جگەرە کێشان لە شوێنی گشتی یاخود لە شوینی کارکردن لەلایەن ڕەگەزی مێ لە کۆمەڵگەی کوردیدا تاڕادەیەک نوێبۆتەوە، لە هەمان کاتدا ڕێژەیەکی زۆرتر لەوەی دەبینرێت بە نهێنی جگەرە دەکێشن و هۆکاری ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕیننەوە ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگە نەگەیشتووە بەو ئاستەی وەک کوڕان بۆ ئەوانیش بە ئاسایی وەربگیرێت و بە ئاشکرا بیکێشن.
لاوێن لەتیف، تەمەن ٣٩ ساڵ ماوەی ١١ساڵە جگەرە دەکێشێت، لەمنداڵیدا کاتێک دەیبینی باوکی جگەرەی دەیکێشا تەنانەت بە بۆنەکەشی بێزار دەبوو.
لاوێن بۆ (چاوی خەڵک) دوا” کاتێک هاوسەرگیریم کرد هاوسەرەکەشم جگەرە کێش بوو، ئەو کاتەش هیچ حەزم لێی نەبوو، بەهۆی ماندویی یان تەنیای هەر بۆ خۆشی خۆم چەند جارێک تاقیم کردەوە تا وایلێهات فێربووم بەردەوام جگەرە بکێشم، بەڵام هیچ کات لەبەردەمی باوکم تا ئێستا ڕووم نەهاتووە بیکێشم و ناشمەوێت بزانێت، چونکە دڵنیام تووڕە دەبێت لە کاتێکدا هاسەرەکەم کێشەی نییە.”
لاوێن هەرگیز نایەوێت جگەرە لە شوێنە گشتییەکان و شوێنی کارەکەیدا بە ئاشکرا و لە بەرچاوی خەڵکدا بیکێشێت هەرچەندە خۆی بڕوای پێیەتی، بەڵام لە چواردەورەکەی دڵنیا نییە دواتر چۆن سەیری دەکەن.
جگەرەکێشان ساڵانە هۆکاری چەندین نەخۆشی و گیان لەدەستدانە، لەپاڵ ئەمەشدا یەکێکە لە نەریتە میژووییە دێرینەکان لە جیهان و کوردستانیشدا، لە هەمان کاتدا جگەرە بۆتە یەکێک لە بازرگانییە هەرە گەورەکانی جیهان کە ساڵانە لەسەرتاسەری جیهاندا نزیکەی ٣ ملیار جگەرە دەکێشرێت.
جگەرە ناتوانێت پێناسەی مرۆڤ بکات، لەسەر پاکەتی جگەرە نوسراوە جگەرە هۆکارێکە بۆ شێرپەنجە. بەڵام لە هیچ شوێنێکدا نەنوسراوە پەیوەندی بە ڕەوشتەوە هەیە
داستان مارف، وەکو کوڕێک لە کۆمەڵگەی کوردی سەبارەت بە جگەرەکێشان لای کچان وتی” لەسەر پاکەتی جگەرە نوسراوە جگەرە هۆکارێکە بۆ شێرپەنجە، بەڵام لە هیچ شوێنێکدا نەنوسراوە پەیوەندی بە ڕەوشتەوە هەیە. جگەرە ناتوانێت پێناسەی مرۆڤ بکات، من کەس بۆ جگەرە کێشان هان نادەم بەڵام بەگژ هەموو ئەوانەشدا دەچمەوە کە جگەرە بکەنە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی مرۆڤ جا کچ بێت یان کوڕ.”
داستان وتیشی” لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کچە جگەرە کێشەکان بە دزییەوە جگەرە دەکێشن یان لە شوێنی گشتیدا نایکێشن، هۆکارەکەی بۆ ئەو ڕوانینە کۆمەڵایەتییە دەگەڕێتەوە کە لەسەر ژن هەیانە، بەڕای من هۆکارەکە جگەرە نییە، ئەگەر جگەرە بوایە ئەی بۆچی هەمان ڕوانینیان بۆ پیاو نییە، من هاوڕێی کچی جگەرەکێشم هەیە هەمان ڕێزی ئەو هاوڕێیانەمیان لێدەگرم کە جگەرە ناکێشن.
جگەرەکێشان لای کچان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا تەنانەت لە وڵاتە ئیسلامییەکانیشدا ئاساییە، بەڵام لە کۆمەڵگەی کوردیدا بە هۆی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ئەو حاڵەتە وایکردووە بە شێوەیەکی ئاسایی سەیری کچان و ژنانی جگەرەکێش نەکرێت.
ڕاژان کەریم، ٢١ ساڵ، لە یەکێک لە شوێنە گشتیەکانی سلێمانی دانیشتبوو کاتێک بەلایدا تێپەڕین ئەو جگەرەی دەکێشا و سەبارەت بەو بابەتە بۆ (چاوی خەڵک)دوا ” من دووساڵ دەبێت جگەرە دەکێشم لەکاتێکدا کەسیتر لەماڵەوە جگەرە ناکێشن، ئێمە کۆمەڵێک کچین هەموومان جگەرە دەکێشین، خێزانەکەشم دەزانن و کێشەیان نییە چونکە ئەمە شتێک نییە پەیوەندی بە ڕەوشت و کەسایەتیەوە هەبێت جگە لە زیانە تەندروستییەکەی.”
کاتێک کچێک جگەرە دەکێشێت کچەکانی چواردەوریشی ڕەتی دەکەنەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتیان لەگەڵیدا لاواز دەبێت
ڕاژان لە شوێنی کارەکەشیدا بە ئازادی جگەرە دەکێشێت و حەز بە شاردنەوەی ناکات، لەهەمان کاتدا ناترسێت لەوەی کەسانی چوار دەوری چۆن بیر لەو دەکەنەوە، چونکە کێشانی جگەرە لە کۆنیشدا لای ژنان لە کلتوری کوردیدا هەبووە، ئەو جەخت لەوەدەکاتەوە جگەرە کێشان لەلایەن کچان جگە لە زیانی تەندروستی پەیوەندی بە ڕەوشت و کەسایەتیی کچانەوە نییە.
هەرلەم بارەیەوە ئاکام ڕەوف توێژەری کۆمەڵایەتی بە(چاوی خەڵک)ی وت” کەسێک جگەرە کێش نەبێت نیشانەی پرسیاری لەسەر ئەو کەسانە هەیە، ئەمەش تەنیا بۆ ڕەگەزی مێ نییە بەڵکو ڕەگەزی نێریش دەگرێتەوە، لەهەمان کاتدا کاتێک کچێک جگەرە دەکێشێت کچەکانی چواردەوریشی ڕەتی دەکەنەوە و پەیوەندی کۆمەڵایەتیان لەگەڵیدا لاواز دەبێت، چونکە ئەمە سیفەتێکە ئەو کلتورو و بیرکردنەوەو ڕستەیەی بەکار دێت بۆ ئەو حاڵەتە هی کۆمەڵگەیە و ئەو پێت دەڵێت کچ نابێت جگەرە بکێشێت نەک بیرکرنەوەی تاکەکان کە بە دیاردەیەکی ناشرین لەقەڵەم بدرێت یان بە چاوێکی نزم سەیری کچەکان بکرێت.”
بەڕای توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاکام ڕەوف هۆکارێکی تری ڕەتکردنەوەی کۆمەڵگە بۆ کێشانی جگەرە لە لایەن ڕەگەزی مێ بۆ پاراستنی لایەنی تەندروستی گەڕاندەوە، چونکە لە ڕووی تەندروستییەوە ئەو کچە لەداهاتوودا دەبێت بە دایک و ئەرکی پاراستنی منداڵی لەسەر شانە، بەردەوامیش ئەو دایکە ئەگەر جگەرە بکێشێت مەترسی لەسەر ژیانی منداڵەکە دەبێت یاخود بەهۆی جگەرە کێشانەوە کە کۆمەڵێک ماددەی زیان بەخشی تێدایە و تێکەڵی خوێن دەبێت دواتر دەبێتە هۆی ئەوەی دایکەکە منداڵێکی ناتەندروست بهێنیتە ژیانەوە،ئەوەش کاریگەری دەبێت لەسەر کۆمەڵگە کە پەیوەندییەکی ساردتر لەگەڵ ئەو کچانەدا ببەستێت.
بەپێی ڕاپۆرتێکی تەندروستی گشتی (WHO) جگەرەکێشان گەورەترین هەڕەشەیە، ساڵانە زیاتر لە ٨ ملیۆن کەس بەهۆی جگەرەکێشانەوە لەسەر ئاستی جیهان دەمرێت، ۷ ملیۆن کەسیان جگەرە کێشن و ۱٫۲کەسی تریش لەو ڕێژەیەی کە دەمرن خۆیان جگەرە کێش نین بەڵام لەگەڵ کەسانێکدا دەژین و کاردەکەن کە جگەرە کێشن و دووچاری دوکەڵ و ژەهرەکانی دەبنەوە.
چاوی خەلک/ تایبەت