هەراسانکردنی کچان لەناو مۆڵەکان

back

ماوەی چەند ساڵێکە مۆڵەکان لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە، ئەمەش بووە بە دەرفەتێک بۆ ئەوەی ڕەگەزی مێ زیاتر هەلی کارکردنی بۆ بڕەخسێت، لەهەمان کاتیشدا ڕەگەزی بەرامبەر ئەو هەلە دەقۆزنەوە و لە مۆڵەکاندا کچان هەراسان دەکەن.

شەنە مەجید (ناوی خوازراوی کچێکە) تەمەنی ٢٣ ساڵە، ماوەی دوو ساڵ زیاترە لە مۆڵێکی گەورەی سلێمانی کاری فرۆشیاری دەکات.

“بەهۆی ئەوەی کارەکەی ئێمە لە شوێنێکی گشتیدایە و هەموو جۆرە کەسانێک ڕوی تێدەکەن، هەندێکجار کڕیارەکان بە توانج یاخود سەیرکردن هەراسانیان کردووم. “شەنە وای وت

شەنە باس لەوەش دەکات جاری واهەبووە کارمەندێکی ناو مۆڵەکە ڕۆژی دە جار زیاتر هاتووە بۆ ئەو دوکانەی شەنە کاری تێدا دەکات و پیاسەی دەکات، بێ ئەوەی هیچ بکڕێت ئەوەش جۆرێکە لە هەراسانکردن.

سەبارەت بەوەی چۆن ڕوبەڕووی ئەو حاڵەتە بۆتەوە شەنە بە(چاوی خەڵک)ی وت” کەسێکی ناو مۆڵەکە ژمارەکەمی وەرگرتبوو، بە تەلەفۆن و نامە بێزاری کردبووم، بەڵام بەڕێوەبەرم لێ ئاگادار کردەوە و چارەسەریان کرد.”

هەر کات باسی هەراسانکردن دەبیستین وا ڕاهاتوین تەنیا لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە بێت، بەڵام شەنە چەند جارێک لەلایەن ڕەگەزی مێوە توشی ئەو حاڵەتە بووە، دەڵێت” ژنێک هات و  پێی وتم تۆ کچیت بۆ ئەو جۆرە کارە دەکەیت، وەرە هاوسەرگیری لەگەڵ خزمێکی مندا بکە و لەماڵەوە دابنیشە و ئیش مەکە.”

هەندێکجار جۆری ئەو کارەی ڕەگەزی مێ دەیکات یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی کچان بەناوی کارەوە بەکاربهێنرێن، لەهەمان کاتدا نیان (ناوی خوازراوی کچێکە) لە یەکێک لە کۆشکەکانی ناو مۆڵێکی سلێمانی کاردەکات، کاتێک دەیەوێت زۆرترین ڕیکلام بۆ کاڵاکەیان بکات زۆرتر ڕووبەڕووی هەراسانکردن دەبێتەوە.

لەم بارەیەوە ئاکام ڕەوف عەلی، توێژەری کۆمەڵایەتی دەڵێت ” ئەم دیاردەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەشێک لە تێڕوانینی کۆمەڵگە و بەشێوەیەکی گشتی سەیرکردنی ڕەگەزی مێ وەک غەریزەیەک ، کە ڕێگەیەک بێت بۆ تێرکردنی ئارەزووە سێکسییەکانیان.”

بەڕای ئاکام ڕەوف هۆکاری ئەو هەراسانکردنەش  بەشێکیی دەگەڕێتەوە بۆ شوێن و جۆری کارەکەی ئەو کچانە یاخود ئەو کەسەی لە مۆڵەکەدا کار دەکات وەک شێوازی قسەکردن و جل لەبەرکردن و جوڵەکردنی کچەکان کە هەندێکجار ناچارن لە پێناو ئەوەی زۆرترین کاڵا بفرۆشن ئەو ڕەفتارانە بکەن، کاتێک ڕەگەزی نێر دەبینێت ئەو کچەی لەو شوێنەدا ئیش دەکات کە جل و بەرگی جۆرێکی باو نییە، یاخود لە شوێنێکی هەستیاری جەستەیدا تاتۆی کردوە و دەریدەخات،  ئەوەش وا دەکات وەکو تاکێکی جیاواز سەیر بکرێن، ئەمەش جارێکیتر بەرهەمی ئەو کلتورە کۆمەڵایەتییە کە تێدا زیاتر سەرنجەکان لەسەر جەستەیە.

کاڵێ شیروان (ناوی خوازراوی کچێکە) وەکو فرۆشیارێک لە دوکانێکی مۆڵێکدا کاردەکات و دەڵێت” زۆرجار ئەو کەسانەی دێن خێزاندارن و داوای پەیوەندی سۆزداریشیان کردووە کە لە ڕاستیدا بۆ شت کڕین نەهاتبون، هەر بۆیە چەند جارێک ڕوبەڕوی هەراسانکردن بومەتەوە لەلایەن ڕەگەزی نێرەوە، ئەوان بە بیانوی شتی تر هەوڵی خۆ نزیک کردنەوەیان داوە و داوای ژمارەی مۆبایل و هاوڕێیەتی و پەیوەندیان لێکردووم.”

ئاکام ڕەوف دووهۆکار دەستنیشان دەکات بۆ ئەو حاڵەتە و وتی”ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی کۆمەڵگا ڕۆڵ دەبینێت، هەندێکجار  ڕەگەزی نێر بەهۆی کەپتی سێکسیی و کۆمەڵایەتییەوە،  لە هەر شوێنێک کچان و ژنان دەبینێت کە کاردەکەن، مۆڵ یاخود بازاڕ، تەنانەت ناو پاسیش، هەوڵ دەدات لێیان نزیک بێتەوە، بە قسەکردن یان ئاماژە و دەست بۆبردن. بەڵام بە تایبەت لە مۆڵەکاندا جۆرێک لە ئامادەکاری کراوە لە بەکارهێنانی کچان بۆ ساخکردنەوەی کاڵاکان و زیاد کردنی کڕیار.

لە یەکێک لە مۆڵەکانی سلێمانیدا نزیکەی دوو هەزار کارمەند هەیە، ئەو ڕێژەیەش بەردەوام لە گۆڕانکاریدایە کە نزیکەی لە سەدا پەنجا بە پەنجایە و هەندێکجار ڕێژەی کچ زیاترە و لە سەدا پەنجاودووە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی یەکسانە.

بەڕێوبەری کارگێڕی یەکێک لە مۆڵەکانی سلێمانی بە پەیامنێڕەکەی (چاو خەڵک)ی وت “بەو پێیەی مۆڵەکەی ئێمەش بەشێکە لەو کۆمەڵگەی خۆمان تێیدا دەژین، بە دڵنیاییەوە هەراسانکردن تێیدا ڕوودەدات، بەڵام حاڵەتەکە دەگمەنە و نەبوە بە دیاردە، ئێمەش لەکاتی ڕوودانی حاڵەتێکی وادا ڕاستەوخۆ بەشی سکویرتیمان هەیە و لەلایەن ئەوانەوە کەسەکە دەکرێتە دەرەوە، ئەگەر پێویستیش بکات، بەڵێننامەی پێ پڕ دەکرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکیتر نەیەتەوە ئەو مۆڵە.”

تارا مەحمود (ناوی خوازراوی کچێکە) تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە شوێنی کارەکەی و لەلایەن بەڕێوەبەرەکەیەوە هەراسانکراوە.

تارا وتی” جارێکیان بەبیانوی ئەوەی شت لە کۆگا بهێنێتە دەرەوە منی برد لەگەڵ خۆیدا، لەوێ دەستی لێدام و چاوەڕێی کاردانەوەی من بوو، بەڵام خۆمم لێ پاراست، هەست بە نائارامی دەکەم لە کارەکەمدا، بەڵام چونکە پێویستم بەو بڕە پارەیە هەیە بۆ یارمەتیدانی ماڵەوەمان، بۆیە ناتوانم دەست لەکار بکیشمەوە. ”

هەر لەو بارەیەوە بەڕێوەبەر کارگێڕی مۆڵەکە وتی “ئەگەر لە لایەن خاوەنکار یاخود کارمەند ئەو هەراسانکردنە ڕوبدات بۆ کچانی ناو مۆڵەکە ئەو کاتە ئێمە ڕێگەیان پیشان دەدەین کە لە ڕێگەی پۆلیسەوە چارەسەری بکەن و لای ئەوان سکاڵا تۆمار بکەن، چونکە  ئەوە ڕاستەوخۆ لە نێوان خاوەنکارو کارمەندا بووە و ماوەییەکی زۆر بەیەکەوە کاریان کردووە و ئێمە نازانین چ جۆرە پەیوندییەک هەبووە لەنێوانیاندا، وەکو موشتەرییەکە نییە ئەو ساتە هاتبێت و یەکسەر بیکەنە دەرەوە.”

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment