ژنانی ئێزیدی کار لەسەر لابردنی پاشماوە جەنگییەکانی داعش لە شنگال دەکەن

184511741_208527110869013_5901480162115149362_n

لە سنووری قەزای شنگال زیاتر لە ٣٠ کچ و ژنانی ئێزیدی لەگەڵ ڕێکخراوێکی بیانی بە ناوی (MAG) کاری لابردنی پاشماوەکانی جەنگییەکانی شەڕی تیرۆریستانی داعش دەکەن.

چەكدارانی رێكخراوی داعش، لەماوەی حوكمڕانییاندا زۆربەی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتیان بۆمبڕێژكرد، بە تایبەت قەزای شنگال، پێش بەجێهێشتن‌ و كۆنتڕۆڵكردنەوەی لەلایەن هێزە عیراقییەكانەوە.

 

 

لە ١٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٧وە تا ٢٠١٩، لە ناحیەی گرعوێز ٣٠ مەدەنی بەهۆی مین و تەقەمەنییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ١٠كەسیش برینداربون.

ژیان ئازاد ٢٥ ساڵان، لێکۆڵەر، ناوی خوازراوی یەکێک لەو کچانەیە کە لەلایەن ڕێکخراوی MAGبۆ هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی ڕاهێنانی پێکراوەو ئێستا لەگەڵ تیمەکەی کە ٣٠ کەسن ئیش دەکات بە (چاوی خەڵک)ی وت “ماوەی مانگێک لەلایەن ڕێکخراوی MAG لە چەمچەماڵ ڕاهێنانمان پێکراوە لە بوارە جیاوازەکانی مین هەڵگرنتەوە و تەقەمەنییەکان. وە چەند مانگێکە لە هەموو ڕۆژانی هەفتەدا جگە لە ڕۆژەکانی شەممە و یەکشەممە لە بەیانی زووە دەست بە کاری لابردنی پاشماوەکانی شەڕ دەکەین و هەر یەکێک لە ئێمە کاری تایبەتی خۆی هەیە. منیش کاری لێکۆڵینەوە دەکەم.”

هەروەها وتی، “هەموومان لێرە ئامانجمان نەهێشتنی پاشماوەی شەڕە بەڵام ئەوەی گرنگترە ئێمە هیوا دەکەین ئیتر کچ و ژنی ئێزیدی کارکردن بە شەرم نەبینێت و ئەویش لە پاڵ پیاوان کار بکەن و ژینگەیەکی سەلامەت بۆ ئێزیدیییەکان تەرخان بکەین.”

سەرەڕای قورسی و مەترسیداری کارەکەی، ژیان و تیمەکەی ڕووبەڕووی بەربەست و رەخنە دەبێتەوە لەکۆمەڵگەکەیەوە.

ژیان دەڵێت “کۆمەڵگە لە قورسی و مەترسیداری کارەکەی ئێمە ناگەن بۆیە هەمیشە ڕەخنەمان لێدەگرن و بەربەستمان بۆ دروست دەکەن چونکە پێیان وایە کە ئەمە کاری ژن نییە و ژن نابێت ئەو کارە بکات. بەڵام لە کارکردنی هەموو رۆژێکمان پیشانیاندەدەین کە ئێمەش شان بە شانی پیاوان دەتوانین هەموو کارێکی قورس ئەنجام بدەین و سەرکەوتوبین تیایدا.”

تیمەکەی ژیان لە کارکردن بەردەوامن و لە ئێستادا گوندی ڕەمبوسی لە باشوری چیایی شنگال کار دەکەن و ١٣ هەزار مین و تەقەمەنیش لەلایەن تیمەکان لابراون.

وە لە پلاندایە کارکردنیان هەر یەک لە گرزەرک و گوندی حەردان و تەل بەنات و حەیالێ بگرێتەوەو ئەو ناوچانە لە مین و تەقەمەنی پاشماوەی شەڕ پاکبکەنەوە.

لە ساڵانی 2019-2020، یازدە ملیۆن و نیو کیلۆمەتر چوارگۆشە لە پاشماوەی شەڕ لەلایەن تیمەکانی ئەو ڕێکخراوە لە سەرتاسەری عێراق بە شێوەیەکی گشتی لابراون و لە نێوانیشیاندا سنووری قەزای شنگال.

 

 

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment