ڕێکەوتی 19-05-2021، لە لایەن ژمارەیەک گەنج و چالاکوانی ئێزیدی هەڵمەتێک بە هاشتاگی (#انقذوا_الايزيديات_المختطفات) (#RescueYazidisKidnapped) بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنە ئێزیدییە ڕفێندراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بە تایبەت تویتەر ڕاگەیاندرا.
ئەم هەڵمەتە بۆ دروستکردنی فشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ ئەوەی هەوڵی زیاتر بدەن تا چارەنووسی رفێندراوە ئێزیدییەکان لەژێر دەستی تیرۆرستانی داعش رزگار بکەن.
سوزان سەفەر چالاکوانی ژنان و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی داک بۆ گەشەپێدانی ژنی ئێزیدی و بەشداربوو لەم هەڵمەتە، لەو بارەیەوە بە (چاوی خەڵک)ی وت: “هەموو لایەک کەمتەرخەمبوە لە کەیسی ڕزگارکردنی کچان و ژنانی ئێزیدییەکان بەتایبەتی حکومەتی عێراقی، بۆیە ئەم هەڵمەتە بەگرنگ دەزانم تا ببێتە فشارێک و هەوڵی زیاتر بدەن وە هیوادارم ڕۆڵی خۆی ببینێت.”
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا “ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ زۆرجار فشار لە حکومەتی عێراق دەکەن بۆ ڕزگارکردنی کچ و ژنە ئێزیدییەکانی ڕفێندراو و پشتیوانیکردنی ڕزگاربووان لەبواری دەروونی و کۆمەڵایەتی دا بەڵام بێ سوودە و تا ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش وەکو ئەوەی پێویستە لەم کەیسە ئیشی نەکردووە.”
لە کۆی ٦٤١٧ رفێندراوی ئێزیدی لەلایەن تا ئێستا تەنیا ٣٥٧٥ کەس ڕزگارکراون کە ١٢٠٥ لەوانە لە ڕەگەزی مێینە و چارەنووسی زیاتر لە ٢٨٠٠ کەس لە زیندانی تیرۆریستانی داعشەوە دیار نییە و ١٢٠٠ لەم ژمارەیە ژن و منداڵی ڕەگەزی مێینەیە.
زیاتر لە ٨٥ گۆڕی بە کۆمەڵ لە شنگال هەیە، وە ٦٠% ی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئاوارە بوون.
ڕیکخراوی (یەزدا) تایبەت بە پارێزگاری کردن لە ئێزیدییەکان دەڵێت “زیاتر لە ٢٨٠٠ ژن و کچی ئێزیدی هێشتا لە ژێر دەستی داعشن و دەستبەسەرن. تەنها ٥ کەس لەوانە لە ساڵی ٢٠٢٠ دا رزگارکراون و بە تێپەربوونی کات ئەگەری رزگارکردنیان بەشێوەیەکی دیار کەم دەکات.”
لەسەرەتای دەرکەوتنی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە عێراق، و دەستگرتنی بەسەر شاری نەینەوا لە مانگی ٦ ی ٢٠١٤دا. کەمینەکان زۆرترین کوژراو ئاوارەییان بەخۆیانەوە بینیوە، بەتایبەتی ئێزیدییەکان کە ژنەکانیان ڕووبەرووی دەستدرێژی و فرۆشتن بونەتەوە لە بازاری “نەخاسە”یە کە دەوڵەتی ئیسلامی داعش دروستی کردبوو.
چاوی خەڵک / تایبەت