مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن و کوشتن

photo_2021-05-11_13-04-00 - Copy

ئەمرۆ ١١/٥/٢٠٢١, ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان -PDO- لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ئۆفیسی سەرەکیان لە سلێمانی، یاداشتێکیان لەسەر مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن و کوشتن بڵاوکردەوە.

فرمێسک جاف، چارەسەرکاری دەروونی لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان -PDO- دەربارەی یاداشتەکە بە (چاوی خەڵک)ی وت “بڵاوکردنەوەی زۆری ڕوداوەکانی خۆکوشتن و کوشتن بە تایبەتی لە ڕاگەیاندنەکاندا بەبێ لەبەرچاو گرتنی دۆخی دەروونی خەڵک و ئەوکەسانەی خۆیان بیری خۆکوژیان هەیە و یاخود نەخۆشی دەرونیان هەیە و لەهەمان کاتدا بیری خۆکوژیان تێدایە لەگەڵیدا ئاسانکار دەبێت بۆیان کاتێک کەسێک خۆی دەکوژێت شێوازی خۆ کوشتنەکەی بڵاو دەکرێتەوە لە راگەیاندندا،  ئەمە وادەکات بیرۆکە بدات بە کەسانیتر لە ڕێگەی چ کەل و پەلێکەوە هەوڵی خۆکوژی بدات.”

ئێمە لەو یاداشتەدا  وەکو ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان ویستمان هەست بەو بەرپرسێارێتیە بکەین کە ڕاگەیاندنەکان ئاگادار بکەینەوە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و ڕۆشنبیری و بەڕێوبەری هەموو کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کە ئەوە لەبەرچاو بگرێت  بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵانە هیچ سودێک ناگەیەنێت جگە لە بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقین لەناو خەڵکدا ئاسان کاری بۆ دووبارەکردنەوەیان.

بەهار مونزیر بەڕێوەبەری ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان -PDO-، لە لێدوانێکدا بۆ (چاوی خەڵک) وتی “رۆژانە لەگەڵ کەیسەکاندا ئیش دەکەین کەسانێک سەردانمان دەکەن ئەوانەی پێویستیان بە ئێمەیە، لێرە خزمەتگوزاری( کۆمەڵایەتی، دەروونی و یاسایی)مان هەیە، خزمەتگوزاری دەرونناسییەکە بۆ ئێمە کە زۆر هەستیارە لەلایەن ئەوانەی کەیسەکان بەڕێوەدەبەن هەروەها دەرونناسەکەمانەوە باس لەوەدەکرا کە خەڵکێک هەیە بۆ لاساییکردنەوە خۆکوژی دەکات کە ئەوەش زۆر خەتەرە. ئێمەش خۆمان بەبەرپرسیار دەزانین کە خزمەتگوزارییەکی لەم جۆرەمان هەیە وە ڕێکخراوەکەمان ڕۆژانە بەرکەوتەی هەیە لەگەڵ ئەو جۆرە کەیسانە وە ڕێکخراوەکە بەلایەوە گرنگە ئەو شتەی کە ناڕیکە لەناو کۆمەڵەگدا دەستی بۆ بەرێت و بتوانێت لەگەڵ ئەوانی تردا کە پسپۆڕن لە مەجالەکەدا  چارەسەری بکات.

“چارەسەرەکەش ئەوەیە بتوانین بە ڕاستی بڵاوبونەی حاڵەتەکانی خۆ کوشتن بەپلەی یەکەم هەڵەیەکی زۆر گەورەیە و نابەرپرسانەیە لەبەر ئەوەی گەنجانێکی زۆر لەوەدەچێت کاریگەری خراپ دادەنێت و و کەسانێکیس بیری خۆکوژیان هەبێت لایان جدیتردەبێت. لەبەرئەوی بەبێ بوونی هیچ فلتەرێک ژورو و جۆری خۆکوشتنەکە و ئەو ئامێرەی بەکاری هێناو بۆ ئەو مەبەستە  بڵاو دەکرێتەوە ، کە ئەمە لە هیچ وڵاتێكی پێسکەوتوو باسی خۆکوشتن بڵاو ناکرێتەوە، چونکە ئەمە کاری پۆلیسە و ئەو دەبێت بەدوایدا بڕوات و دواتر ساڵانە ئامار دەردەکەن لەگەڵ زانکۆکان و شوێنەکانیتر بڵاوی دەکەنەوە تا بتوانن ڕێگەیەک بدۆزنەوە بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی خۆ کوشتن، نەک ئەوەی تۆ بێیت خۆت پیشانی بدەیت  کە ئەمە بەلای ئێمەوە زۆر خراپەو ساڵانێکی زۆریشە ئەوەمان وتووە، بەڵام ئێستا سەیەر بکەین لەم سێ مانگەی کۆتاییدا ئەم حاڵەتە زۆر بووە لە ڕاگەیاندن و سۆشیاڵ میدیاشدا بونەتە ڕێگایەک بۆ ئەوە کە وێنەیەک دادەنرێت کە زەرەرێکی زۆر لە کۆمەڵگە دەدات.” بەهار وای وت.

 

 

دەقی یاداشتنامەکە

یاداشتنامە
مامەڵە لەگەڵ حاڵەتەکانی خۆکوشتن و کوشتن
بۆ بەڕیزان:
– وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان
– وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان
– سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان
بەڕێزان:
ئێمە لە ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان کە کارلەگەڵ هاوڵاتیاندا دەکەین وە بەشێک لە کارەکەمان خزمەتگوزاری دەرووندروستیە وە بەرپرسیاریەتیمان لەئەستۆدایە.
لە ژێر ڕۆشنایی هەستکردنمان بەو بەرپرسیاریەتیە بەرامبەر ئەرکى مرۆڤ دۆستى و پاراستنی هاووڵاتیان، هەروەها پاراستنى خۆشگوزەرانى دانیشتووانى ئەم هەرێمەی تیایدا دەژین، چاودێرى کردن و ئاگادارکردنەوەى لایەنە پەیوەندى دارەکان بەرامبەر بەو مەترسیانەى کە هەیە لەسەر پاراستنى دەرووندروستى هاونیشتمانیان بە پێویستمان زانى ئەم یادداشت نامەیە پێشکەشى بەڕێزتان بکەین.
وەک ئەوەى ڕوونە ئەرکى ڕاگەیاندن ئاگادارکردنەوە و هۆشیارکردنەوەى تاکە لەو ڕووداوە کۆمەڵایەتى و سیاسى و ئابووریانەى کە پەیوەندى دارن بە ناوچەکە. بەڵام ئەوەى کە لە هەندێک لە ڕاگەیاندنەکاندا دەبینرێت بە بێ ڕەچاو کردنى بنەما ئاکارییەکان لە ژێر ناوى (هەوڵ و ڕاستگۆیی) هەندێک بابەت دەکرێنە هەواڵى گەرمى ڕۆژ کە جگە لە ڕووداوێکى کەسى و خێزانى هیچ زانیارییەکى پێویست نادات بە هاونیشتمانیان.
ئەوەى ڕوونتر هەستى پێ دەکرێت لەم ماوەیەدا بڵاو کردنەوەى هەواڵەکانى خۆکوشتن و کوشتن بوو کە جگە لە زیانى بڵاو کردنەوەى ڕەشبینى و ترس و بێ هیوایی لە ناو خەڵک دەرەنجامى دیکەى نەبوو، سەرەڕاى ئەو لێکدانەوە نازانستیانەى بۆ هۆکارى پشت ڕووداوەکە دەکرێت و بە بێ پشت بەستن بە بەڵگە و توێژینەوەى زانستى بڕیارى لە بارەوە دەدەن و وەک هەوڵ بڵاوى دەکەنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان بەناوی ناموس ڕوو لە زیادبوونە ، ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان کاری لەسەر دەکەن و دەوەستنەوە بەرامبەر ئەم لێشاوی کوشتنانە،  بەلام لەم پرسەدا کەلێنی گەورە هەیە لە ڕوماڵ کردن و بەدواداچوون وورد و بەردەوام لەم دۆسیانەدا بۆ دەرخستنی ڕاستی کوشتنەکان ..
بە پێى توێژینەوە جیهانییەکان مەترسییەکانى ئەم جۆرە هەواڵانە لە ئاستێک دایە کە دەبێتە هۆى ئاسانکارى و وەرگرتنى بیرۆکە لاى ئەو کەسانەى کە خۆیان بیرى خۆکوژى یاخود پلانى کوشتنیان هەبێت هەروەها دروست بوونى نەنگى کۆمەلاێیەتى و دەروونى لاى خێزانەکانیان.
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە چاودێرى زیاتر و هەوڵدانى پێکەوەیی دەبیت بۆ ڕێک کردنەەوە و ڕاست کردنەوەى ئەو لادان و چەوتیانەى کە لە دەزگا ڕاگەیاندنەکاندا هەیە.

 

 لەم یاداشتەى ڕێکخراوەکەماندا چەند داواکاریەك دەخەینە ڕوو :  
١-داواکارین بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە ڕێگری بکرێت لە هەواڵی خۆکوژی و کوشتنە کەسییەکان.
٢-ڕێکخراوی خەلك بۆ گەشەپێدان  (PDO)ئامادەیی خۆی دەردەبڕێت بۆ بانگهێشت کردنی کەسانی پسپۆڕ لە بواری دەروون دروستی بۆ هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی لەم بوارەدا.
٣- -ڕێکخراوی خەلك بۆ گەشەپێدان (PDO)ئامادەیی دەردەبڕێت بە ڕێکخستنی ڕاهێنان و سیمیناری هۆشیارکردنەوە و وۆرکشۆپی تایبەت لە لایەن کەسانی پسپۆڕ بۆ شێوازی کارکردنی ئاکاری میدیای کە تایبەت بیت بە هۆشیاری سەبارەت بە دەرووندروستی و دۆسیەکانی خۆکوشن و کوشتن. 
ڕێکخراوی خەڵک بۆ گەشەپێدان (PDO)
١١/٥/٢٠٢١

 

چاوی خەڵک/ تایبەت

Leave a comment