ئەڵماس؛ پاش رزگاربونی لە دەستی داعش لەگەڵ خۆشەویستەکەی هاوسەرگیری کرد

186503197_2962755063938438_3933279960800303101_n

ئەڵماس ساڵح کچێکی ئێزیدی ٢١ ساڵانە، رزگاربووی دەستی داعشە، پاش ٥ ساڵ لە ژیانی ناخۆش و زیندانی لە ٤ ی کانونی دووەمی ٢٠١٩ لەژێر دەستی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ڕزگارکرا، بە پێی داب و نەریتی ئێزیدییەکان ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ رۆژنامەنوسێکی ئێزیدی پێکهێنا.

دوای ئەوەی ئێزیدییەکان ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی کران لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە و بە هەزاران کچ و ژنی ئێزیدی هەر لەلایەن ئەو تیرۆریستانە رفێندران،لە ساڵی ٢٠١٤ دا بابا شێخی ئەو کاتە کە مەرجەعی باڵای ئێزیدییەکانە لەگەڵ میری ئێزیدییەکان بڕیاریاندا،ئەو کچ و ژنە ئێزیدیانەی لەژێر دەستی داعش رزگار دەکرێن  لەلایەن ئێزیدییەکان قبوڵ بکرێن و هەر ئێزیدی ماونەتەوە و دەبێت ڕێزێکی زۆر لەوانە بگیرێت.

ئەڵماس بە دڵخۆشییەوە دەڵێت” ساڵانێکی زۆرم لە ناخۆشی و زیندانی لەنێو داعشەکان بەسەر برد، بەڵام ئێستا و پاش ماوەیەک لە عەشق و خۆشەویستی ژیانی هاوسەرگیرم پێکهێنا و بە گەرم و گوڕی و ڕێزەوە لەلایەن ئێزیدییەکانەوە هاوسەرگیریەکەم قبوڵ کرا.”

هەروەها بە پەیامنێرەکەی (چاوی خەڵک)ی وت”دڵخۆشم دوای ڕزگاربونم کۆمەڵگەکەم پشتی تێنەکردم و پاڵپشتی هەموو ئەو کچانە دەکات کە رزگاربوی ژێر دەستی داعشن و ڕێزێکی زۆرمان لێدەگرن. وە هیواخوازم کە ئەو کەسوکاری ئێمە کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە لەژێر دەستی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دا ڕزگار بکرێن و بگەڕێنەوە نێومان و بە ئازادی ژیانێکی خۆش بەڕێوە ببەین.”

کوڕانی گەنجی ئێزیدی پێشوازی گەرم لە کچ و ژنی ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکەن ژیانی هاوسەرگیریان لەگەڵ پێکدێنن ئەمەش دەبێتە مایەی شانازی و خۆشحاڵییە بۆ ڕزگاربووانی دەستی داعش کە جارێکیتر بە دڵی خۆیان هاوسەرگیری بکەن.

راکان شنگالی ڕۆژنامەنووسێکی ئێزیدی یە و ئەو گەنجەیە کە هاوسەرگیری لەگەڵ کچە ڕزگاربووی دەستی داعش ئەڵماس ساڵح پێکهێناوە و خۆشحاڵی خۆی لەمە دەردەبڕێت و ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش بە پیرۆزی لە قەلەم دەدەات.

ئەو ڕۆژنامەنووسە بە (چاوی خەڵک) دەڵێت “لەسەرخۆم بە فەڕزم دیتووە کە ژیانی هاوسەرگیری لەگەڵ ڕزگاربوویەکی دەستی داعش پێک بێنم و بەمە پەیامێک دەگەینمە هەموو خەڵکی تر کە ئێزیدییەکان بە چی شێوەیەک پێشوازی لە ڕزگاربووانی دەستی داعش دەکەن و چی ڕێزێک لێ دەگرنەوە.”

لە کۆی 6417 رفێندراوی ئێزیدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە، 3548 کەس لە ڕەگەزی مێ بوون و لەو ژمارەیە تا ئێستا چارەنووسی زیاتر لە 1200 کەس لە ڕەگەزی مێ دیار نییە کە لە نێویاندا منداڵیش هەن.

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment