لە باکوری کوردستان ڕێژەی زۆری ئەوانەی لە کێڵگەی فستق کاردەکەن ژنانن

89551e36-0a10-42e0-bb2a-4555fff96b1c

لە باکوری کوردستان و لە ناوچەی ڕۆحا و دیلۆک ژنان بێ گرنگیدان بە گەرمای هاوین لە کێڵگەی فستق بژێوی ژیانی خێزانەکەیان بەدەست دەهێنن. چاندنی ڕووەکی فستق کارێکی ئاسان نیە لە چەند قۆناغێکی ئاڵۆزی یەك لە دوای یەك پێك دێت ئەوەی لە هەمووی گرنگترە پانتاییەکی ئێجگار زۆر زەوی دەوێت، چونکە ماوەی نێوان هەر دوو ڕووەکێك لە پێنج بۆ دە مەتری دەوێت. لە وەرزی گەرمادا چنینەوەی فستق دەست پێدەکات.

 

 

لێرە سەدان ژن کار دەکەن بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیانیان یان وەك خاوەن پیشەیەك کە لە خانەوادەکانیان بۆیان ماوەتەوە

موشگان ئەرسلان لە یەکێك لە کێڵگەکانی ناوچەی بیریجكی نێوان روحا و دیلۆک کار دەکات، تایبەت بۆ چاوی خەڵک دوا” من خەڵکی ناوچەی (سیرت)ی کوردنشینم، هاوسەرەکەم لە ٢٠١٦ بە تۆمەتی لایەنگری بۆ (پارتی کرێکارانی کوردستان) دەستگیرکراوە، منیش بۆ دەستکەوتنی بژێوی ژیان لەگەڵ منداڵە شەش ساڵانەکەم ڕووم لەم ناوچەیە کردووە، و ئێستا لە کێڵگەیەکی فستق کار دەکەم و کاری من لەوێ کۆکردنەوە و تەکاندی بەرووبومی داری فستقەکانە.”

هەروەها وتی” لێرە سەدان ژن کار دەکەن بۆ بەدەستهێنانی بژێوی ژیانیان یان وەك خاوەن پیشەیەك کە لە خانەوادەکانیان بۆیان ماوەتەوە، پاشان بە گوێرەی قەبارەی فستقەکان جیایان دەکەینەوەو دەنکە گەورەکان وشك دەکەینەوە یان هەر بە تەڕی دەیانفرۆشین، و بچوکەکان دەهاڕین و دەینێرین بۆ  کارگەی شیرینی کە کەرەی فسق بەکاردێنن.”

 

 

لەمنداڵییەوە لەگەڵ باوکم چومەتە سەر کارکردن و فێری بەکارهێنان و لێخوڕینی ئامێرەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ کردن بووم

 

لەیلا ئاکسۆی کچێکی تەمەن سی ساڵە، کاری شۆفێری تراکتۆر و ئامێرەکانی کۆکردنەوەی بەروبومە كشتوکاڵییەکان دەکات و دەڵێت” من تاکە منداڵی خێزانەکەمم، هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ باوکم چومەتە سەر کارکردن و فێری بەکارهێنان و لێخوڕینی ئامێرەکانی تایبەت بە کشتوکاڵ کردن بووم، لە ئێستادا لەجیاتی باوکم کاردەکەم چونکە تەمەنی زۆرە و بژێوی خێزانەکەم دابین دەکەم، زۆر خۆشحاڵم بەم کارەم و لێرە هیچ جیاوازیەك لە نێوان نێرینە و مێینە دا نیە هەموو بەیەکەوە کار دەکەین.”

 

ئەو کێڵگەی کاری تێدا دەکەین ڕوبەرەکەی نزیکی دوو هەزار هێکتار دەبێت کە لە لایەن ژنێکی گوندەکەمانەوە خاوەندارێتی دەکرێت بۆتە مایەی بژێوی بۆ دەیان خێزان

 

ئەڤین هەکسوو، دەڵێت”من خوێندکاری زانکۆی حەڕانم لە کۆلێژی پەروەردە، ،ئێمە ساڵانە لە پشووکان دێینەوە کێڵگەکانمان و لەگەڵ ژنانی ئەم ناوچەیە کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین بەشێك لە خەرجی خوێندن و پێداویستی زانکۆی پێ پڕبکەینەوە، ئەو کێڵگەی کاری تێدا دەکەین ڕوبەرەکەی نزیکی دوو هەزار هێکتار دەبێت کە لە لایەن ژنێکی گوندەکەمانەوە خاوەندارێتی دەکرێت بۆتە مایەی بژێوی بۆ دەیان خێزان.”

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

 

Leave a comment