فیلمی دۆکۆمێنتاری لەسەر لەیلا قاسم

leila_Qasmmm

ئاوات نامیق ئاغا، نوسەرو ڕێنوێنی (دەرهێنەر)، ماوەی ٤ ساڵە خەریکی فیلمێکی دۆکۆمێنتارییە لەسەر لەیلا قاسم. کە ماوەی فیلمەکە ٢ کاتژمێر و نیوە.

ئاوات نامیق ئاغا دەربارەی گرتن و لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بیرەوەریەکانی بۆ (چاوی خەڵک ) گێڕایەوە.

“کاتێک ئەم ڕوداوە رویدا من تەمەنم ١٤ ساڵ بوو، کە لە ١١ی ئازاری ١٩٧٤ ئاگربەستی نێوان شۆڕش و حکومەتی بەعس هەڵوەشایەوە، لەیلا قاسم و هاورێکانی  کە هەموو ئەندامانی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوون لە زانکۆکانی بەغداد دەیان خوێند، وەک هەموو خەڵکانی تر نەچونە شاخ بەڵکو لەبەغداد مانەوە چونکە کۆتاساڵی خوێندنیان.”

شەوی ٢٨ لەسەر ٢٩ی نیسان کاتژمێر ١ی بەرەبەیان لەیلاوهەریەک لە هاوڕێکانی بەناوی(نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمە ڕەشید، ئازاد میران و جواد موردا هەمەوەندی) گیران، سەرلەبەیانییەکەی هەمان ڕۆژ میدیاکانی حکومەتی بەعس بەیانێکیان بڵاوکردەوە کەگوایە ؛ئێوارەی پێشتر دەستیەک بەکرێگیراو هەوڵیانداوە لە فڕۆکەخانەی بەغدادی نێودەڵەتی و سینەما ئەتڵەس دووتەقینەوەبکەن، هێزە تایبەتمەندکانیان توانیویانە بیان گرن و لەکاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا دانیان بەتاوانە قێزەونانەیاندا ناوە و لەوێشەوە ڕەوانەی دادگای شۆڕش (محكمة الثورة) کراون.

بەیانەکە زۆر ئاشکرایە کە قانونی عێراقیش بۆ ئەمجۆرە تاوانبارانە سزای لە سێدارەدان دەردەکات! دوای یەک ڕۆژ واتە لە ٣٠ مانگدا دادگا قەرەقۆشیەکەی بەعس بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەرکردن.

بەعس ڕێگەی ئەوەی نەدان کە ئەم تێكٶشەرانە خۆیان پارێزەر بگرن،  ئەو کەسەشی کە بەناو دادگا وەک پارێزەر بۆ دیاریکردبوون بەشێک بوو لە خودی سیستەمەکە، بۆیە لە بری بەرگری سەرزەنشتی ئەمانی دەکرد و دەستخۆشی لە دادگا و بڕیارەکەی ئەکرد، بەو جۆرە بریاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو. دەبوو لە ١٥ ی مانگ لە سێدارە بدرێن، بەڵامم حکومەت لەمەشدا فێڵی لێکردن و لە دوانزەی ئەو مانگەدا لە سێدارەی دان.

لەیلا ٢٣ ساڵ کەمتر بوو کاتێک لە سێدارە درا، و هاوڕێکانی تریشی هەر لەو تەمەنەدا بوون جگە لە جواد کە ئەو چەند ساڵێک لە هەموو ئەوانی تر گەورەتر بوو و پیشەی کرێکاری کارگەی زیوت بوو. زۆر ستەمە کچێک لەو تەمەنەدا و کۆمەڵێک خوێندکاری هاوتەمەن و هاوخوێندنی بە خوتوخۆرایی لە سێدارە بدرێن.

چەند هۆکارێک بۆ هەڵبژاردنی ئەو فیلمە لەلایەن ڕێنوێنەوە

هۆکاری هەڵبژاردن و بەرهەمهێنانی ئەو فیلمە دۆکۆمێنتارییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە  هێشتا ئەو منداڵ بوو کە ئەمو کۆستەی بینی و هەمووی لەمێشکی و لە ناخیدا جێگیر بوون.

ساڵی ١٩٧٦-١٩٧٧ لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی سلێمانی کوڕان، مامۆستا (یاسین بیلال)ی مامۆستای کوردیمان بۆ تاقیکردنەوەی مانگانە داڕشتنێکی بۆ هێنابوینەوە و دێڕە شیعرێکی داینێ کە لەسەری بنوسین، من ئەو دێڕەم بەکارهێنا وئەوەی لە دڵمدا بوو سەبارەت بە لەیلا، وەک جاران ئەیانوت بە تەم و مژەوە هەموویم تیا هەڵڕشت.”

“بیرمە دواتر کە نمرەکانمان خوێندرانەوە، مامۆستا دەفتەری داڕشتنی قوتابییەکانی گەڕاندەوە، ئەوەی منی تێدا نەبوو لە کاتێکدا نمرەکەشم یەکێک بوو لە زۆر باشەکان. پاشان لە پشوەکەدا لە مامۆستام پرسی کە بۆچی دەفتەرەکەی منی نەهێناوەتەوە؟ وەڵامی دامەوە و وتی’ ئاوات دەفتەرەکەی تۆ لای من دەبێت!”

ئەو کاتە ئاوات ئاغا  نەیدەزانی مامۆستا بۆچی دەفتەرەکەی ئەوی گل داوەتەوە، بەڵام ئێستا تێدەگات بۆ وایکرد تاکو ئەو توشی فەتارەتێک نەێت، لە هەمانکاتیش ساردی نەکردەوە لە نوسین!

لە درێژەی گێڕانەوکەیدا ئاوات نامیق دەڵێت” ئەم بابەتە لای من هەرمایەوە دواتر لە ساڵی ١٩٧٧ دیوانێکی پۆستەر شیعری مامۆستا شێرکۆ بێکەس، بە ناوی کازیوە، بڵاو بوەوە، یەکێک لە هۆنراوەکانی ناوی (ناو) بوو، کە بە لامەوە زۆر جوان بوو، دیسانەوە ئەمەش مچورکێکی تری لا دروست کردم و چوونکە هۆنراوەکە باسی لەیلای دەکرد کە دەڵێ:

خۆرێ شووی کرد بە دەریایەک لە ناو باوەشی دەم کەلدا.. تاد

“دواتر مارتی ساڵی ١٩٧٩ لە نەقابەی کرێکاران میهرەجانی دووەمی شیعری کوردی بۆسێ ڕۆژ بەڕێوە چوو، تێکڕای شاعیرەکانی باشوری کوردستانی تیا ئامادەبوون، لە ناویاندا (محەمەد بەدری) بوو، کە یەکێک لە هۆنراوەکانی (دوو چوارینە لە داستانەکەی لەیلا و مەجنون)ی خوێندەوە کە بۆ شەهید بونی لەیلا بوو، برینەکەی هێندەی تر کولاندمەوە.”

هۆکارێکی تری ئاوات نامیق بۆ هەڵبژاردنی ئەو فیلمە بینینی بوو بۆ فیلمێکی ئەڵمانی بە ناوی (سۆفی شۆڵ) ئەو فیلمە دەقا و دەق هاوشێوەی ڕووداوەکەی لەیلا بوو، ئەمەش ئەوەندەی تر هانیدا کە شێلگیرانە ئیش لەسەر لەیلا بکات.

ساڵی ٢٠١٧، مامۆستای وانەبێژی سینەما بووم لە زانکۆی سلێمانی، هەمانکات فەرمانبەری بەشی سینەمای سلێمانی بووم لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و بۆم هەبوو داوای پارە بکەم بۆ دروستکردنی فیلمەکە. بەسوپاسەوە بەشێک لە کەرەسەکانی وێنەگرتنمان لە بەش وەرگرت بەڵام بۆ تێچوون بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری تەنها بڕی دوو ملیۆن و نیو دیناریان بە خاتر و خۆتری دوو هاوڕێی خۆشەویست و بە دوو کەرەت بۆ تەرخان کردین، کە نزیکەی دوو کاتژمێر و نیو درێژە، لە کاتێکدا کەسانێک هەن بۆ دروست کردنی فیڵمی سەیر و سەمەرە پارەی زۆرتریان بۆ دابین ئەکەن.

هۆکاری ئەوەی کەسی تر سپۆنسەری نەکردوم ئەوەیە کە خەڵکێک هەیە لەیلا سەر بە پارتی حساب دەکەن. ڕاستە ئەوان مافی خۆیانە شانازی بە شەهیدە سەربەرەزەکانی خۆیانەوە بکەن بەڵام لەیلا لەوە گەورەترە کە هەر موڵکی تەنیا حیزبێک بێت، لەیلا ناسنامەی میللەتێکە، ئەگەر هەر نەبێت ناسنامەی هەموو ئافرەتانی گەلی کوردە.

ئەڵمانیا شانازی بە خەبات و خوێنی سۆفی شۆڵ و هاوڕێکانییەوە دەکات لە کاتێکدا، ئەوان سەر بە ڕێکخراوێک بوون ( گوڵەباخی سپی) کە خۆی و هانزی برای و کریستۆفی هاوڕێیان دروستیان کردبوو! گرنگ نییە لەیلا یان هەر شەهیدێکی قارەمانی تر سەر بە چ حیزبێک بووبن، گرنگ ئەوەیە هەموو لەبەرەی میللەتدا بوون و لە ڕۆژە هەر تاریکەکانی خەباتی نەپساوەی گەلەکەماندا بەگژ گەورەترین دیکتاتۆری سەردەمدا چونەتەوە.

دەربارەی بەشداربوانی فیلمە ئاوات دەڵێت؛

فیلمەکە دۆکیومێنتارییە کە جگە لە خێزانی شەهید لەیلا، کۆمەڵێک خەڵکانی تر بەشداریان تێدا کردوە کە هاوپەیوەندن و هەریەک شارەزاییان لە بوارێکی تایبەتی بابەتەکەدا هەیە.

خواستی من لە فیڵمێکی دۆکیومێنتاری زۆرتر بوو، ئیتر لەوێوە بە پێی ئەو هەموو توێژینەوە و زانیارییانەی کە کۆم کردنەوە، سیناریۆیەکیشم نوسی تا بیکەم بە درامایەک بۆ ناو فیڵمەکە. سیناریۆکەم درێژ بۆوە بۆ نیو کاتژمێر. کاتێک خەمڵاندنم بۆ پارەکەی کرد، بریارمدا بەشێک لە پارەی خۆم بخەمە سەری و وام دانابوو بە ٣ ملیۆنی دیناری تر تەواوی بکەم ، بەڵام دواتر هاوڕێیەکم کە کاری خەمڵاندنی پارەی فیلم دەکات کە چەندی تێدەچێت پێی وتم کە ئەم ئیشە بە کەمتر لە نزیکەی چل بۆ پەنجا ملیۆن دینار تەواو نابێ ، لەبەر ئەوە دراماکەم وەستاند. بەڵام دڵنیات ئەکەمەوە فیڵمە دۆکیومێنتەرەیەکە ئەوەندە توند و تۆڵە کە لایەنە دراماییەکەی لەناو خۆیدا هەناسە دەدات! بێگومان ئەگەر بکرایە دراماکەشم تەواو بکردایە ئەوا شتێکی ناوێزە دەردەچوو.

پێشبینی دەکرا ماڵێک ماڵی شەهید لەیلا بێت ، کە هەموو کورد ناوی ئەزانێ و لەسەر پارتێکی سیاسی گەورە ئەژمار ئەکرێ، لە چ ژیانێکی خۆشدا بژین، کەچی کە چووینە سەردانی صبیحە خانی، خوشکە گەورەی شەهید، بینیمان خانوویەکی سادە و ساکاری بچکۆلەی گەڕەکێکی چەپەکی هەولێر بوو، تەنانەت دانانی کامێراکەشمان لە ژوورەکەدا لەبەر بەرتەسکی ژوورەکەیان سەخت بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەموو شانازی گەورە بە لەیلا و هاوڕێکانیەوە دەکەن، زۆرێک لە بیرەوەریەکانیان بۆ گێرامەوە کە مرۆڤ بەرگەی نەدەگرت.

یەکێک لەو بیرەوەریەکان” بڕیار وا بووە لەیلا لە ١٥ مانگی ئایار لە سێدارە بدرێت وە ئەمان هەموویان وایان داناوە پێش ١٥ مانگ بۆ دوا چاوپێکەوتن بچن بۆلای، کەچی لەوەشدا بەعس فێڵییان لێکردوون. ڕۆژی ١٢ مانگ لەیلا فریا کەوتبوو کە تەلەفۆن بۆ دراوسێیەکی کۆنیان لە بەغداد بکات و پێیان بڵێ بە دایکی بڵێن، خێرا بگاتە لای چونکە ئێوارە لە سێدارە دەدرێ!’ ژنە دراوسێکەشیان بە هەڵەداوان چوو بوو بۆماڵی لەیلا ، و بە (عصمت خانی) دایکی وتبوو کە ئێستا یەکێک تەلفۆنی بۆ کردووە و وتویەتی من لەیلام ئەمرۆ لە سێدارە دەدرێم با دایکم بێت بۆلام. دایکی لەیلاش دەستبەجێ ڕایکردوە بۆ بەندیخانەی ئەبوغرێب و دراوسێکەیانی ڕاسپاردووە کە گەر باوکی لەیلا (مام قاسم حسن) لە دەوام هاتەوە پێی بڵێن بە پەلە بگاتە لایان

کاتێک دایکی دەچێتە بەردەم بەندیخانە ناڵێت دەچم بۆلای لەیلا بەڵکو دەڵێت بۆلای صلاح هاتوم، کە لە جافەکانی کفری بوو ئەویش هەمان ڕۆژ لە سێدارە دەدرا، لەسەر کێشەیەکی سیاسی تر، چونکە نەیان دەهێشت کەسوکاری لەیلا بچن بۆ سەردانیکردن. بەڵام کە دەرگا کرایەوە دایکی چووە ژوورەوە و لەیلای بینی بوو و دوای ماوەیەک مام قاسمیش گەیشتبوە لایان، هاوڕێکانی لەیلا بەهۆی ئەوەی ماڵە باوانیان لە سلێمانی و شەقڵاوە و کەرکوک بوون، نە گەیشتونە لایان وبێ دواچاوپێکەوتنی کەسوکار پێکەوە هەموو لە سێدارە دران!

ئەم فیلمە لە کۆتا قۆناغی مۆنتاجدایە و کاری بڕینی تەواو بووە، هاتنی کۆرۆنا بوە هۆی دواخستنی تەواو بوونی فیڵمەکە، ئەگەر ئەم ڤایرۆسە نەبوایە ئەوا بەنیاز بووم لەم ڕۆژەدا نمایشی بکەم.

چاوی خەڵک / تایبەت

Leave a comment