دیداری خانمانی شانۆکار لە ١/٤/٢٠٢١ دەستی بە ڕاهێنانەکانی کردووە و لە سەرەتای مانگی ٧ کۆتایی دێت. ڕاهێنانەکان لە ووۆرکشۆپ و سیمینار پێکهاتوون و وۆرکشۆپەکان بە ناوەکانی (دەنگم یادەوەریمە – نیگار حەسیب قەرەداخی) (بە وشەکانمدا دەمدۆزنەوە – گەزیزە عومەر) (جێندەر و جەستەی ژن – میدیا ڕەئوف بێگەرد) سیمینارەکانیش لەلایەن شانۆکاران؛ رێزان ساڵح ، خەرمان هیرانی، ڤیان شیروان بەڕێوەدەبرێن.
دیداری خانمانی شانۆکار لە ساڵی ٢٠١٢دا دیداری یەکەمی سازکرد و بڕیاربوو ساڵانە دیدارەکە بەردەوامی هەبێت بەڵام بەهۆی دۆخی خراپی کوردستان و جەنگی داعشەوە پلانەکان وەک خۆیان بەڕێوە نەڕۆشتن. لەمساڵدا و بە ئۆنلاین خولی دووەمی دیدارەکە بەڕێوەدەچێت، شانۆکار فرمێسک مستەفا، سەرپەرشتیاری گشتی دیدارەکەیە و ئاشنا ڕەئوف، خەرمان هیرانی، ئاڤان حسێن ئەندامی لیژنەن. ڕاپەڕاندنی کاروبارەکانی ڕاگەیاندن لەلایەن، خاڵدار، ئاڵا و نەسرینەوە بەڕێوە دەچن.
فرمێسک مستەفا سەرپەرشتیاری گشتی دیدارەکە بۆ (چاوی خەڵک) وتی: “بەهۆی ئەو بارودۆخەی کۆرۆنا لە دونیادا دروستی کردووە، بڕیارماندا کۆنسێپتی خولی دووەمی دیدارەکە بکەینە ناو چوارچێوەی دیدارێکی دیجیتاڵی، لەقۆناخی دووەمدا کاتێک ژیان ئاسایی دەبێتەوە و دیدارەکەمان لە لایەن وەزارەتی ڕۆشنبیرییەوە قبوڵ دەکرێت، کاری وۆرکشۆپەکان لە تیۆرییەوە دەبەینە پراکتیزەی نومایشکارانەوە.
ئامانجی سەرەکی دیدارەکە چەند لایەنێک لەخۆدەگرێ؛ ژنانی شانۆکار دەبنە بەشێک لەو شەپۆلە شارستانییەی ناو دونیای دیجتاڵ و شارەزایی پەیدادەکەن.کاری هەماهەنگی و پێکەوەیی و پشتیوانی کردنی ژنەکان خۆیان. خۆ ئەبدەیت کردنەوە لە زانیاری و چونە ناو شانۆوە بەڕێگەیەک و ستایلێکی تر. برەودان بە تواناکانیان. پتەوکردنی بروابەخۆبوونیان کە لە ئایندە بتوانن کاری سەربەخۆ ئەنجام بدەن و هەست بەو ڕۆڵە گرنگەی خۆیان بکەن لە کایەی داهێناندا.
شانۆکار نیگار حەسیب قەرەداخی زیاد لە بیست و پێنج ساڵە بە چڕوپڕی رۆژانە کار بۆ توێژینەوەی دەنگی دەکات و راهێنەری دەنگە لە (وۆرکشۆپی دەنگم یادەوریمە) و دەڵێت “هەریەکە لەو خانمانەی بەشداری ئەم وۆرکشۆپەن خاوەنی شارەزایی شانۆ و سینەما و تەلەفیزیۆنین، ئێستاش لەم وۆرکشۆپەدا توانای دەنگی و هونەریی خۆیان قوڵتر و چڕتر دەکەنەوە.”
نیگار لەبارەی راهێنانەکەی لە وۆرکشۆپەکەدا بۆ (چاوی خەڵک) دوا: “دەنگ ڕەگەزێکی بناغەیی کاری پێرفۆرمانسیمە. دەنگ و جەستە یەکەیەکن و بێ یەکتری کاریگەر نابن، ئەرکی من وەکو راهێنەری دەنگ ئەوەیە ڕێنمای بەشداربووان بکەم، کە چۆن دەنگیان بەکاربهێنن، بەهێزی بکەن، تۆنەکانی دەنگیان پاکبکەنەوە و تەکنیکی جۆراو جۆر بخەنە کار. لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە چۆن بتوانین لە رێگەی دەنگەوە پێرفۆرمانسێک ئامادە بکەین.”
“لە هەموو بوارێکی سەختدا هونەر یەکێکە لەو کارە داهێنەرانەی کە لە ڕۆتینی ژیان دەربازمان دەکات و پانتایی خەیاڵمان بەرفراوان دەکات. ئامانجی وۆرکشۆپەکە تەنها مەشقی دەنگی و جەستەیی نابێت لەلای من، بەڵکو پێکهێنانی چەند ئەکتسیۆنێکی دەنگی کە دەکرێت لە ئایندە پێشکەش بکرێت وەکو پێرفۆرمانسێک. بۆ ئەمەش پێویستمان بەوەیە کە ئامادەی کارێکی درێژخایەن بین بە پێی کاتی هەمووان لەڕێی زوومەوە یاخود هەر ڕێگایەکی تری کۆمەنیکەیشنەوە بێت.” نیگار وای ووت
شانۆکار، دیدار عومەر بەشداربووی یەکێک لە ووۆرکشۆپەکانی دیدارەکە، بۆ (چاوی خەڵک) وتی: لە گروپی وۆرکشۆپی (دەنگم یادەوەریمە) سەرقاڵی کارکردنین بە شێوەی گفتوگۆ و ڕاھێنان لەسەر دەنگ، لەم وۆرکشۆپەدا سودێکی زۆر لە ڕاھێنان و کارکردنەکانمان وەردەگرین، دەنگمان پەروەردە دەکەین و شێواز و تەکنیکی نوێ لە بەکارھێنای دەنگدا دەدۆزینەوە.
“بوونی دیدارێکی لەم شێوەیە زۆر گرنگە بۆ شانۆکاران، بۆ ئاگاداربوون لە کار و چالاکیەکانی یەکتر، ئەم دیدارە بۆ خانمانی شانۆکار دەبێتە ھۆکاری ئاڵوگۆڕکردنی بیر و ڕا لەسەر چۆنیەتی کارکردن.” دیدار وتی
وۆرکشۆپی (جێندەر و جەستەی ژن لە شانۆدا) یەکێک لە وۆرکشۆپەکانی دیدارەکەیە، بە ڕاهێنەرایەتی شانۆکار میدیا ڕەوف بێگەرد، دەربارەی جەستە و جێندەر و ئەو گۆڕانکارییانەیە کە شوێن و کولتوورە جیاوازەکان بەسەر جەستەی ژندا دەیسەپێنن.
میدیا ڕەوف بێگەرد دەڵێت: لە زۆر وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیادا نمایشم کردوە، دەزانم جەستەی شانۆکار بە پێی ئەو شوێنەی نمایشی تێدا دەکات و بە پێی کولتوورەکان، دەگۆڕێت. جەستە ئاماژەیە. هەندێک جار مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی جەستەوە پەیامەکانی دەگەیەنێت، پێم وایە ئەمە بابەتێکی گرنگە و ووۆرکشۆپێکی بەسود دەبێت بۆ فێرخوازەکان، جگە لەوەش بۆ خۆشم گرنگە و سود وەردەرم و فێردەبم.
“دیداری یەکەممان ساڵی ٢٠١٢ بوو لە هەولێر، بە گرنگی دەزانین ئەم دیدارە بەردەوامبێت و بڕیارماندا دەستپێبکەین لەبەر ئەوەی هەموو بەشداربووەکانمان لە کوردستان و هەندێک لە ڕاهێنەرەکان لە دەرەوە دەژین” ووۆرکشۆپەکان ئۆنلاینە و دەمانەوێت بە پێرفۆرمانسێک کۆتایی پێبهێنین.” میدی وتی.
ووۆرکشۆپی (بە وشەکانم بمدۆزنەوە لە هەر کوێیەک بم) دەربارەی نوسینی دەقی شانۆیە بە ڕاهێنەرایەتی شانۆکار گەزیزە عومەر. بەشداربووەکان زۆرینەیان دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانن و هەفتەی جارێک ماوەی دوو کاتژمێر یان زیاتر قسە لەسەر نوسینی دەقی شانۆیی دەکەن.
گەزیزە عومەر دەڵێت: دیداری خانمانی شانۆکار کۆمەڵێک شانۆکار کۆدەکاتەوە بۆ گۆڕینەوەی بیروڕا و یەکتر ناسین و باسکردنی کێشە و گیر و گرفتەکان و تێگەیشتن لە تایبەتمەندیی و کارە جیاوازەکانی یەکتر.
“هەندێک لە بەشداربووانی ووۆرکشۆپەکەم پێشتر خوێندکارم بوون و هەندێکیان هاوڕێمن. ژمارەیان ١٠-١١ بەشداربوون و توانایەکی باشیان هەیە. ڕاستە ئێمە ناتوانین نوسەر دروست بکەین، بەڵام دەتوانین بوێریان بدەینێ و هانیان بدەین و ڕێگەکانی نوسینی دەقی شانۆییان نیشان بدەین.” گەزیزە وتی.
دیداری خانمانی شانۆکار لەساڵی ٢٠١٣ یەکەم خولی لە باڵەخانەی وەزارەتی رۆشنبیری بەڕێوە چوو، بە ئامادە بوونی ژمارەیەکی زۆر خانمانی کوردستان لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان، هەروەها کوردستانی باکور و رۆژهەڵاتیش، دیدارەکە ٣ ڕۆژی خایاند. چەندین سیمیناری تێدا پێشکەش کرا، شانۆکارەکان بەچڕی لەپەیوەندییەکی داهێنانەی ژنانەدا بوون. هەر لەو مەراسیمەدا چەند خانمێکی دێرینی دراما و شانۆ رێزیان لێندرا.
چاوی خەڵک/ تایبەت