هیوایەک بۆ نابیستان

Backgrownd

پەیماناگای هیوای نابیستان ٣٨ساڵە  وەک ناوەندێکی خوێندن و فێربوون لە سلێمانی خوێندکار پەروردە دەکات، ئەو پەیمانگایە لە ڕابردودا سەر بەوەزارەتی تەندروستی بووە، بەڵام ئێستا سەر بە وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە.

کاتێک پەیمانگاکە دامەزراوە ٤٠ خوێندکاری هەبووە و لە ٢٠ ستافیش پێکهاتووە کە (بەشی کارگێڕی، ٢٠ مامۆستاو توێژەری کۆمەڵایەتی)بوون.

جەمیل حەمەڕەشید/ جێگری بەڕێوەبەر دەڵێت” ئەم پەیمانگایە لە دروستبوونیەوە ناوەندێکی تایبەت بووە بە فێرکردنی ئەو خوێندکارانەی لە خوێندنگە ئاساییەکان وەرناگیرێن، چونکە نابیستی تەواون یان کەمبیستن یاخود نوتقیان کەمترە لە کەسانی ئاسایی، بەڵام ئێرەش لە مانگی ٩ی هەموو ساڵێک لەگەڵ خوێندنگە ئاساییەکان دەکرێتەوە، خوێندکارەکە هەڵدەسەنگێندرێت و دەبێت هیچ کەم ئەندامیکی تری نەبێت.”

پەیمانگای هیوای نابیستان، لە ١٩٨٢ دامەزراوە، بەڵام کاتەکەی دەکەوێتە دوای وەرزی یەکەمی خوێندن و ئەوەش هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی بە ساڵی خوێندن دانەنرێت و ١٩٨٣ بە یەکەم ساڵی خوێندنی ئەو پەیمانگایە دادەنرێت.

لەهەمان کاتدا بەهار مەحمود محەمەد، لێپرسراوی یەکەی زمانی ئاماژەیە لە پەیمانگای هیوای نابیستان، ئەو لە ١٩٨٨ەوە لەگەڵ نابیستەکان کاردەکات و مامۆستاو هاوڕێیەکی نزیکی نابیستەکانە.

” پەیوەندییەکی باشم لەگەڵیان هەیە نەک لێرە بەڵکو لەدەرەوەش بە تایبەت کاتێک کیشەیەکیان دەبێت چونکە لێیان تێدەگەم، ئەوانیش لە کاتی خۆشی و ناخۆشیەکاندا دەگەڕێن بۆ کەسێک لێیان تێبگات، لەوکاتەدا پەیەندی بەمنەوە دەکەن و منش ڕێنمونیان دەکەم، کێشەی نابیست ئەوەیە بەرامبەر لێی تێناگات” بەهار مەحمود وای وت.

شەوێکیان کاتژمێر(١٠:٣٠) بوو ئەفسەرێک کە پێشتر هاوڕێی کوڕەکەم بوو تەلەفۆنی بۆ کردم، و وتی نابیستێکمان لایە و لێی تێناگەین، بەڵام پێش ئەوەی ڤیدۆ بکەنەوە هەستم کرد ئەو کەسە کێیە چونکە نابیستەکانیش دوور نین لە کێشە وەک کەسی ئاسایی  بۆیە کە ڤیدۆی بۆ کردمەوە پێشبینیەکەم ڕاست بوو، من پرسایری ئەفسەرەکەم بە ئاماژە لە نابیستەکە دەکردو وەڵامەکەی ئەویشم بە ئەفسەرەکە دەوتەوە. (بە گێڕانەوەی بەهار)

گەورەترین کێشەی نابیستەکانیش ئەوەیە وشەیەک تا نەیبیستێت ناتوانیت فێریبیت، لەوکاتەدا دەبێت نابیستەکان بە وێنەی ئەو شتە ببینێت، بۆیە پێویستە لەهەرپۆلێکدا بۆردی زیرەک یان داتاشۆ هەبێت کە ئەمانەش لە هیچ پۆلێکدا بوونی نییە، تەنیا یەک داتا شۆ نەبێت لە پۆلی نۆیەکان و لەگەڵ بۆردێکی زیرەک لە یەکەی ڕاهێناندا دانراوە، بەو هۆیەش ئەرکی مامۆستاکان  قورستر بووە، دەبێت وێنە پەیدا بکات  یان بکێشێت و شیبکاتەوە بە تایبەت بۆ پۆلی سەرەتاییەکان.

لە کۆنیشدا پەیمانگای هیوا تا قۆناغی شەش بووە، لەدوای ئەوەی پەروەدە بوو بە بنەڕەتی پەیمانگای هیواش بەرفراوان بوو کە لە بە شی باخچەکانەوە دەست پێدەکات تا قۆناغی نۆی بنەڕەتی، لەهەمان کاتدا دوای تەواوکردنی ئەو قۆناغەش، دەتوانن لە ئامادەیی پیشەیی کۆمپوتەر لە سلێمانی بەردەوامی بە خوێندنیان بدەن و لە ئێستاشدا خوێندکاری نابیست لەو پەیمانگایە لەگەڵ خوێندکاری ئاسایی دەخوێنێت.

بەهار مەحمود – لێپرسراوی یەکەی زمانی ئاماژە

 

بەهار مەحمود بە (چاوی خەڵک)ی وت” ساڵی رابردوو ٢ خوێندکارمان داغڵی تاقیکردنەوەکانی وزاری قۆناغی دوانزە کرد و لەمساڵدا هەردوکیان لە پەیمانگای تەکنیکی کوردستان دەخوێنن، بەڵام کاتێک چووم سەردانم کردن بینیم هیچ وەرگێڕێک لەوێ بونی نییە و لەهەمان کاتدا بەهۆی ئەو بارودۆخەی ئێستا و ڤایرۆسی کۆرۆنا کە دەبێت مامۆستاکان ماسکیان پێوە بێت، خوێندکارە نابیستەکان دووجار هەلی تێگەیشتن لەدەست دەدەن لە کاتێکدا ئەوان نابیستن بە هۆی بەستنی ماسکیشەوە جوڵەی لێوی مامۆستاکان نابین لە کاتێکدا ئەو جوڵەیە یارمەتیدەریکی زۆرە بۆ تێگەشتنیان لە وانەکان ئەگەر زمانی ئاماژەش نەبیت.”

لە ئێستادا ئەم پەیمانگایە نزیکەی ٨٠ خویندکاری هەیە، هەروەها لە ٦٠ کارمەند پێکهاتوە،کە لە بەڕێوەبەر، جێگری بەڕێوەبەر، ٢٦ مامۆستا، ٢ توێژەری کۆمەڵایەتی، ٨  چاودێر و ١٦فەرمانبەرو هاوکاری مامۆستا کە نابیستن و یەکەمەکانی پەیمانگای هیوان و لێرە دامەزراون.

ئاڤێستا محەمەد – یەکەمین نابیست کە لە پەیمانگای هیوا بۆتەوە بە فەرمانبەر (یاریدەدەری مامۆستا)

 

ئاڤێستا محەمەد، یەکەم نابیستە کە لەو پەیمانگایە دامەزراوە، ئەو نابیستی تەواوە و گوێبیستی هیچ دەنگێک نابێت،بەڵام بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی ئەکادیمی زمانی ئاماژەی خوێندووە ئێستا ئەو دەتوانێت بە جوڵەی لێوەکانی کەسی بەرامبەر لەزۆرینەی قسەکان تێبگات.

ئاڤێستا بە هاوکاری مامۆستا بەهار بە پەیامنێرەکەی(چاوی خەڵک) وت” زۆر دڵ خۆشم کە منداڵانی باخچەکە فێردەکەم، من بە بەردەاومی لەگەڵیانم تا پۆلی یەک، دەمەوێت منداڵە نابیستەکان بە ئەکادیمیانە فێری زمانی ئاماژە بن، لە قۆناغەکانی تریشدا هاوکاری مامۆستاکانم بۆ زمانی ئاماژە لەکاتی وتنەوەی وانەکانیان.”

کاتێک( مامۆستا، توێژەر و فەرمانبەر)ی تازە کە دێتە پەیمانگای هیوا زمانی ئاماژە نازانن، لەوێ خولیان بۆ دەکرێتەوە، تەنانەت هەندێکجار بۆ خێزانەکان و  نابیستەکانیش، چونکە هەندێک وشەی زانستی هەیە تێی ناگەن پێویستی بە شیکردنەوە هەیە بۆیان.

بەهار مەحمود وتی” پێشتر زۆربەی وانەکانم وتۆتەوە بەڵام ئێستا لێپرسراوی  یەکەی ڕاهێنانی زمانی ئاماژەم، لەهەمان کاتدا  فەرهەنگێکیش دروست دەکەین لەگەڵ نابیستەکان، چونکە ڕۆژانە وشەی تازە دیتە ناو زمانەکەمانەوە و ئەو وشانەش پێویستە ئاماژەیان بۆ دابنرێت.”

مامۆستاکانی پەیمانگای هیوا کەسیان دەرچوی ئەکادیمایەکی پەروەردەی نابیستان نین، بەڵکو بۆ خوێندنگەیەکی ئاسایی پەروەردە کراون، بەڵام  بەهۆی کردنەوەی خول و بە پشت بەستن بە فەرهەنگێکی تایبەت بە نابیستان، خوێندن لێرە بە زمانی ئاماژەیە.

دیمەن یاسین، نابیست لەپەیمانگای هیوا – یاریدەدەری مامۆستا

 

دیمەن یاسین، یەکێکی ترە لە نابیستەکانی پەیمانگای هیوا، ئەویش کچێکی زۆر چالاکەو هاوکاری مامۆستاکانە لەکاتی وتنەوەی وانەکان بەزمانی ئاماژە لە خوێندکارەکانی دەگەیەنێت، ئەو تازە لێرە دامەزرا بوو کە هاوسەرگیری کرد و هاوسەرەکەیکەشی خوێندکاری ئێرە بوو، ئەوان دوو منداڵیان هەیە کە کێشەی بیستنیان نییە و ئاسایین.

بەهەمان شێوە مامۆستا بەهار هاوکاری کردین لێدوان لە دیمەن وەربگرین و دەڵێت”ئێستا خێزانێکی زۆر بەختەوەرین، یارمەتی هاوسەرەکەشم دەدەم  لە کارەکەیدا، ، منداڵە کانم لە هەموو شتێک لێم تێدەگەن  کاتێک بە ئاماژە  شتێکیان پێدەڵێم یەکەسەر دەزانن دەڵێم چی.

لە کوردستان سێ پەیمانگای نابیستان هەیە(سلێمانی، دهۆک و هەولێر) بەڵام منداڵانی نابیستی  دوروبەری شارەکان و قەزاو ناحییەکان بێبەشن لە خوێندن، چونکە لێرە بەشی ناوخۆیی نییە تا ئەوانەی دوورن لێی بمێننەوە.

لە ئێساتادا کە خوێندن لە خوێندنگە ئاساییەکان بە شێوازی ئۆنلاینە بەڵام پەیمانگای هیوا وەک ئەرکێکی مرۆڤایەتی لە پێناو خزمەتی خوێندکارەکان لەگەڵ بوونی  ڤایرۆسی کۆرۆنا وانەکان بە خۆپارێزییەوە لەناو پۆلدا دەڵێنەوە، چونکە شێوازی ئۆنلاین و شیوازی ئەلکترۆنی بۆ منداڵانی نابیست زۆر سەختە، ئەو مامۆستایەی بابەتەکە دەڵێتەوە جگە لە بوونی زمانی ئاماژە دەبێت خوێندکارەکان جوڵەی لێوی مامۆستاکەش ببین.

ژمارەی خوێندکار بۆ خوێندنی ئەمساڵ:

 

دیمەن و ئاڤێستا

 

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment