پەردەی کچێنی، ئابڕوی ئاینی، کەلەپچەی کولتووری

vagina-ilustracion-flores_24877-71743

 

بڕیار بوو بۆ پشکنین بمبەنە لای دکتۆر. ئەوەی لێی دەترسام ئەوە بوو دایک و باوکی من و ئەو کوڕەی کە هاتۆتە داخوازیم بزانن کە پەردەی کچێنیم لەدەست داوە، ئەوکات هەموو شتێک هەڵدەوەشایەوە. بۆیە پێشتر دکتۆرەکەمم ئاگادارکردبوەوە، تێمگەیاندبوو ئەو کورەی هاتۆتە داخوازیم کێشەی لەگەڵ پەردەی کچێنیمدا نییە و لاشی گرنگ نییە. ئەویش هاوکاری کردم، ئێستا منداڵێکم هەیە، بەڵام هێشتا ئەو دۆخە دەرونییەم تێنەپەڕاندووە کە پشکنین پەردەی کچێنی بۆی دروست کردم.

پەردەی کچێنی پێوەرێکی ئابڕوە دەربارەی بناغەی پاکی و پاکیزەیی کچ لە ڕووی نەبوونی چالاکی سێکسییەوە پێش شووکردن لە هەندێک لە کۆمەڵگە رۆژهەڵاتیەکاندا.

کە پەردەی کچێنیم لەدەستدا تەمەنم ١٩ ساڵ بوو، لە یەکەم ساتەوە تەنها بیرم لەوە دەکردەوە کە لە ڕۆژی هاوسەرگیریمدا چیی ڕودەدات، پاش ماوەیەک و بەدواداچوون بۆ ئەو دۆخەی تێیکەوتبووم بیرکردنەوەم گۆڕا، ئیدی نە هەستم بە گوناه دەکرد و نە بەلاشمەوە گرنگ بوو، هەر کوڕێکیش کە هەڵبژێردراوی من بێت، دەبێت بیر لە پەردەی کچێنیم نەکاتەوە، (بە پێکەنینەوە) گرنگ ئەوەیە پەردەی ماڵەکەمان جوانبێت.

پەردەی کچێنی لە ڕووی زانستییەوە بازنەیەکی ناسکە، لە بازنەیەکی نیو سانتیمەتر بۆ یەک و نیو بۆ دوو سانتیمی پێکدێت، لە بەشی ژوورەوەی کۆئەندامی زاوزێ دادەپۆشێت. جۆری جیاوازی هەیە و لە کچێکەوە بۆ کچێکی دیکە دەگۆڕێت.

نگین جەعفەر پزیشکی ژنان، لە بارەی کلتووری پەردەی کچێنییەوە وتی: “ڕۆژانە بیست بۆ پەنجا نامەم بۆ دێت کە کچ باسی ئەوە دەکات چۆن لەترسی پەردەی کچێنی، لە کۆمەوە سێکس دەکەن. بەوڕێگەیەش چەندین جۆری نەخۆشی ڕووبەڕووی کۆمیان بۆتەوە.” نگین وتی.

نگین وتیشی: ” ئەخلاقی کچەکەم پەردەی کچێنی نییە، ئەخلاقی کچەکەم ڕەوشتی ڕۆژانەیەتی. درۆم لەگەڵ نەکات، لەگەڵ هاوڕێکانیدا دوڕوو نەبێت، دەستپیس نەبێت، میهرەبان بێت ئەمە ئەخلاقە بەلای منەوە، نەک ئەوەی کە پەردەی کچێنی هەیە یان نا.”

“پەردەی کچێنی ٤ جۆری جیاوازی هەیە، یەکەمیان،  پەردەیەکی تەسکە، ڕەنگە خوێنێکی کەمی هەبێت. دووەمیان وەک بێژەن وایە و لە کونی بچوک بچوک پێکهاتووە، ئەم ژنە ڕەنگە خوێنی هەبێت. سێیەمیان هەر پەتێکی ناسکە، کە لە زۆرینەی کچان پێک دێت. چوارەمیان دەگمەنە، لە دە هەزار ژندا یەکێکیان ئەم جۆرە پەردەیەی هەیە. ئەمەیان عادە نابێت چونکە دەرچەیەکی نییە و خوێنەکە گیردەخوات، دەبێت لای دکتۆر پەردەکەیان بۆ بکرێتەوە و چارەسەر بکرێن”

سنور ئیحسان توێژەری کۆمەڵایەتی بە (چاوی خەڵک)ی وت: ناکرێت ڕەوشتی مرۆڤ بە پەردەیەکەوە بەند بکرێت، لە کاتێکدا ئەو پەردەیە هیچ گرنگیی و زیانێکی پزیشکیشی نییە، سێکسیش گرنییەکەو دەبێت ڕوبدات. کاتێک پێش هاوسەرگیری کچێک دەبرێت بۆ فەحس، لە ڕووی دەرونییە و کارەکتەری تێکدەشکێت، بە جۆرێکی تر تۆ دەتەوێت بە کچەکە بڵێیت ژیانت بەندە بە پەردەی کچێنیتەوە.”

“لە هەر کۆمەڵگەیەکدا پەردەی کچێنی بە مانای ئابڕوو بێت، ئەو کۆمەڵگەیە ڕێژەی توندوتیژی و ژنکوژی تێیدا زیاترە، بە هۆکاری ئەوەی سنور بۆ هەموو پەیوەندییەکانی کچ و کوڕ دادەنرێت و باوک و براکان دەکاتە پاسەوانی خوشک و منداڵەکانیان، نەبادا پەردەی کچێنیان لەدەست بدەن و لە کۆمەڵگەدا ئابڕوویان بچێت”. سنور وتی.

ڕێژین محەمەد، چالاکوانی مافی ژنان وتی: “ئەمە کولتورێکی دواکەوتووانەیە، تەنها مەبەست لێی شکاندنی کەسایەتی ژنە. ئەم فەحسە بۆ پیاو ناکرێت چونکە پیاو پەردەی نییە، بەڵام ئەگەر پێش هاوسەرگیری چەندین سێکسیشی کردبێت نابێتە کێشە دۆخێکی دەرونی نەخوازراو بۆی.

هەروەها وتی: “پێویستمان بە هۆشیارکردنەوەیە لە پەروەردەدا، نابێت پەردەی کچێنی ئەو هەموو پیرۆزییەی پێبدرێت، پاشان پەردەکە تەنها پەیوەندی بە سێکسەوە نییە بەڵاکو هەندێک جار ڕەنگە لە هەڵبەز و دابەزێکی منداڵیدا یان لە هەڵگرتنی تەنێکی قورسدا لە دەستی بدەیت.

“لانە (ناوی خوازراوی کچێکە) بۆ چاوی خەڵک وتی: “پشکنینی پەردەی کچێنی بیرکردنەوەی بەرمبەر هەموو شتێک گۆڕیم. ئەو پشکنینە دۆخێکی بۆ دروست کردم ئێستا پاش ئەوەی بە نەشتەرگری بۆیان دروستکردووم  بەڵام لە دۆخێکی ئاڵۆزی دەرونیدام کە تەنانەت لە هاوسەرگیریش دەترسم.”

“من لە ژیانمدا سێکسم نەکردووە، کاتێک ویستیان پشکنینی پەردەی کچێنی بکەم، هیچ ترسم نەبوو. بەڵام ئەنجامەکە پێچەوانەی چاوەڕوانیم بوو. پشکنینەکان وتیان تۆ پەردەت نییە. جگە لەوەی هاوسەرگیرییەکەم هەڵوەشایەوە، ژیانیشم ترازا، تەنانەت دایکیشم هەرگیز بڕوای نەکرد کە من لە منداڵیدا بەهۆی یاریکردنەوە پەردەم لەدەست داوە.”

دکتۆر دیلمان ئازاد خۆشناو پسپۆڕی پزیشکی دادوری چیرۆکێک دەگێڕێتەوە: “کچ و کوڕێک پێش هاوسەرگیرییان دەمەقاڵێیەک لە نێوانیان دروست دەبێت، ڕۆژێک کچەکە دەڵێت، بیستومە پەردەی کچێنی هەندێجار پەیوەندی بە سێکسەوە نیە، ڕەنگە لە هەڵسوکەوتێکی ڕۆژانەدا لە دەستی بدەیت. بڵێیت من پەردەی کچێنیم لەدەست نەدابێت! کوڕەکە لەو ساتەوە گومان دەکات و دەڵێت، تۆ کارێکت کردووە بۆیە متمانەت بە خۆت نییە.”

” دواتر بۆ فەحسی پەردەی کچێنی دەچنە لای پزیشکی دادوەری و دەردەکەوێت کچەکە پەردەی کچێنی هەیە و سەلامەتە، بەڵام دیسان کوڕەکە داوای جیابوونەوە دەکات و گومانی لەو کەسە هەیە کە دەیەوێت بیخوازێت و لەگەڵیدا بژی.” دیلمان دەڵێت: “هۆشیاری گرنگترین شتێکە کە دەبێت لە هەموو لایەکەوە و هەموومان هەوڵی بۆ بدەین.

کوڕێکم خۆشدەویست و دەمانویست هاوسەرگیری بکەین، کاتێک کوڕەکە هاتە داخوازیم، خێزانەکەی داوای پشکنینی پەردەی کچێنییان لێکرد. زۆر توڕەبووم، بە کوڕەکەم وت: “تۆ ئاگاداریت داوای چی لە من دەکەن؟” وتی: “بەڵێ، ئاساییە، بۆ پێت ناخۆشە پشکنین بکەیت؟” وتم “من شوتی نیم پێش خواردن شەرت بکرێم.” وە بۆ هەمیشە کۆتاییم بە پەیوەندییەکە هێنا. بەڵام پشکنینی پەردەی کچێنی پێش هاوسەرگیری بووە دێوەزمەی ژیانم، چونکە خۆشەویستییەکەشمی لەناوبرد. (کچێک کە نەیویست ناوی ئاشکرا ببێت)

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment