەگەری سەری هەڵداوە بەڵام لە ئێستادا فۆرمێکی جیاوازی وەرگرتوەو لەگەڵ پێشکەوتنی تەکنەلۆجیاو گەشەسەندنی ژیان بووە بە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە . هەر بۆیە لە ئێستادا دەکرێت بەجۆرێک پێناسە بکرێت کە کۆیلایەتیەکی سەردەمیانە ( modern slavery ) بەجۆرێک مرۆڤەکان کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێ بۆ مەبەستی بازرگانی و قازانجی مادی کە لێرەدا مرۆڤ هاوشێوەی کاڵایەکی بازرگانی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و دۆخی مرۆڤەکان دەقۆزنەوە کە بەهۆی پێویستی زۆری ئەو کەسە لە بەرامبەر ئەو کارەی کە دەیکات.
لە نموونەی ئەم جۆرە بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە بە شێوەیەکی گشتی دەکرێت لەم حاڵەتانەدا کۆ بکرێتەوە :
١/ بازرگانی سێکس ( لەشفرۆشی )
ئەمەش مامەڵەکردن و کڕین و فرۆشتنی مرۆڤەکان بۆ مەرامی تێرکردنی جنسی کە سەرچاوەی مادی لێ دەست دەکەوێت کە هەندێک جار قوربانیەکان بەکاردەهێنرێن و فێڵیان لێدەکرێت و هەڵدەخەڵەتێن یان بە هۆی زەبری هێز و بەزۆر ئەم کارە بە کەسەکە دەکرێت یان کەسەکە بە ویستو رەزامەندی خۆیەتی بەڵام تەمەنی لە خوار ١٨ ساڵەوەیە و درک ناکات بەوەی کە بەکارهێنراوە چونکە عەقڵی کامڵ نەبووە.
٢/ بەکار هێنانی مرۆڤ بۆ کارکردن و خزمەت کردن بەپارەیەکی زۆر کەم یان بەبێ بەرامبەر
ئەم جۆرەیان کەسەکە فریو ئەدرێت یان بە فێڵ یان بە زۆر وە دەسەڵاتی کەسەکە لێرەدا سنوردار دەبێت وەك لێسەندنەوەی ناسنامە یان پاسپۆرت وە ناچار کردنی بە زۆر کار کردن یان هەرەشە لێ کردن بە ئەنجامدانی تاوانێک بەرامبەری وە بەهۆی ئەم هەرەشەیەوە ناچاری کار کردنی ئەکات یاخود کار کردن لە بری قەرزێك کە توانای یانەوەی نیە وە لەژێر فشاری ئەم قەرزە کار دەکات.
٣/ هەڵخەڵەتانی هەرزەکار لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان
هەڵخەڵەتانی هەرزەکار لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان کە کارێکی پێ بکەن لەبەرامبەر حەزو خولیاو ئارەزویەکی هەرزەکارانە لە تۆرە کۆمەڵایەتیەکان یاخود یارییە ئەلکترۆنیەکان. وەك( کرداری سێکسی لە بەرامبەر بردنەوەی ئەم هەرزەکارە لە یاریە ئەلکترۆنیەکە یان بەڵێندان بەوەی کە بەناوبانگ بکەن ئەم هەرزەکارە لە تۆرەکۆمەڵایەتیەکان ئەگەر فڵانە کار ئەنجام بدات یان هەر حەزو ئارەزویەك کە هەرزەکار هەیەتی وە قۆستنەوەی ئەم حەزەی بۆ ئەنجام دانی کارێکی قێزەون وە نەشیاو .
٤/ بازرگانی کردن بە پارچەکانی جەستە
کڕین و فرۆشتن بە پارچەکانی جەستە و لاشەی مرۆڤ لە بەرامبەر بڕێک پارەی کەم وە قۆستنەوەی دۆخی هەژاری کەسەکە لەبەرامبەر ئەنجامدانی ئەم کارە.
٥/ کاری قاچاخچێتی
ئەم لایەنە لەم سەردەمەدا و لە ئێستادا گەورەترین زۆرترین بەربڵاو ترینێتی کە کاتێ کەسەکان دەیانەوێت بۆ باشترکردنی دۆخ و گوزەرانیان لە ووڵاتەکانی خۆیانەوە کۆچ بکەن بۆ ووڵاتێکی تر کە دۆخی ئابوری و بژێوی باش بکات ، بۆ نموونە بۆ گەشتن بە ئەوروپا پەنا دەباتە قاچاخ چیەك کە لە ڕێگای نافەرمیەوە داخڵی خاڵە سنوریەکانی وڵاتانی جهانی بکات. لێرەدا قاچاخچیەکە هەل و فرسەت دەقۆزێتەوە لە کەسەکە کە توانای نەماوە و سنوردارەو هیچ ناسنامەیەك یان بەڵگەیەکی یاسایی لا نەماوە هەروەها شارەزای زمان و جوگرافیایی ئەو شوێنە شارەزا نیە و ناتوانێت بگەڕێتەوە شوێنی خۆی و ووڵاتی خۆی. لێرە زۆر جار کەسەکە مل کەچ دەکەن بۆ مەرامی سێکس کردن یان گواستنەوەی مادەی هۆشبەر یان کوشتنی ئەم مرۆڤانە لە رێگا و فرۆشتنی پارچەکانی جەستەیان یان فێڵ کردن و سەرنگوم کردنیان وە روتانەوەیان بە لێسەندنەوەی هەموو کەلوپەلەکانی هتد…..
٦/ بەکارهێنانی جەستەی ئافرەت بەمەبەستی دووگیانی بوون لە بری کەسێکی تر
بەکارهێنانی جەستەی ئافرەت بەمەبەستی دووگیانی بوون لە بری کەسێکی تر ( بۆ نموونە بەکرێ گرتنی رەحمی ئافرەتێك و پاش ئەوەی مناڵەکەی بوو دەیداتە ئەو کەسەی کە بازرگانیەکە دەکات ) ئەمەش لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی زۆر کەم ئەم حاڵەتانە لە وڵاتانی هەژار و کەم دەرامەتدا روودەدات یاخود کەسەکە ئالودەی ماددە هۆشبەرەکان بووە و بۆ دابینکردنی پێداویستی خۆی پەنا بۆ ئەم کارە دەبات .
٧/بازرگانی کردن بە منداڵەوە
کڕین و فرۆشتن بە منداڵەوە لە لایەن دایك و باوك لە بەرامبەر برێك پارە ئەمەش بە هۆی هەژاری و دۆخی سەختی ژیانو گوزەرانیان .
بۆیە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە تاوانێکە کە جیهان گیرە و لە تەواوی جیهاندا ئەم تاوانە لە پەرەسەندندایە و وە رۆژانە بە دەیان کەس کە ئەم جۆرە بازرگانیە دەکەن دەستگیر دەکرێت لەسەر ئەم تاوانە قێزەونانە.
لێرەدا هۆشیاری کۆمەڵگە رۆڵی گرنگ و کاریگەر ئەبینێت کە هەموو لایەك هاوکار دەبن بۆ نەمان و سنوردارکردنی ئەم جۆرە تاوانانە . هەر بۆیە پێویستە ئامۆژگاری هەرزەکار یان ئەوانەی بە ئاسانی دەبنە قوربانی ئەم تاوانبارانە کە بە دوربن و لەو جۆرە کەسانەو نەبنە قوربانی ئەم جۆرە لە بازرگانیە و دۆخی مرۆڤەکان لەلایەن ئەم کەسانەوە بقۆزرێتەوە بۆ مەرامو قازانجی شەخسی خۆیان.
چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment